ترەمپ داواى گەڕانه‌وه‌ى ماسك بۆ باشوری ئەفریقا ده‌كات

جیهان

5 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 3080 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

سەرۆکی ئەمریکا هەڕەشەی بڕینی هاوکارییەکانی حکومەت بۆ کۆمپانیاکانی ئیلۆن ماسکی کردو ڕایگەیاند، بەبێ ئەو هاوکارییانە، ماسک دەبێ کۆمپانیاکانی دابخات‌و بگەڕێتەوە بۆ ئەفریقای باشور.


دۆناڵد ترەمپ لەتۆڕی کۆمەڵایەتیی تروس بڵاویکردەوە، ''ئیلۆن زیاتر لەهەموو کەسێک لەمێژودا یارمەتیی لەحکومەت وەردەگرێت، بەبێ ئەو یارمەتییانە دەبێ کۆمپانیاکانی دابخات‌و بگەڕێتەوە بۆ ئەفریقای باشور''.

ترەمپ بەئاماژەکردن بەوەی، بەگەڕانەوەی ئیلۆن ماسک بۆ ئەفریقا "ئیتر هەڵدانی موشەک‌و مانگی دەستکردو دروستکردنی ئوتۆمبێلی کارەبایی کۆتایی دێت‌و ئەمریکا پارەیەکی زۆری بۆ دەگەڕێتەوە، نوسیویەتی: ڕەنگە پێویست بێ داوا لەفەرمانگەی کارامەیی حکومەت بکەم بەشێوەیەکی جدى لەم بابەتە بکۆڵێتەوە. پارەیەکی زۆر بەڕێگه‌وەیە".

ئەم هەڕەشانەی ترەمپ دوای ئەوەهات، ئیلۆن ماسک گەورە ملیاردێڕی ئەمریکی، لەتوێتێکدا ڕەخنەی لەپڕۆژەیاسای کەمکردنەوەی باج‌و خەرجییەکان گرت‌و بەئاماژەکردن بەوەی "ئەمریکا پێویستی بەبەدیلێک بۆ قۆرخکاریی دوو حزبی هەیە".

هۆشداریدا، ''ئەگەر پڕۆژەیاسای خەرجییەکان تێپەڕێنڕێت، ڕۆژی دواتر دامەزراندنی پارتی ئەمریکی ڕادەگەیەنێت".

بەوتەی ئیلۆن ماسک، "ئەم پڕۆژەیاسایە شێتانەیەو ئەوانەی لەهەڵبژاردندا بانگەشەی کەمکردنەوەی خەرجییەکانیان دەکرد، بەتێپەڕاندنی ئەم پڕۆژەیاسایە، قەرزەکانی حکومەتی ئەمریکا پێنج ترلیۆن دۆلار زیاد دەکەن".

ئیلۆن ماسک لەدوای هەڕەشەکەی دۆناڵد ترەمپ لەتویتێکدا نوسیویه‌تى، "من ئێستا بەڕاستی پێتان دەڵێم، هەموو شتێک ببڕن، هەر ئێستا!".

پاش چەند هەفتە بێدەنگی لەنێوان دۆناڵد ترەمپ‌و ئیلۆن ماسکدا، گرژییەکانی نێوانیان بەهێرشەکانی ماسک لەڕۆژانی شەممەو سێشەممەی ئەم هەفتەیە بۆ سەر پڕۆژەیاسای کەمکردنەوەی باج‌و خەرجییەکانی حکومەت‌و زیادکردنی بودجەی بەرگریی‌و ئاسایشی سنورەکان دەستیپێکردەوە.