لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هۆشداریی لە گیانلەدەستدان بە کۆرۆنا دەدرێت

کوردستان

23/04/2023‌ 425 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
سەرۆکی زانکۆی زانستیی پزیشکیی پارێزگای سنە دەڵێت، ئەگەر خەڵک لەسەر پابەندنەبوون بە رێوشوێنە تەندروستییەکان بەردەوام بن، لە رۆژانی داهاتوودا تووشبوون بە کۆرۆنا و گیانلەدەستدان بە هۆیەوە لەو پارێزگایەی رۆژهەڵاتی کوردستان زیاد دەبێت.
 
فەرەیدوون عەبدولمەلەکی، سەرۆکی زانکۆی زانستیی پزیشکیی پارێزگای سنە ڕایگەیاند، تووشبوون بە کۆرۆنا خەریکە ڕوو لە هەڵکشان دەکات، 25 تووشبوو لە نەخۆشخانە خەوێنراون و دۆخی تەندروستیی 4 کەسیان ناجێگیرە و لە بەشی چاودێریی چڕدان.
 
هاوکات حامید بەهرامیان، بەرپرسی لیژنەی رووبەڕووبوونەوەی کۆنترۆڵی کۆرۆنا لە پارێزگای کرماشان رایگەیاند، لە ماوەی یەک مانگدا 10 تووشبووی کۆرۆنا لەو پارێزگایە گیانیان لەدەستداوە و بەو جۆرەش ژمارەی ئەو کەسانەی لە دەستپێکی بڵاوبوونەوەی کۆرۆناوە لە کرماشان مردوون گەیشتووەتە 3 هەزار و 341 کەس.

سەعید کەریمی، جێگری وەزیری تەندروستیی ئێران بۆ کاروباری دەرمان دەڵێت "جۆرێکی نوێی کۆرۆنا لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران تەشەنەی سەندووە کە پێشتر نەبووە" و رایگەیاند، ئەو جۆرە زۆر خێرا بڵاو دەبێتەوە، بەڵام وەک جۆرەکانی دیکە کوشندە نییە.