شارپرێس:
ماڵپەڕی (Oil Report) ڕاپۆرتێکی نوێی بەناونیشانی "کۆسپی گەورە لەبەردەم دانوستانەکانی عێراقو تورکیا بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنەوەی نەوتدا هەیە" بڵاوکردۆتەوەو تێیدا باسی لەوەکردوە؛ شکستی دانوستانەکانی ئەمدواییە بۆ پاڵنانی بەغداو ئەنكەرە بەرەو گەیشتن بەڕێککەوتن بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان، لەئایندەیەکی نزیکدا بەشێکی زۆری نەوتی هەرێمی کوردستانی عێراق لەدەرەوەی خزمەتدا دەهێڵێتەوە.
لەڕاپۆرتەکەدا هۆشداریدراوە کە لەچەند هەفتەی داهاتودا کەرتی نەوتو غاز لەکوردستان ڕوبەڕوی ساتێکی یەکلاکەرەوە دەبێتەوە کە ڕەنگە دیمەنی جیۆپۆلەتیکی ناوچەکە لەقاڵب بداتەوە، بەوپێیەی شرۆڤەکاران پێیانوایە، هەناردەکردنی نەوت لەکوردستانەوە چەندین فاکتەر کاریگەرییان لەسەری هەیەو بەرژەوەندی هەموو ئەکتەرەکان، لەوانەش زلهێزە ناوچەییو نێودەوڵەتییەکان ڕۆڵیان تێیدا هەیە.
ئەم شرۆڤەکارانە کە قسەیان بۆ ئۆیل ڕاپۆرت کردوە ئاماژە بەوەدەکەن، چارەنوسی نەوتی کوردستان بەپلەی یەکەم بەبەرژەوەندی زلهێزە ناوچەییو نێودەوڵەتییەکان لەقاڵب دەدرێت نەک پێداویستییەکانی حکومەتی ناوخۆیی، لە کاتێکدا ئەو دوو لایەنە سەرەکییەی کە ئیدارەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەن، چیتر ئەوان تەنها دیاریکەری سەرەکیی چارەنوسی نەوتی کوردستان نین.
ئەو چاودێرانە جەختیان لەوەکردۆتەوە، دابەشبونی پارتە سەرەکییە کوردییەکان، بەتایبەتی لەناو حکومەتی هەرێمی کوردستاندا، کارئاسانی بۆ فاکتەرە دەرەکییەکان دەکات بۆ تێکدانی ئەو خۆبەڕێوەبەرییەی کە لەڕوی دەستورییەوە بەهەرێم دراوە.
شرۆڤەکارەکان بەئۆپیڵ ڕیپۆرتەریان وتوە، هەرێمی کوردستان کە تەنها پشت بەداهاتی نەوت دەبەستێت ئەگەری داڕمانی هەیە، ئەمەش ڕەنگە سەربکێشێت بۆ ململانێیەی توندی یەکێتییو پارتیو ئەو ناسەقامگیرییەی هەرێمی کوردستانیش بۆ عێراقیش درێژبێتەوە، کە هەر لەبنەڕەتەوە بەهۆی ململانێ تایەفییەکانەوە لەدۆخێکی ناسەقامگیردایە.
لەکۆتاییشدا دەڵێت، "ڕێککەوتنە کاتییەکانی نێوان حکومەتەکانی ناوەندو هەرێم بەتایبەتی سەبارەت بەیاسادانانی بودجەو یاسای نەوتو گازو ئایندەی کەرتی نەوت لەکوردستان، سەرکەوتوو نابێت بەردەوامبونی سەقامگیرکردنی ناوچەکەدا.
