پەروەردەی گەرمیان رێوشوێنی یاسایی و كارگێڕی بۆ دەستپێكردنەوەی دەوام دەگرێتەبەر

کوردستان

19/01/2024‌ 602 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس - گەرمیان

 بەپێی سێ نوسراو كە دەست شارپرێس كەوتون، بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی گەرمیان سێ لیژنەی پێكهێناوە بەمەبەستی بەدواداچون بۆ دەوامی باخچەی منداڵان و قوتابخانە و خوێندنگا ئامادەییەكانی سنورەكە و گرتنەبەری رێكاری كارگێڕیی و یاسایی، مامۆستایەكی ناڕازی گەرمیانیش ڕایدەگەیەنێت " ئەو فشارانە ئێمە بەهیچ شێوەیەك ناترسێنێت و هیچ كاتێك لە ورەی هیچ مامۆستایەك دانابەزێنێت و بەردەوامین لەسەر بایكۆت و ناڕەزایەتی".

سەبارەت بەدروستكردنی لیژنەی بەدواداچون لەلایەن پەروەردەو گرتنەبەری رێكای یاسایی و كارگێڕی، مامۆستا دڵشاد ساڵح ئەندامی دەستەی مامۆستایانی ناڕازی گەرمیان بە شارپرێس-ی ڕاگەیاند:" وەك مامۆستایانی گەرمیان كە بەردەوامین لەبایكۆت و خۆپیشاندانەكانمان، دووپاتی دەكەینەوە، ئەو فشارانە ئێمە بەهیچ شێوەیەك ناترسێنێت، هیچ كاتێك لەورەی هیچ مامۆستایەكی بەڕێز دانابەزێنێت و بەردەوامین لەسەر بایكۆت و ناڕەزایەتیەكانمان".

دەشڵێت "ڕۆژی یەكشەمەی داهاتوو لەگەڵ دەستپێكی دەوامی ئەو ناوچانەی كە پێشتر خوێندنیان تێداكراوە وەك هەولێر و دهۆك ئێمە خۆپیشاندانی سێیەمی ئەم وەرزە دەكەین وەك گەورەترین خۆپیشاندان لەبەردەم بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی كەلار".

وتیشی :"داوا لەسەرجەم فەرمانبەران و چین و توێژەكانیتر دەكەین بێنە نێو خۆپیشاندانەوە و داوا لەمامۆستایانی بەڕێزی ئاینیش دەكەین ئەوانیش هەڵوێستی جدییان هەبێت بۆ ئەوەی ئەم دۆخە چیتر لەدەست دەرنەچێت، زۆرمان بڕیوەو كەممان ماوە ئێمە ئامانجمان بەدەستهێنانی مافە ڕەواكانی سەرجەم فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانە لەنێویاندا مامۆستانیش كە خۆمان بەشێكین لە پاكێجەكە".

دڵشاد ساڵح هێمای بۆ ئەوەشكرد:" ئێمە لەماوەی ئەم چوار مانگە پرۆژەمان هەیه لەبەغداد و ئومێدبەخشە بەم نزیكانە یاسای بودجەی ٢٠٢٤ هەمواردەكرێتەوە، ئەو داواكاریەی ئێمەشی تێدا جێ دەكرێتەوە ‌و ڕێكدەخرێت، ئەگەر ئێمە گەیشتین بەئامانجەكانمان ئەوكاتە خۆشبەختانە بەدەستكەوتەوە و بەسەربەرزییەوە خۆمان دەگەڕێینەوە ناو هۆڵەكانی خوێندن شتێك نامێنێت بەناوی بایكۆت و خۆپیشاندان، بەڵام ئەم فشارانەی لە ئێستادا هەیە، بەبێ دەستكەوتنی مافەكانمان بەبێ گەیشتن بەئامانجەكانمان ئێمە بەهچ شێوەیەك پەشیمان نابینەوە".

هەروەها دەڵێت "پەروەردەی گەرمیان لەجیاتی ئەوەی مشورێك لەدابینكردنی مافی مامۆستایان بخوات هەستاوە بەدروستكردنی ئەم لیژنانە بۆ فشارخستنە سەر مامۆستایان. بەكارێكی نەشیاوی دەزانین بەداخەوە دەبوو خەمی دابینكردنی مافەكانی مامۆستایان بخواردایە نەوەك فشار خستنەسەر مامۆستایان بۆچونەوە بۆناو هۆڵەكانی خوێندن بەبێ مووچە و بەبێ دەرماڵە و دەستكەوت".