مه‌سرور بارزانى 21 ملیار دینار بۆ هه‌ولێر ته‌رخانده‌كات

کوردستان

12/05/2022‌ 1043 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

وه‌زاره‌تى شاره‌وانى‌و گه‌شتوگوزارى حكومه‌تى هه‌رێم ئاشكرایده‌كات، مەسرور بارزانی ڕەزامەندی نیشانداوه‌ بەخەرجكردنی نزیكەی 21 ملیار دینار بۆ پڕۆژەی ئاوی ئیفراز 3 لەهەولێر.


له‌ڕاگه‌یه‌نراوێكى ئه‌و وه‌زاره‌ته‌دا هاتووه‌، "لەسەر بودجەی وەبەرهێنانی وەزارەتی شارەوانی‌و گەشتوگوزار، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم ڕەزامەندیداوه‌ بەخەرجكردنی گوژمەی نزیكەی 21 ملیار دینار بۆ جێبەجێكردنی پڕۆژەی پاراستنی بۆریی گوێزەرەوەی ئاوی ئیفراز 3 لەشاری هەولێر".

ئەمەش لەكاتێكدایە پێشتر وەزارەتی شارەوانی‌و گەشتوگوزارو بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاوو ئاوەڕۆ، ژمارەیەك ڕاپۆرت‌و پێشنیازیان بۆ جێبەجێكردنی پڕۆژەیە بۆ سه‌رۆكایه‌تى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران بەرزكردووەتەوە.

له‌و ڕووه‌شه‌وه‌ وه‌زاره‌تى شاره‌وانى باسى له‌وه‌كردووه‌، "خۆشبەختانە لەڕێككەوتی 28ى مانگى ڕابردوو مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت ڕەزامەندی نیشانداوه‌ به‌خەرجكردنی ئەو گوژمەی پاره‌یه‌ بۆ پڕۆژه‌كه‌ كە كاریگەری زۆری باشى هه‌یه‌ بۆ پرۆسەی بەرهەمهێنان‌و دابەشكردنی ئاوی خواردنەوە بۆ هاووڵاتییانی هەولێر".

جه‌ختیشیكردۆته‌وه‌، "ئەو گوژمەیە بەشێوەی نەختینەو بەقۆناغ لەسەر بودجەی وەبەرهێنانی وەزارەتی شارەوانی‌و گەشتوگوزار بەمەبەستی جێبەجێكردنی پڕۆژەی پاراستنی بۆری گوێزەرەوەی ئاوی ئیفراز 3 لەهەولێر خەرجدەكرێت".

ش.هـ