شارپرێس:
لەبرادۆست بۆ 11مین ڕۆژ لهسهریهك، تۆپبارانی چڕی کۆماری ئیسلامی ئێران بەردەوامەو جوتیارانیش سهربارى ئاوارەبونیان، زیانێكى زۆرى مادیشیان پێگهیشتوه، جوتیارێكى سنورهكهش دهڵێت:"تەواوی جوتیارانی کوێستانی هۆڕنێ شوێنەکانیان جێهێشتوە".
پەیامنێری شارپرێس لەسنوری برادۆست ئاشکراشکرد، ئەمڕۆ سێشەممە جارێکی تر سوپای پاسدارانی ئێران کوێستانی هۆڕنێو بەربزینو گەروی سنگاى تۆپبارانکردەوەو زیانی زۆری بەجوتیارانو گوندنشیان گەیاندهوە.
وتیشی، دوێنیش جوتیاران شوێنەکانیان لەکوێستانی هۆڕنێ بەجێهێشتو ناڕەزاییان دەربڕیو داوای بەهاناوەچوونیان کرد كه حکومەت قەرەبوی زیانەکانیان بکاتەوە.
ئهم ڤیدیۆیه لهلایهن جوتیارێكى سنورى برادۆستهوه تایبهت بۆ شارپرێس نێردراوه
ئومێد حهسهن جوتیارێکی ناوچەکەیە بۆ شارپرێس وتی، "بەهۆی تۆپبارانی کۆماری ئیسلامی ئێران زیانی زۆرمان پێگەیشتوە تەواوی جوتیارەکان کاروکاسبی خۆیان بەجێهشتوە".
ئاماژهى بهوهشدا، "ناتوانین بگەڕێینەوە بۆ سەر کاروکاسبی خۆمان، بارودۆخی ناوچەکە زۆر خراپو ئاڵۆز بوه".
ئهوهشى ڕونكردهوه، "تەواوی جوتیارانی کوێستانی هۆڕنێ شوێنەکانیان جێهێشتوەو کاروکاسبی ئەمساڵیان بەتەواوی لەناوچوە، چونکە تۆپبارانەکە بەبەرهەمی تەماتەیان گەیشتوەو زیانهكانیشیان زۆره".
ناوبراو دەشڵێت:"نزیکەی 100 جوتیار زیانیان پێگەیشتوە كه بەدەیان ملیۆن دینار دەخەمڵێندرێت، بهڵام بهداخهوه تائێستا لەلایەن حکومەتى ههرێمهوه هیچ لیژنەیەک پێکنەهاتوە بۆ دیاریکردنی بڕی زیانەکانی هاوڵاتیانو جوتیارانو هیچ كهسیش لێمان ناپرسێتهوه".