كۆدى موچه‌ بۆ فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێم دروستده‌كرێت

کوردستان

02/03/2023‌ 2997 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بەرپرسێكی باڵاى حكومه‌تی هه‌رێم، وردەكاریی پڕۆسەی تەواوكردنی 600 هەزار كۆدی بێ هاوتای فەرمانبەران ئاشكرادەكات‌و ڕایگه‌یاند، "ئەو كۆدە بۆ موچەو هەموو زانیارییەكانی فەرمانبەران‌و مووچەخۆران، دەبێتە بنەمایەكی سەرەكی".


د. عه‌بدولحه‌كیم خه‌سرەو سه‌رۆكی فه‌رمانگه‌ی هه‌ماهه‌نگی‌و به‌دواداچون لەحكومه‌تی هه‌رێم بۆ میدیاى نزیك له‌پارتى وتویه‌تى، "لەچەند مانگی داهاتودا موچەی چەندین وەزارەت بەئەلیكترۆنی‌و بەبانكیی دەكرێت‌و پڕۆسەكە هەموو وەزارەت‌و موچەخۆران دەگرێتەوە".

ده‌شڵێت:"ئێستا نزیكەی 600 هەزار (یوپی ئێن)مان دروستكردوە، كە پێی دەوترێت كۆدی هاوتاو تایبه‌ت بۆ فەرمانبەران دروستكراوە، هەر فەرمانبەرێك یان ئەوانەی لەڕیزی پێشمەرگەدان، دەبێت كۆدی خۆیان هەبێت، كە بەكۆدی بایۆمەترییەوە بەستراوەتەوە، ئەو كۆدە بۆ موچەو هەموو زانیارییەكانی فەرمانبەران‌و موچەخۆران دەبێتە بنەمایەكی سەرەكی".

ئەژماری كۆدی بێ هاوتا بۆ 600 هەزار لەفەرمانبەرانی شارستانی‌و سەربازیی دروستكراوە، دواتر پڕۆسەكە هەموو فەرمانبەران‌و موچەخۆران دەگرێتەوە.

عه‌بدولحه‌كیم خه‌سرەو ئەوەشیخستەڕوو، ئەوە كۆدی بێ هاوتایە، بەگوێره‌ى یاسای چاسازیی كاری لەسەردەكرێت، ئەو كۆدی بێ هاوتایە دەبێتە بنەمایەك بۆ دروستكردنی ئەژماری بانكی بۆ فەرمانبەران‌و لەماوەیەكی نزیكدا ئەو كۆدی بێ هاوتایە بۆ هەموو فەرمانبەران دەستبەر دەبێت‌و ئەو سیستەمە كاری پێدەكرێت‌و سودمەند دەبن لەو خزمەتگوزارییە.

جەختیكردەوە، ئەو كۆدی بێ هاوتایەی فەرمانبەران، تەنها بۆ موچە نابێت، بەڵكو بۆ چەندیین خزمەتگوزاریی دیكەی ئەلیكترۆنی سودی لێوەردەگیرێت.

بەپێی ئەو زانیارییانەی لەفەرمانگەی تەكنەلۆژیای زانیاریی ئەنجوومەنی وەزیرانه‌وه‌ ئاشكراكراون، "ئەژماری كەسی، یان كۆدی بێ هاوتا خزمەتگوزارییەكی ئەلیكترۆنیی دەبێت لەحكومەتەوە بۆ فەرمانبەران‌و هەموو هاوڵاتییان، جارێ بۆ فەرمانبەران بڕیارنەدراوە كارت دەبێت یان شتێكی دیكەیە، میكانیزمی پێدانەوەی یەكلایی نەبۆتەوە".