حكومه‌تى هه‌رێم له‌باره‌ى موچه‌ى فه‌رمانبه‌رانه‌وه‌ زانیاریى ئاشكراده‌كات

کوردستان

04/01/2024‌ 7092 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

وتەبێژی حكومەتی هەرێم ڕایده‌گه‌یه‌نێت، وه‌فدى حکومەت دەچێتەوه‌ بەغداو سەردانەکەش بۆ چارەسەریی کۆتایی پرسی موچەی موچەخۆران‌و فەرمانبەرانی هەرێمه‌.


پێشەوا هەورامانی وتەبێژی فەرمیی حكومەتی هەرێم به‌میدیاى نزیك له‌پارتى وتوه‌، "سەرەتای هەفتەی داهاتوو، وه‌فدێكى باڵای حکومەتی هەرێم به‌سه‌رۆكایه‌تى وه‌زیرى دارایی، سەردانی بەغدا دەکاته‌وه‌".

وتوشیه‌تى:"سەردانى وه‌فده‌كه‌ى هه‌رێم بەمەبەستی چارەسەرێکی ڕیشەیی‌و کۆتاییە بۆ پرسی موچەی فەرمانبەران‌و موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان‌و وه‌فده‌كه‌ش بەدوای ئەو چارەسەرەوەیە، چونكه‌ حکومەتی هەرێم به‌گوێره‌ى دەستورو یاسا داوای ماف‌و شایشتە داراییەکانی خۆی دەکات".

هه‌ر له‌وباره‌یه‌وه‌ د. نەرمین مەعروف په‌رله‌مانتارى یه‌كێتى له‌به‌غدا ڕایگه‌یاندوه‌، "سەردانی وه‌فدى حکومەتی هەرێم لەمکاتەدا گرنگە، بەتایبەت بۆ پرسی موچەو هەمواركردنی یاسای بودجە".

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ به‌پێویستى زانیوه‌، "پێویستە لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی لەسەر دەقی ئەو هەموارە ڕێکبکەون، کە پێویستە لەمادەکانی تایبەت بەپشکی هەرێم لەیاسای بودجەدا بکرێت، پێشئەوەی ڕەشنوسی هەموارەکە بێتە پەرلەمانی عێراق، ئه‌وه‌ى ئێمەش داوایدەکەین لەهەمواری یاسای بودجەدا ئەوەیە، موچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەناکۆکییەکان جیابکرێتەوەو مانگانە موچە بدرێت".