زیانی نوێی خوێ لەسەر تەندروستیی گورچیلەکان ئاشکرابوو

تەندروستی

29/01/2024‌ 381 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ئەنجامی توێژینەوەیەکی نوێی پزیشکیی کاریگەریی زیاتری بەکاربردنی خوێی لەژەمەکاندا لەسەر تەندروستیی گورچیلەکان ئاشکراکردوە.


دکتۆر لوچی لەسەنتەری توێژینەوەی قەڵەویی لەزانکۆی تولان، لەنیو ئۆرلینز کە سەرکردایەتی تیمی توێژەرانی کردوەو ئەنجامەکانیشی لەگۆڤاری پزیشکی JAMA بڵاوکراوەتەوە، دەڵێت، “زیادکردنی بڕێکی زۆر خوێ بۆ خۆراک پەیوەندیی بەزیادبونی مەترسیی توشبون بەنەخۆشیی درێژخایەنی گورچیلەکانەوە هەیە".

لوچی‌و هاوکارەکانی داتای زیاتر لە 465 هەزار کەسیان شیکردۆتەوە کە تێکڕای تەمەنیان 56 ساڵ بوە، کە نەخۆشی گورچیلەیان نەبوە کاتێک ناویان لەبنکەیەکی زانیار تەندروستییدا تۆمارکردوە،  هەروەک  تەندروستیی‌و شێوازی ژیانی بەشداربوان لەساڵی 2006 تا 2023 بەدواداچونیان بۆکراوە.

بەوتەی توێژەران لەماوەی توێژینەوەکەدا زیاتر لە 22 هەزار حاڵەتی نەخۆشی گورچیلە دەرکەوتوە.

بەبەراورد لەگەڵ ئەوکەسانەی کە هەرگیز یان بەدەگمەن خوێیان بۆ خۆراکەکانیان زیادکردوە، ئەوکەسانەی کە خوێیان زیادکردوە ئەگەری توشبونیان بەکێشەی گورچیلە زیاتر بوە، لەگەڵ بەکارهێنانی دوبارەی خوێی چێشت مەترسییەکە زیاتری کردوە.

بۆ نمونە، بەبەراورد لەگەڵ ئەوکەسانەی کە هەرگیز خوێیان بەکارنەهێناوە، ئەوکەسانەی دەڵێن خوێی زیادەیان تێکردوە "ناوبەناو" ئەگەری توشبونیان بەنەخۆشی گورچیلە بەڕێژەی لەسەدا 4 زیاتر بوە، لەکاتێکدا ئەوانەی "بەزۆری" خوێیان زیادکردوە بەڕێژەی لەسەدا 7مەترسی زیاتریان هەبوە، ئەوانەی "هەمیشە" خوێیان زیادکردوە، مەترسییەکەیان بەڕێژەی لەسەدا 11ی زیادیکردوە.

ئەم خەمڵاندنانەی مەترسییەکە دوای ئەوەهات کە تیمەکەی چی هۆکارەکانی شێوازی ژیانیان لەبەرچاو گرت کە زۆرجار لەگەڵ خواردنی بڕێکی زۆر خوێدا دەبن، وەکو کێشی زیادە، جگەرەکێشان ، خواردنەوەی کحول، کەمی وەرزشکردن، شەکرەو بەرزی پەستانی خوێن، بەپێی
توێژەران ئاماژەیان بەوەکردوە، چەندین کێشەی فیزیۆلۆژی هەیە کە خواردنی خوێی زۆرو خراپی کارکردنی گورچیلە بەیەکەوە دەبەستێتەوە، لەوانە گۆڕانکاری هۆرمۆنەکان‌و "زیادبونی فشاری ئۆکسجینی".

و: ئاکۆ ئاڵی