کەرکوک‌و ناوچەکانی مادەی 140..ئەزمونێک بۆ یەکێتیی‌و دەنگی نەتەوەیەک

توێژینەوە و شیکاریی

4 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 207 جار خوێندراوه‌ته‌وه

بەپێی یاسای ژمارە (4)ی ساڵی 2023 ماددەی (7) یاسای هەمواری سێیەمی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران و ئەنجوومەنی پارێزگا رێكنەخراوەكان لە هەرێمێك دا ، بۆ دابەشکردنی کورسیەکان كار بە شێوازی  سانتلیگۆ هەمواركراو دەكرێت بە وەرگرتنی (  1,7).

(1) شێوازی سانتلیگۆی هەموارکراو
شێوازی سانتلیگۆ هەمواركراوە شێوازێکی دابەشکردنی کورسیە بە گرتنەبەری یەک قۆناغ لەدابەشکردنی کورسیەکان و لە سیستەمی نوێنەرایەتی ڕێژەیی پەیڕەو دەکرێت لەگەڵ پەیڕەوکردنی شێوازی لیستی نیمچەکراوە ، كە دەنگە دروستەکانی حزبەكانی پێ‌ دەكرێتە كورسی ، لە هەنگاوی یەكەمدا دەنگە دروستەكانی حزبەكان لە بازنەی هەڵبژاردندا دابەشی(1,7)دەكرێت ، ئەم كارە بەردەوام دەبێـت دەنگی دروستی حزبەكانی دابەشی ژمارە تاكەكان دەكرێت(1,7 (،11,9,7,5,3 )....تا دەرهێنانی تەواوی کورسیەکان .

(2) کەرکوک و دابەشبوونی نەتەوەیی
سەرەڕای دابەشبوونی نەتەوەیی لەم شارەدا ، دوای ڕیفراندۆم‌و (16) ئۆكتۆبەر كەركوك بەبارودۆخێکی ناهەمواردا تێپەڕی، بۆیە کەرکوک باندۆری خۆی بەسەر تەواوی عێراق‌و كوردستان‌و ناوچەكە جێهێشتوە.

دوای ڕیفراندۆم‌و (16) ئۆكتۆبەر، بارودۆخێكی نوێ‌ هاتۆتە ئارا، كورد لەناوچە كێشەلەسەرەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم وەلانراو خرایە پەراوێز، بەڵام لەهەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی ساڵی 2023 جارێکی تر دەرفەت دروستبوو کە دەنگدەرانی کەرکوک بەهەموو پێکهاتەکانیەوە بچنەسەر سندوقی دەنگدان و کۆتایی بە حوکمی داسەپاوی بە وەکالەت بێنن، بەر ئەنجامی ئەو هەڵبژاردنە ئەوەی بیر هێناینەوە کە حیزبە کوردیەکان خوێندنەوەیان بۆ شێوازی سانتلیگۆی هەموارکراوی (1,7) نەبوو، با سەرنجی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان بدەینەوە:

ئەگەر بەوردی سەرنجبدەین ژمارەیەکی یەکجار زۆر لەدەنگدەری کورد بەهەدەردراوە، بۆ نمونە نەوەی نوێ بە(25910)دەنگ تەنها یەک کورسی بەدەستنەهێنا، لیستی هاوپەیمانی مەشخەڵ و سۆسیالست (7276) دەنگیان بەدەستهێنا، بەپێی ئەو ژمارانە لانی کەمی دەنگی کورسیەک بەهەدەر درا لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان، لەگەڵ ئەوەی کورد توانی کۆتایی بە نادادی و حوکمڕانی داسەپا و بکات و پارێزگارێکی کورد بۆ شارەکە دابنێ، بەڵام ناکۆکی و ناتەبایی بەردەوامە، ئەوەی ئێمە دەمانەوێت باسی بکەین لەم بابەتە خوێندنەوەو دەرەنجامە بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران لە پارێزگای کەرکوک، بە سود وەرگرتن لە (هەڵەو داتا و ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی ساڵی2023.

بۆ بەرچاو ڕوونی زیاتر ئەگەر وەک گریمانە ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی ساڵی 2023 ی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک وەک نمونە وەربگرین و بۆ دەرهێنانی ئەنجامی گریمانەیی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران ئەنجامەکان بەم شێوەی خوارەوە دەبن؛ 

 

پارێزگای کەرکوک: 12کورسی، لەگەڵ (1) کورسی کۆتایی مەسیحی (13) هەیە
لە پارێزگای کەرکوک ئەگەر سەرنجی دەنگی حیزبەکان بدەین و بە پێی دابەشکاری سیستەمی سانتلیگۆی هەموار کراوی ( 1,7) بەرکەوتەی حزبەکان لەژمارەی کورسی بەم شێوەی خوارەوە دەبێت، یەکێتیی (4) کورسی، پارتی (1) کورسی، پێکهاتەی عەرەب (5) کورسی‌و تورکمان (2) کورسی.

بەوردبونەوه‌ لەئەنجامەکان دوبارە هەڵەی حزبەکانمان بۆ ڕوندەبێتەوە، لەم هەڵبژاردنەش کورد نەیتوانیی خوێندنەوەی ورد بۆ سیستەمەکە بکات، باشترین بژاردە بۆ کورد ئەوەبوو بەدوو لیست بەشداریی هەڵبژاردن بکات بەمەش لانی کەمی (6) کورسی مسۆگەردەکرد.

چی بکرێت لەئێستادا:
لێرەدا ئەوەی گرنگە شرۆڤەی بکەین‌و بڕیاری لەبارەیەوە گەڵاڵە بکەین ڕاوبۆچونی کەسی نییە، لایەنگیریی‌و هەواداری حزبی نییە، میزاج‌و بەرژەوەندیی کەسی نییە، بەڵکو بڕیارو دەرنجامی داتاکان‌و سیستەمەکەیە، ئەو سیستەمە پێماندەڵێت ئەو حزبانەی پێگەی جەماوەریان گەورە نییە دەنگی کورد دەسوتێنن، بۆیە وەک چۆن لەهەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان دەنگی نەوەی نوێ‌و لیستی مەشخەڵان‌و سوسیالست سوتا، چاوەرێدەکرێت لەم هەڵبژاردنەش بەهەمانشێوە دەنگی بەشی زۆری لیستە کوردیەکان بسوتێن.

ئەی چارە؟ دڵنیام هەمومان هاوڕاین حزبە کوردستانیەکان لەکەرکوک‌و ناوچە دابڕێنراوەکان خەتابارو کەمتەرخەمن، بەڵام ناکرێت ئێمەی کوردو شاره‌زایانی بواری داتاو هەڵبژاردن بەرچاو ڕونی نەدەینە دەنگدەرانی کورد لەناوچە دابرێنراوەکان‌و پێیان نەڵێن تکایە وریابن‌و هۆشیاربن، با دەنگتان نەسوتێ، تکایە تکایە بادەنگت نرخی هەبێت، لەم هەڵبژاردنە سیستەمەکە زۆر غەددارە لیستە بچوک‌و مامناوەندەکان دەنگەکانیان بەهەدەر دەروات، من لێرەدا قەوانی کوردایەتی‌و دڵسۆزی بەئێوە نافرۆشمەوە، بەڵام بەماف‌و ئەرکی نیشتمانی خۆمی دەزانم بڵێم دەنگدەری ناوچە کوردستانیەکانی دەره‌وەی ئیدارەی هەرێم تکایە دەرفەتێکی تر بدە بەئایندەی ناچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، بۆیە ئەرکی هەموو دڵسۆزانە بەهەموو چین‌و توێژەکانەوە لەهەر پلەو پۆستێک بن‌و سەر بەهەر حزب ڕێکخراوێک بن، دڵسۆزانە بۆ پرسی کەرکوک‌و ناوچەکانی سنوری مادەی 140 کۆک‌و یەکدەنگ بین، با هەموومان بەیەکەوە هەوڵبده‌ین لەم قۆناغەش پێگەی کورد بەهێز بکەین لەکەرکوک‌و دیالەو حەمرین‌و نەینەواو واست‌و کۆتای کوردی فەیلی لەبەغداو کۆتای کوردی شەبەک‌و ئێزدی لەنەینەوا بۆ نوێنەرایەتی‌و بەشداریی لەحوکمڕانی عێراقی فیدراڵ.

(4) پوختەی كەلام:
بەبڕوای ئێمە، تا جێبەجێکردنی مادەی ( 140) دەستورو هەڵبژاردن لەناوچەکەکانی دەروەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان گرنگء چارەنووسازە، هەم هەڵبژاردنێکی ستراتیذیە، چونكە تەنها ئەنجامەکانی هەڵبژاردن دەتوانن پێگەی کورد بگەرێنێتەوە، دەنگء پێگەش بەكورسی دەپێورێت واتە گەر كورد 50% دەنگ بێنێت، بەڵام ژمارەی كورسیەكانی (1+50) یان نیوەی کورسیەکانی نەبێت، ئەم ئەنجام دڵخۆشكەر نابێت بۆیە جێگةی خۆیەتی داوا لەو حزبە کوردیانە بكەین كە دەبنە هۆكاری سوتاندنی دەنگی كوردان، دان بەخۆیانا بنێن خۆ نەویستانە داوا لەدەنگدەرانیان بكەن بەرژەوەنديی نەتەوەيی پێش بەرژەوەنديی حزبی بخەن، کاتیش ماوە بۆ ئەو دەستپێشخەریە، هەروەها جێگةی خۆیەتی داوابکەین ئەم پرسە بکرێتە پرسێکی نیشتیمانیء پرسی هەموومان، داوا لەدەنگدەرانی سنوری ناوچەکێشەلەسەرەکان بکەین بەشداری دنگدان بکەن ، جێگای خۆیەتی داوا لە تەوای چین و توێژەکانی هەرێمی کوردستان بکەین دەست بکەن بە هەڵمەتی ‌هەڵبژاردن بۆ هاندانی خوشک برایانمان لەناوچە کێشە لەسەرەکان بەمەبستی بەشداری کردن لەم هەڵبژاردنە ، ئەم هەڵبژاردنە پەیوەندی بە هەرتاکێکی کوردەوە هەیە ، ئەم هەڵبژاردنە پرسێکی نیشتیمانیە و پرسی هەمووانە ، با ئەم جارەش دەنگدەران گەورەیی خۆیان بنوێن و پرسی نیشتمان بخەنە سەروی پرسەکانی تر.

سلێمان مستەفا حەسەن