فەرمانگە دادنوسییەکانی گەرمیان بایکۆتیان ڕاگەیاند

کوردستان

23/01/2024‌ 353 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شار پرێس - گەرمیان 
بەهۆی ئەو دۆخەی کە لەهەرێمی کوردستان هاتوەتە ئاراوە وەک نەبوونی مووچە و پلەبەرزکردنەوە، فەرمانگە دادنوسیەکانی گەرمیان جگە لە قەزای خانەقین بایکۆتیان ڕاگەیاند. 


سەبارەت بە هۆکاری بایکۆتی فەرمانگە دادنوسیەکان سەرچاوەیەک بە (شارپرێس)ی ڕاگەیاند:" لە ئیدارەی گەرمیان چەند فەرمانگەیەکی دادنوس ـ مان هەیە وەک فەرمانگەی دادنوسی کەلار، فەرمانگەی دادنوسی کەلاری ئێوارن، فەرمانگەی دادنوسی ڕزگاری و کفری و خانەقین، ئەمانە سەربەهەرێمی کوردستانن، بێجگە لە خانەقین هەموویان بایکۆتی دەوام کراوە".

وتیشی:" هۆکارەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو دۆخەی تەواوی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانی تێ کەوتووە، لەوانە هۆکاری پلە بەرزنەکردنەوە و دابەشنەکردنی مووچە لەکاتی خۆیدا، ئەو هۆکار و دۆخەی کە فەرمانبەران و مامۆستایانی تێدایە، فەرمانبەرانی فەرمانگە دادنوسیەکانیش هەمان هۆکاریان هەیە و تاکاتێکی نادیار بایکۆتەکە بەردەوام دەبێت".

هێمای بۆئەوەشکرد:" لەئێستادا بەشێک لە ئیش و کاری هاوڵاتیان ئەوکەسانەی سەردانیان دەکرد بۆڕایکردنی ئیش و کارەکانیان ڕاگیراوە، وەک بریکار نامەی گشتی، ئەو بریکارنامانەی تایبەتن بەفرۆشتنی ئەرزوخانوو، فرۆشتنی ئۆتۆمبێل و وەکالە بۆ کڕیار، کۆمپیالە، هەندێجار کارگەیەک تازە دادەمەزرێت پێویستی بە تۆمارکردن دەبێت چونکە لە فەرمانگە دادنوسیەکان ئەم کارانە ئەنجام دەدرێت".

بایکۆتی ئەم فەرمانگە دادنوسیانە لەکاتێکدایه‌ کە زیاتر لە چوار مانگە مامۆستایانی هەرێمی کوردستان بەهۆی ڕاگرتنی پلەبەرزکردنەوە و دابەشنەکردنی موچە لەکاتی خۆیدا بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندنیان کردووە تائێستابەشێوەیەکی گشتی بایکۆت نەشکێنراوە نازانرێت ئاخۆ پرۆسەی خوێندنی ئەم ساڵ چارەنوسی چی لێدێت.
ئارام قه‌ره‌داغى