به‌رۆشكى له‌زیندانى ئاسایشى هه‌ولێره‌و له‌دهۆكه‌وه‌ به‌ساڵێك زیندانى سزادرا

کوردستان

23/09/2021‌ 1459 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بەتۆمەتی ناوزڕاندنى پارێزگارو پۆلیسى دهۆك لەفەیسبوك ڕۆژنامەنوس ئۆمێد بەرۆشكی لەدادگای دهۆك بەساڵێك زیندانی حوكمدرا، ڕێكخراوی (CPT)یش لەسەر ئه‌و كەیسە ڕایگه‌یاندوه‌، "بەدرێژایی ماوەی 13 مانگ زیندانیکردنی، ئومێد تائێستا لەزینداندا چاوی بەپارێزەرەکانی نەکەوتوە"، هاوكات سه‌رچاوه‌یه‌ك به‌شارپرێسى وت:"یه‌كێكى دیگه‌ له‌گیراوانى بادینان خوێن له‌ده‌م‌و لوتى دێت‌و ته‌ندروستى به‌ته‌واوى تێچكچوه‌".


ئەمڕۆ دادگای دهۆك سێ دۆسیەی لەسەر ڕۆژنامەنوسی زیندانیكراو له‌زیندانى ئاسایشى هه‌ولێر ئومێد بەرۆشكی كردەوە، دوو كەیسی یەكلاكردەوە بەتۆمەنی ناوزڕاندنی پۆلیس‌و پارێزگاری دهۆك‌و له‌به‌رامبه‌ریشدا هەریەكەیان بەسزای زیندانیكردنی (6) مانگ‌و دۆسیەی سێیەمی دواخست بۆ 17ى 10ى ئه‌مساڵ.

له‌به‌رامبه‌ریشدا ڕێكخراوی (CPT) لەسەر كەیسەكەی ئۆمێد پەرۆشكی نوسیویەتی ئومێد لەمانگی ئابی 2020دا دەستگیرکراو لە22ی حوزەیراندا، بەتۆمەتی ناوزڕاندنی ئاسایش‌و دادگا، بەسزای ساڵێک زیندانیکردن حکومدرا، ھەر لە22ی حوزەیرانیشدا، بەتۆمەتی جێبەجێنەکردنی ڕێنماییەکانی ئیدارەی پارێزگای دھۆک بەپێبژاردنی 200 ھەزار دیناری عێراقی حکومدرا.

ئه‌وه‌شى باسكردوه‌، لەدانیشتنی دادگایی ئەمڕۆ 23ی ئەیلولدا، بەتۆمەتی ناوزڕاندنی پارێزگاری دھۆک‌و پۆلیسی دھۆک، بەساڵێکی تر زیندانیکردن حکومدرا‌و دانیشتنی دادگاییکردنی لەسەر دۆسیەی ناوزڕاندنی پەرلەمانتاری پارتی "مەلا ئیحسان" بۆ کاتێکی نادیار دواخرا.

باس له‌وه‌شكراوه‌، لە15ى ئەیلولدا، بەتۆمەتی سیخوڕیکردن‌و ئەنجامدانی کاری تێکدەرانە، ئومێد بەرۆشکی لەدادگای تاوانەکانی ھەولێر ئامادەبوو بەبیانوی ئامادەنەبونی دادوەر دانیشتنەکە بۆ 12ی تشرینی یەکەم دواخرا.

ڕێكخراوه‌كه‌ ئاشكراشیكردوه‌، بەدرێژایی ماوەی 13 مانگ زیندانیکردنی، ئومێد تائێستا لەزینداندا چاوی بەپارێزەرەکانی نەکەوتوەو پڕۆسەی لێکۆڵینەوەکەشی بەبێ ئامادەبونی پارێزەرەکانی بەڕێوەچووەو لەئێستاشدا ئومێد لەمانگرتندایە.

له‌لایه‌كى دیكه‌وه‌ سه‌رچاوه‌یه‌ك به‌شارپرێسى ڕاگه‌یاند، گۆهدار محه‌مه‌د یه‌كێك له‌گیراوانى بادینان كه‌ ئێستا له‌زیندانى ئاسایشى گشتى هه‌ولێره‌، به‌هۆى مانگرتنى له‌خواردن ته‌ندروستى به‌ته‌واوى تێچكچوه‌و خوێن له‌ده‌م‌و لوتیه‌وه‌ دێت.