شارپرێس:
سوپای ئیسرائیل دۆخی ئامادەباشی و جێگیربوونی لە باشووری سوریا ڕاگەیاند بەئامانجی نەهێشتنی هەر هەڕەشەیەک کە ڕەنگە بگاتە ئیسرائیل، بەتایبەتی لە ناوچەی بەرزاییەکانی جۆلان.
وتەبێژی سوپای ئیسرائیل، ئەڤیخای ئەدرەعی ڕایگەیاند، هێزەکانی فیرقەی 210 لە لوتکەی چیای هرمونەوە تا سێگۆشەی سنووری نێوان ئوردن و سوریا و ئیسرائیل جێگیرکراون.
ئاماژەی بەوەشکرد، "لە چوارچێوەی چالاکییەکانی بەرگری لە ناوچەکە، هێزەکانی لیوای ئەسکەندەرۆنی (3) لەم هەفتەیەدا چەندین هەڵمەتیان بۆ سەر کۆگاکانی چەک ئەنجامدا و ژمارەیەک کەسیان دەستگیرکرد کە گومانی چالاکی تیرۆریستییان لێدەکرێت. گواستراونەتەوە بۆ لێکۆڵینەوەی زیاتر لە ناوخۆی ئیسرائیل".
لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا، لەسنوری قونەیترە هێزەکانی ئیسرائیل هێرشیان بۆ سەر ژمارەیەک گوند و شارۆچکەی ناوچەکە بردووە.
ئ.ه