تورکمانه‌كان دژى كوردو پێشمه‌رگه‌ په‌یام بڵاوده‌كه‌نه‌وه‌

کوردستان

08/02/2024‌ 1091 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

سەرکردەیەکی تورکمان دژى كوردو پێشمه‌رگه‌ لێدوانێكى بڵاوكرده‌وه‌و ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ڕێگه‌ناده‌ین به‌گه‌ڕاندنه‌وه‌ى هێزه‌كانى پێشمه‌رگه‌"، ده‌شڵێت:"ڕێگه‌ش ناده‌ین ئاسایش‌و ده‌سه‌ڵاتى كوردى بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ كه‌ركوك".


فەوزی ئەکرەم تەرازی ئەندامی پێشوی پەرلەمانی عێراق‌و یەکێک لەسەرکردەکانی تورکمان، ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "چارەسەرێک هەیە کۆتایی بەقەیرانەکانی پارێزگای کەرکوک بهێنێت‌و پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی ئەو پارێزگایە خێراتربکات".

تەرازی لەلێدوانێکدا بەپێگەی "بەغداد ئەلیەوم"ی وتوه‌، "ڕێگەنادەین بەگەڕاندنەوەی هێزی پێشمەرگەو ڕێگه‌ش ناده‌ین به‌ئاسایش‌و گەڕانەوەی دەسەڵاتی کورد له‌کەرکوک‌و گەڕاندنه‌وه‌ى شاره‌كه‌ بۆ چوارگۆشەی یەکەم".

ئاماژەی بەوەشکردوە، قەتیسکردنی پۆستی پارێزگاری کەرکوک بەتەنها بۆ کورد شتێکە ئەوان قبوڵی ناکەن.

هەروەک دەڵێت:"چارەسەر ئەوەیە کە دەسەڵاتی ئەمنیی‌و کارگێڕیی بەڕێژەی 32% بۆ هەر پێکهاتەیەک دابەشبکرێت، هەروەک پۆستی پارێزگار بەشێوەی خولیی لەنێوان سێ پێکهاتەکەدا دابەشبکرێت".

ڕۆژى 5ی شوباتی 2024، نوێنەرانی کوردو مەسیحییەکان لە کەرکوک لەبینای ئەنجومەنی پارێزگا ئامادەبون بۆ ئەنجامدانی دانیشتنی پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی ئەو پارێزگایە، بەڵام نیسابی یاسایی بەدەستنەهات، بەوپێیەی ئامادەبوان 8 کورسی بون لەکۆی 16 کورسی، عەرەب‌و تورکمانیش بایکۆتی دانیشتنەکەیان کرد.

بەپەلە