لەبەختەوەرییەوە بۆ بەدبەختی...سەبارەت بەڕۆمانی لافاو

مەلەفی تایبەت

24/11/2021‌ 904 جار خوێندراوه‌ته‌وه

ڕانانی: ئیدریس عەلی

ڕۆمانی (لافاو) یەکێکە لەشاکارە جوانەکانی نوسەری ناوداری فەڕەنسی (ئێمیل زۆلا)و لەلایەن نوسەرو وەرگێڕ (ئەردەڵان عەبدوڵڵا)ەوە، بەشێوەیەکی جوان‌و سەرنجڕاکێش وەرگێڕدراوەتەسەر زمانی کوردی، ئەم ڕۆمانە یەکێک لەو کۆمەڵە کتێبە نوێیەی کە دزگای چاپ‌و پەخشی سەردەم، لەپێشانگای نێودەوڵەتی کتێبدا، ڕۆژی 18ى ئه‌م مانگه‌ لەشاری سلێمانی بەشدارییكرد.

وەرگێڕی ئەم کتێبە شارەزاییەکی باشی لەدنیای فراوان‌و فرەڕەهەندەکەی ئەم نووسەرە گەورە فەڕەنسییە هەیەو پێشتریش لەدووتوێی کتێبێکدا لێکۆڵینەوەی خۆی سەبارەت بەژیان‌و ڕەهەندەکانی ئەم نوسەرە چاپ‌و بڵاوکردۆتەوە، بێگومان هەر وەرگێڕێک بەم ڕادەیە مەعریفەو شارەزایی لەسەر هەر نووسەرێکی جیهانی هەبێت، چاوەڕێی ئەوەی لێدەکرێت جوانترین‌و بێگرێترین وەرگێڕان پێشکەش بەکتێبخانەو خوێنەری کوردی بکات.

ڕۆمانی لافاو، بەسروشتی خۆی ڕۆمانێکە تێیدا خوێنەر بەر چەندین ئاست لەژیان، دۆخ‌و جیاوازو تێما دەکەوێت، دیارترینیان بوونی ململانێی مرۆڤە لەگەڵ دیاردەو کارەساتە سروشتییەکاندا، ئەوەش لەپێناو مانەوە لەژیاندا، هاوکات ئەو دیوە پەنهانەی مرۆڤمان پیشاندەدات کە لەناخی خۆیدا هەڵگری چەندین تایبەتمەندیی سروشتیی‌و خودییە، لەوانەش بوونی تەماع‌و باوەشکردن بەژیانداو بینینی هەموو شتەکان لەچوارچێوەی قازانجپەرستی‌و هەوڵی زیاترو پتر بۆ پاوانکردنی هەموو شوێنەکان بۆ خودی خۆی.

ڕۆمانی لافاو بەقەبارە گچکەیە‌و خوێنەری وریا لەماوەی تەنها یەک کاتژمێردا تەواوی دەکات، بەڵام لەناوەڕۆکدا بێئەنداز گەورەیەو زۆرێك لەڕووداوو دیمەن‌و کەسایەتییەکانی تا ماوەیەکی زۆری داهاتوو، لەخەیاڵ‌و زیهنی خوێنەردا دەمێنێتەوەو بەردەوام دەیانهێنێتەوە پێشچاوی خۆی، چیرۆکی سەرەکیی ڕۆمانەکە لەڕووداوێکی واقیعییەوە وەرگیراوەو ئەمەش یەکێکە لەتایبەتمەندییەکانی نووسینی (ئێمیل زۆلا)و بەو شێوازەوە بەرهەمەکانی دەناسرێنەوە، بەڵام لەسەر ئاستی زمان‌و تەکنیک‌و ڕووداوو شێوازی گێڕانەوە شاعیریانەکەی، بەئەندازەیەک هونەراندوویەتی، کە خوێنەر کتومت وا هەستدەکات لەبەردەم شاشەیەکی گەورەی سینەمادایەو ڕووبەڕوو بەر دیمەنە ترسناکەکان‌و ڕوخساری تۆقیوو ناخی هەڵچووی کاراکتەرەکان دەکەوێت.

ئەم ڕۆمانە یەک مانگ دوای کارەساتە سروشتییەکە نووسراوەو تێیدا شاپاڵەوانی حیکایەتەکە ژیانی ڕابردووی خۆی دەگیڕێتەوە، بەدەستپێکێکی بەهێز کە تێیدا خۆی دەناسێنیت، خوێنەر وەدووی خۆی دەخات‌و دەیانبات بست بەبستی ئەو شوێنانەیان پیشاندەدات کە کارەساتە تراژیدییەکە ڕوویداوە، یەک ئەو کارەکتەرانەیان پێ دەناسێنێت کە هەندێکیان لافاوەکە ڕایماڵین‌و غەرقی مەرگیکردن، هەندێکیشیان لەململانێی نێوان مەرگ‌و ژیاندا، بڕست‌و حەوسەڵەیان نامێنێت‌و بەجۆرێک دووچاری دۆخی شێواوی دەروونی دەبنەوە کە تەنها دەریچەیەکی ڕزگاربوون لەلەخۆکوشتندا دەبیننەوە.

لویس ڕۆبیۆ، پاڵەوانی ڕۆمانی (لافاو)ە، جوتیارێکی بەختەوەرەو خۆی گوتەنی لەئاسمانەوە خێرو قازانج‌و بەرەکەت باریوە بەسەر خۆیی‌و کێڵگەو ئەرزەکانیدا، تەمەنی حەفتا ساڵەو لەگوندی سان ژوری دەژی، هاوسەرەکەی مردووەو ئەم لەخانوە گەورەکەیدا نە ئارامی لەگەڵ کوڕو کچ‌و براو  نەوەکانیدا دەژی، لویس، زۆر بەوردی باس ئاکنجیانی خانوەکەی دەکات، ناوی یەک بەیەکیان‌و سروشت‌و تەمەن‌و ئاستی خێزاندارییان دەخاتەڕوو، ڕەنگە خوێنەر لەسەرەتادا پێیوابێت ناساندنی ئەم کەسانە زیادەن، بەڵام لەگەڵ بەرەوپێشچوونی ڕەوتی ڕووداوەکاندا خوێنەر بۆی دەردەکەوێت کە ئەو وردەکارییە چەند گرنگ بووە لەناساندیاندا.

لەماڵەکەی لویسدا، لەگوندە ئارامەکە، هەمووشتێک بەپێی یاساو نەریتی تایبەت بەخۆی بەڕێوەدەچێت، هەموان کارو وەزیفەی خۆیان دەزانن‌و تەنانەت لەکاتی نانخواردن‌و دانیشتیان بەدەوری مێزەکەدا، هەرکەسەو بەپێی تەمەن‌و جێگەو ڕێگەی خۆی کورسی بۆ دانراوە، گەورەکان لەبەشی سەرەوەو بچووکەکانیش لەبەشی خوارەوە، لویس لەو جوتیارە بەختەوەرانە بوو کە هەموو شتێک لەبەرژەوەندیی ئەودابوو، قازانجێکی زۆری لەکێڵگەو ئەرزەکانی دەستدەکەوت، ئەمەش وای لێکردبوو لەجووتیارێکی سادەوە خەریکبوو وردە وردە سروشتی چینایەتی دەگۆڕا بەکەسێکی دەوڵەمەندو خاوەن موڵک‌و زێدەبایی‌و سەرمایە، هەربۆیە لەگەڵ ئەو گۆڕانە چینایەتییەدا، خەون‌و بیرکردنەوەکانی ئەمیش گۆڕانیان بەسەرداهات، خەونەکانی بۆ فراوانبوونی زەوی‌و زارەکەی‌و ئەسپ‌و مەڕوماڵاتەکەی زیاتر بوو، چاوی لەوەبوو خانوەکەی بکات بەچەند قاتێک‌و کاتێک هەرکام لەنەوەکانی بچنە ژیانی هاوسەرییەوە، ئەم قاتێکی دیکە بۆ خانوە گەورەکەی زیاتر بکات، بیری دەکردەوە لەداداهاتوودا خانووەکەی سەری دەگاتە هەورو بزەیەکی تێرو تۆخ ڕۆ دەنیشتە سەر لێوەکانی‌و دڵی تژی دەبوو لەشادی.

بەگشتی لای پیرەی جووتیاری بەختەوەر پێوەری شانس‌و بەخت ئەوەیە کەسەکان لەگەڵ یەکدیدا شەڕ نەکەن پارەی زۆر کۆبکەنەوەو نەوەی زۆر بخەنەوە، بۆ خۆیشی هەروای کردووە، پارەی زۆری کۆکردۆتەوەو کەسێکی بێکێشە بووەو نەوەی زۆری خستۆتەوە.

یەکێک لەحیکمەتەکانی ئەم ڕۆمانە ئەوەیە کە فێرمان دەکات چاوی تەماع‌و بەرژەوەندیخوازیمان هێندە زۆر نەبێت، فێرمان دەکات کە پارە‌و سەرمایە ناتوانن مرۆڤلەهەندێک قەیران‌و دۆخی تەنگانەدا بپارێزن، بۆ ئەم مەبەستەش (ئێمیل زۆلا) ڕەوتی ڕووداو گێڕانەوەکە لەدۆخێکەوە دەبات بۆ دۆخێکی تر، ئەو ژیانە ئارامەی باڵی بەسەر گوندەکەدا کێشاوە دەشێوێت‌و مەرگی بەکۆمەڵی مرۆڤ‌و درەخت‌و ئاژەڵان، لەبەرگی لافاوێکی دڵڕەق‌و بێڕوحمدا ناوچەکە بەتاریکی دەتەنێت‌و چ هیوایەکیش نامێنێت‌و (لویس) لەجووتیارێکی بەختەوەرەوە دەبێت بەبەدبەختێکی تەنیاو نە سامانەکەی بۆ دەمێنێتەوە، نە هیچ کام لەمنداڵ‌و نەوەکانی.

بەهۆی بەردەوامیی شەست سەعات بارانبارینەوە، ڕووباری نزیک گوندەکە پڕ دەبێت‌و لافاو بەپانتایی ناوچەکەدا بڵاودەبێتەوە، لویس کاتێ هەست بەگەیشتنی مەترسی دەکات بۆ سەر ماڵەکەی، سەرجەم ئەندامانی خێزانەکە دەباتە قاتی سەرەوەو بەو ئومێدەی لافاوەکە دامرکێتەوەو مەرگ زەفەریان پێنەبات، یەکێک لەدیمەنە جوان‌و سەرنجڕاکێشەکانی ئەم بەشە ئەوەیە سیمای سەرجەم ئەندامانی خێزانەکە ترس دایدەگرێت، دڵەڕاوکەو تێکچوونی باری دەروونیان دەگات بەشوێنێک کە چیدی بڕوایان بەوە نامێنێت کەسیان بەسەلامەتی لێی دەرچن، لەم دیمەنه‌دا مرۆڤگەلێک بەرجەستە دەبن کە بەهەموو شێوازێک ململانێ دەکەن لەگەڵ مەرگدا، ژیان‌و شیرینی‌و چێژەکانی ژیان لەوساتەدا سەد بەرابەر بەهاو گرنگیی زیاتر پەیدادەکات، لەچاوی هەرکەسێکدا بڕوایەک دەبینرێت کە وەک مۆم لەبەردەم زریانی مەرگدا خەریکە دەتوێتەوە، نوسەر بەجۆرێک ترس‌و هەڕەشەی مەرگی لەڕێگەی لافاوەکەوە وێناکردووە، کە هیچ خوێنەرێک نییە وا هەستنەکات خۆی یەکێکە لەقوربانییەکان.

سەرەنجام دۆخی ئەندامانی خێزانەکە بەشوێنێک دەگات، کە هەریەکەیان بەجۆرێک دەبنە قوربانی‌و لافاوەکە ڕایاندەماڵێت، بەڵام غەمگینترینیان ئەوانەن کە هیچ هیوایەکیان بەژیان نامێنێت‌و لەپرۆسەیەکی خۆکوژیدا خۆیان هەڵدەدەنە نێو لافاوەکە، ڕۆژی دواتر کە ناوچەکە ئارام دەبێتەوەو خۆر هەڵدێت، پیرەی جووتیاری بەدبەخت خۆی تاک‌و تەنیا دەبینێتەوەو لەدۆخێکی نائارامدا بڕیاردەدات کە هەرچی لەکێڵگەو سەروەت‌و سامان‌و زەوییەکانی هەیە یبەخشێت بەو خێزانانیە کە منداڵیان هەیە، ئەو کارەساته‌ سروشتییەو دۆخە غەمگینەی دوای مردنی سەرجەم منداڵ‌و براو نەوەکانی ڕووبەڕووی دەبێتەوە، گۆڕانێکی ئەووتۆ لەشێوازی ژیان‌و بیرکردنەوەیدا دروستدەکەن، کە خوێنەر لەشوێنی خۆیەوە نەفرەت بۆ ئەوانە دەنێرێت کە تێرنابن لەژیانداو چەندیان هەبێت، هێشتا هەر چاوەڕێی زیاتر دەکەن.

لەڕاستیدا ئەم نووسینە هیچ نییە جگە لەهەوڵێکی سادەو بەزمانێکی سادە، بۆ ئەوەی خوێنەر هانبدەین خۆیان لەچێژو جوانیی ئەم ڕۆمانە بێبەشنەکەن.