شارپرێس:
سەرچاوە ناوخۆییەکان لەئێران دەڵێن، لە ماوەی چەند ڕۆژێکدا دوای دەستپێکردنی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل لە ١٣ی حوزەیران، هێزە ئەمنییەکانی ئێران هەڵمەتێکی بەربڵاوی دەستگیرکردنیان دەستپێکردووە، هاوکات لەگەڵ زیادبوونی ئامادەیی ئەمنی لەسەر شەقامەکان و بازگەکان.
بەگوێرەی ڕاپۆرتی ئاژانسی ڕۆیتەرز، بەشێک لە ئیسرائیل و هەروەها گروپە ئۆپۆزسیۆنەکانی دەرەوەی ئێران هیوایان دەربڕی کە هەڵمەتی سەربازی کە سوپای پاسداران و هێزە ئەمنییەکانی ناوخۆ و شوێنە ئەتۆمییەکانی ئێرانی کردە ئامانج، ببێتە هۆی ڕاپەرینی جەماوەری و ڕووخاندنی دەسەڵاتی ئێران.
بەرپرسێکی باڵای ئەمنی ئێران و دوو بەرپرسی باڵای دیکەی ئاشنا لە کاروباری ئاسایشی ناوخۆ بە ئاژانسی ڕۆیتەرزیان ڕاگەیاندووە، دەسەڵاتداران سەرنجیان لەسەر مەترسییەکانی ئەگەری نائارامی ناوخۆییە، بەتایبەتی لە ناوچە کوردییەکان.
ئەو بەرپرسە ئەمنییە دەڵێت: یەکەکانی سوپای پاسداران و بەسیج لە حاڵەتی ئامادەباشیدان، ئێستاش تەرکیز لەسەر ئاسایشی ناوخۆیە.
ڕوونیشیکردەوە، دەسەڵاتداران نیگەرانن لە بریکارەکانی ئیسرائیل و ئۆپۆزسیۆنی موجاهدینی خەلق.
ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز بڵاویکردەوە، چالاکوانان لە ناوخۆی وڵاتدا لەچاوەڕوانیدان.
چالاکوانێکی مافی مرۆڤ لە تاران، کە لە کاتی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی ساڵی 2022دا زیندانی کرابوو، وتی: ئێمە لە ئێستادا زۆر وریاین، چونکە نیگەرانییەکی ڕاستەقینە هەیە کە حکومەت ئەم دۆخە وەک بیانوو بەکاربهێنێت بۆ گرتنەبەری هەنگاو بەرامبەر چالاکوانان.
ئاماژەی بەوەشکردووە، دەیان کەس دەناسێت کە لەلایەن دەسەڵاتەوە بانگهێشتکراون و دەستبەسەرکراون، یان هۆشدارییان پێدراوە لە هەر دەربڕینێکی ناڕەزایەتی.
ڕۆیتەرز لە زاری چالاکوانانی مافی مرۆڤ (هەرانا)ەوە ڕایگەیاندووە کە لە سەرەتای شەڕەوە دەستبەسەرکردنی ٧٠٥ کەسیان بە تۆمەتی سیاسی یان ئەمنی بەڵگە کردووە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، زۆرێک لەوانەی دەستگیرکراون تۆمەتبارکراون بە سیخوڕیکردن بۆ ئیسرائیل.
میدیاکانی دەوڵەتی ئێران بڵاویانکردەوە، دەسەڵاتداران ڕۆژی سێشەممە سێ کەسیان لە ورمێ نزیک سنووری تورکیا لەسێدارەداوە.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو ڕایگەیاند کە هەموویان کوردن.
ئ.ه
