به‌بڕیارێكى حكومه‌تى هه‌رێم دوو ملیۆن‌و 500 هه‌زار له‌موچه‌و ده‌رماڵه‌ى ڕاوێژكاره‌كان كه‌مده‌كاته‌وه‌

کوردستان

19/10/2022‌ 4305 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بڕى دوو ملیۆن‌و 500 هه‌زار دینار له‌موچه‌و ده‌رماڵه‌ى ڕاوێژكارانى حكومه‌ت كه‌مده‌كرێته‌وه‌و بەرپرسێکی ئەنجومەنی وەزیرانیش چه‌ند زانیارییه‌كى گرنگ له‌وباره‌یه‌وه‌ ئاشكراده‌كات، ده‌شڵێت:"هیچ گه‌نده‌ڵیه‌كمان نه‌كردوه‌و حكومه‌ت به‌گوێره‌ى یاسا ئه‌و بڕیاره‌یداوه‌".


ساناو فەرەیدون جوانڕۆیی سەرۆكی فەرمانگەی كارگێڕیی‌و دارایی ئەنجومەنی وەزیرانی هه‌رێم به‌میدیاى نزیك له‌پارتى وتوه‌، "موچەی ڕاوێژكاران چاکسازیی دارایی‌و کارگێڕیی تێداکراوە، دەرماڵەیان کەمکراوە، فرە دەرماڵەیی نەماوە، هەروەها پێشتر هەریەکەو بەشێوازێک دەبوە ڕاوێژکار، ئێستا هەموی یەک پلەو موچەو دەرماڵەیان دەبێ"

وتیشی:"چاکسازیی دارایی‌و کارگێڕیی لەموچەی ڕاوێژكاراندا کراوە، ناونیشان‌و دەرماڵەکان یەکخراون، جیاوازیی دەرماڵە نەماوە، دیارە پێش ئەم بڕیارە دوو جۆر ڕاوێژکار هەبوو (ڕاوێژکار پلە ئەلف‌و ڕاوێژکاری پلە با) ئەمەش جیاوازیی دروستدەکرد لەپلەبەندیی ڕاوێژکاران، ئێستا جیاوازییەکە نەماوەو سەرجەم ناونیشانەکان بوە بەڕاوێژکارو موچەو دەرماڵەکانیان وەک یەکە".

به‌رپرسه‌كه‌ى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران ئەوە ڕەتدەکاته‌وه‌ كە لەو بابەتەدا گەندەڵیان كردبێت، بەپێچەوانەوە، وه‌كو ئه‌و وتویه‌تى:"ئەم بڕیارە لەچوارچێوەی پیادەکردنی بەرنامەی چاکسازیی کارگێڕیی‌و دارایی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم دراوەو بنەمای دادپەروەیی ڕەچاوکراوە".

وەزارەتی دارایی ڕێنمایی دارایی ژمارە 13ی لە 5ی 10ی 2022 دەركردوەو ئاماژەى بەوەداوە، لەپێناو یەكخستنی موچەو دەرماڵەی ڕاوێژكاران لەهەرێمی كوردستان، ئەو بڕیارەیان دەركردوە ئه‌وه‌ش له‌پێناو یەكخستنی موچەو پلەو مەرتەبەو دەرماڵەی ڕاوێژكارانه‌ كە بەپلەی (ئەلف) مەرتەبە (1) دادەمەزرێن، بەموچەی دوو ملیۆن‌و 415 هەزار دینار.

به‌گوێره‌ى زانیاریه‌كانى وەزارەتی دارایی، سه‌رجه‌م ڕاوێژكارەكان دەرماڵەی (ئیستیسنائی) بەبڕی دوو ملیۆن دیناریان بۆ خەرجدەكرێت، كە سێ ڕێنمایی هەن لەساڵی 2009و 2014دا دەرچونە، سه‌رجه‌م ئەوانە ڕادەگیرێن جگە لەو ڕێنماییه‌ى ئێستا كار بەهیچ ڕێنماییه‌كى دیكە ناكرێت.

بەپێی ڕێنمایی ژمارە 8ی دارایی كە ساڵی 2014 دەرچوە، دەرماڵەی تایبەتی ڕاوێژكاران سێ ملیۆن دینار بوە، بەڵام ڕێنوێنیی تازە یەك ملیۆن دیناری لەو دەرماڵەیە كەمكردۆتەوە، دەرماڵەیەكی دیكەش هەبوە یەك ملیۆن‌و 500 هەزار دینار بوو، ئەو دەرماڵەیەش بەپێی دوایین رێنوێنی دارایی هەڵوەشاوەتەوە.

میدیاى نزیك له‌پارتى باس له‌وه‌شده‌كات، دەست لەموچەی بنەڕەتییان نەدراوە، دەرماڵەی جۆراوجۆر هەبوە، ئێستا بۆتە یەكجۆر دەرماڵەو دەرماڵەی سێ ملیۆن دیناری نەماوە.

ش.هـ