بانكی ناوەندی بەڵێنی تەرخانكردنی بودجەیەك دەدات بۆ تەواو كردنی ڕێگای كەلار - دەربەندیخان

کوردستان

13/02/2023‌ 869 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس
دوای ١٠ رۆژ لە راگرتنی بەھۆی نەبوونی بودجەوە، بانکی ناوەندی ھەرێم لە سلێمانی بڕیاریدا بۆ تەواوکردنی پرۆژەی رێگای کەلار - دەربەندیخان، ھەفتانە بڕی ٢٥٠ ملیۆن دینار بۆ کۆمپانیای جێبەجێکار تەرخانبکات و نەختینەی پێویستیش بۆ کۆمپانیای جێبەجێکاری پرۆژەی رێگای کەلار - کفری دابین بکات.

جەلال شێخ نوری سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان و بەڕێوەبەری یەکە ئیدارییەکانی گەرمیان، لەگەڵ د. ماکوان بەڕێوەبەری گشتی بانکی ناوەندی ھەرێم لە سلێمانی کۆبوونەوە و گفتوگۆ لەبارەی پرۆژە راگیراوەکانی گەرمیان کرا.

د. ماکوان جەمیل رایگەیاند، بۆ تەواوکردنی پرۆژەی رێگای کەلار - دەربەندیخان، ھەفتانە بڕی ٢٥٠ ملیۆن دینار بۆ کۆمپانیای جێبەجێکار دابیندەکەن و نەختینەی پێویستیش بۆ کۆمپانیای جێبەجێکاری پرۆژەی رێگای کەلار - کفری دابیندەکەن بە مەرجێک کۆمپانیای جێبەجێکاری ھەردوو پرۆژەکە رێژەی ئەنجامدراوی بەرچاویان ھەبێت.

بەڕێوەبەری بانکی ناوەندی ھەرێم وتیشی: شایستە داراییەکانی تەندروستی گەرمیان کە مانگانە ١٥٠ ملیۆن دینارە وەک خۆی بەردەوام دەبێت بۆ دابینکردنی پێداویستیەکانیان و ھەروەھا بەپێی زیادکردنی کاش کاردەکەن بۆ دابینکردنی پارەی دەرمانی تەندروستی گەرمیان ھاوشێوەی شارەکانی تر.

داواشیکرد ئیدارەی گەرمیان لیستی پرۆژەکان، بەپێی گرنگی ئاڕاستەی بانکی ناوەندی سلێمانی بکات بەمەبەستی دابینکردنی نەختینەی پێویست بۆ تەواوکردنیان.

پرۆژەی ڕێگای كەلار - دەربەندیخان لە ساڵی 2018دا دەست بەكاركردن تێیدا كراوە و دەبوایە لە ساڵی 2021دا تەواو ببوایە، بەڵام بەهۆی خەرجنەكردنی بودجەوە هێشتا نیوەی كارەكانی تەواوبووە. س.س