* لە پانتەیۆنی پاریسەوە تا شێرکۆ بێکەس: پێشانگای ڕەزا *

توێژینەوە و شیکاریی

7 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 89 جار خوێندراوه‌ته‌وه

بەختیار ئەمین

‎ئەمڕۆ بە ڕێکەوت لە پاریسی پایتەخت ، بەلای مۆنومێنتی پانتەیۆن (گوڕستانی گەورە پیاوان) دا تێپەڕیم، پێشانگایەکی زۆر سەرنجڕاکێشم لە بەردەم مۆنومێنتەکە بەرچاو کەوت.

‎ ئەم مۆنومێنتە لە نێوان ساڵانی ١٧٥٨-١٧٩٠  لە لایەن نیگارکێش و تەلارساز ژاک ژێرمان سوفلۆوە لەسەر وەسیەتی شا لویسی پانزەهەمی فەرەنساوە بە تەنیشت زانکۆی سۆربۆنەوە دروستکراوە، لەسەرەتادا بۆ  ئاسەوار و پاشماوەی تەرمی ژن چاکێکی پیرۆز سانت جێنێڤیەڤ کە بە قەدیسی پیرۆزی پارێزەری شاری پاریس دەژمێررێت وەک کڵێسایەک دروستکرا، هەڵبەتە نە شا لویس و نە تەلارسازەکەش ئەم کەڵە مۆنومێنتەیان لە ژیاندا نەبینی و لە ساڵی ١٧٩١ پاش ئەوەی شۆڕشی فەرەنسای بەسەردا هات ، بە بڕیای ئەنجومەنی نیشتمانی فەرەنسا لەسەر مۆدێلی پانتەیۆنی رۆما کرا بە ماوزەلەیۆم بۆ گەورە ناودارانی فەرەنسا و گۆڕی گەورەشۆڕشگێرانی وەک میرابۆ و ژان پۆل مارا ، و فەیلەسوف و نوسەر و هونەرمەند و زۆر کەسایەتی ناوداری بە تێپەڕبوونی ساڵ گرتە خۆ و لەوێ نێژران هەر لە ژان ژاک روسۆ، ڤۆڵتێر و ڤیکتۆر هوگۆ و ئێمیل زۆلا و ژان مۆنێ و رێنێ کاسان و ژان ژۆرێس و ژان پێران و پێر کوری و مەدام ماری کوری و ئاندرێ مالرۆ و سیمۆن ڤەی و جۆسیفین بەیکەر و میساک مانوکیانی ئەرمەنی و مێلینێ مانوکیانی خێزانی و هتدی لێیە، کە سەرجەم پتر لە ٨٠  گەوەرە پیاو و ٧ گەورە ژنی تێدا نێژراوە کە بۆ ڕێزلێنان و سپاسگوزاری نیشتمانی فەرەنسا بۆ ئەم ناودارانە لە سەدەی هەڤدەهەمەوە دروستکراوە. ڕۆژانە بە هەزاران کەس لە خەڵکی فەرەنسا و دونیا سەردانی ئەم مۆنومێنتە دەکەن.

‎هەرکەسێکیش بۆ سەردانی مۆنومێنتەکە بێت و بەو گوزەرەدا تێپەڕێت پێشانگا کاتیەکەی بەردەمی وەک موگناتیس دەیگرێت و سەرنجی ڕادەکێشێت و سەختە بتوانێ تەماشای یەکە بە یەکەی وێنە و تابلۆ زۆر دەربڕێنەر و زۆر سەرسامکەر و لە ڕادەبەدەر جوانەکانی فۆتۆگرافەری جیهانی بە ڕەگەز ئێرانی  (ڕەزا) نەکات. ڕەزا فۆتۆگرافەرێکی پرۆفێشناڵی جیهانی، ئایدیالیست و مرۆڤپەروەر زۆر ناسراوی ئاژانسی فۆتۆگرافی گاما یە و کارەکانی لە گۆڤاری ناشناڵ جەیۆگرافیک و چەندین گۆڤار و ڕۆژنامە و ئاژانس و میدیای جیهانی دیکە بڵاو کردۆتەوە و دەکات و پێشانگاشی لە گەلێک لە وڵاتانی جیهان نمایشکردووە و خاوەنی چەندین خەڵاتی ئەوروپی و جیهانییە.

‎نمایشکردنەکەی ئەمڕۆی ڕەزا بریتییە  لە 14 تابلۆی چوار ڕوویی وێنە و قسەی گەورە شاعیران و ناودارانی دونیا، دە نێویاندا:  هۆمێر (یۆنان)، مارگریت یورسەمەر (بەلجیکا) ، پابلۆ نیرودا (شیلی)، حافیز (ئێران) ، رۆمی (بەڵخ-ئەفغانستان/ئێران)، تێ سێ ئیلیۆت (بەریتانیا) ، رابیندراناس تاغور (هیندستان)، مەحمود دەروێش (فەلەستین)، سەید بەهائودینی مەجروح (ئەفغانستان)، ئانا ئاخماتۆڤا (سۆڤیەت) ، راینار ماریە ریلکێ (ئەڵمانیا) ئامادو هامپاتێ با (مالی)، چینوا ئاچەبێ (نایجیریا)، ئۆڤید (ئیمپراتۆریەتی رۆمانی)، ستێفان زڤایگ (ئوتریش/نەمسا)، ئاماندا گورمان (ئەمریکا)، ماری ئوگوای (کەنەدا)، ماری نیزێت (بەلجیکا)، سیمۆن دو بوڤوار (فەرەنسا)، خۆرگێ لویس بۆرخێس ( ئەرجەنتین)، ئاندرێ شەدید (لوبنان)، مارتا مێدێرۆس (بەرازیل)، ماری کوری (پۆڵونی-فەرەنسی)، ماتسووا باشۆ (ژاپۆن)، ئانتییە "ئانکی” کرۆگ (ئەفریکای باشور)، ئامیناتا سووا فاڵ (سێنەگاڵ)، ویلیام وردسورز ( ئینگلستان)، ئیڤ بۆنفوا (فەرەنسا)، فرانسوا چەنگ (چینی-فەرەنسی)، زبیگنیو هێربێرت (پۆڵەندا).

‎لە نێو تابلۆکاندا تابلۆیەکی گەورەش وەک ئەوانی دی بۆ گەورە شاعیری کورد خوالێخۆشبوو شێرکۆ بێکەس تەرخانکراوە ،  تێیدا وتەیەکی بە فەرەنسی و بە ئینگلیزی لەسەر تاراوگە، لێی دەپرسن: تاراوگە چییە؟ دەڵێت چتان پێ بڵێم؟ بڵێم: ئەوینە لە نێوان وڵات و خەونەکان؟

‎فۆتۆیەکیش وەک پاشخان بۆ قسەکەی شێرکۆ بێکەس دانراوە کە ئاپورایەکی کوردانی دیاسپۆرایە کە گەورە ناودارێکی کورد لە «گۆڕستانی پێر لاشیز» لە ڕۆژێکی باراناویدا دەنێژن.

‎ئەم گۆڕستانەش بووە بە سیمبۆلێک لە مێژووی سەردەمی کورددا کە کۆمەڵێک لە کەسایەتی سیاسی و  هونەرمەندی کوردی لە پاڵ سەدان سەرکردەی کۆمونی پاریس و ناوداری فەرەنسی و جیهانیدا نێژراون. ئەو گۆڕستانەیە کە یڵماز گونەی و شەهیدان دکتۆر عەبدولرەحمانی قاسملۆ و عەبدوڵای گادری ئازەر و دکتۆر سادقی شەرەفکەندی و فەتاحی عەبدولی و ئەحمەد کەیا و دکتۆر عەلی بابە خان و ئەحمەد کارلی و هومایون ئەردەڵان و ئازاد ئاجەر و رەسول شەرەفکەندی تێدا نێژراوە ، یادیان بە خێر و رۆحیان بە بەهەشت شاد بێت.

‎کە بە نێو پیشانگاکەدا تێدەپەڕیت وشە و ڕستەگەل و گوتەی کاریگەر و قوڵت بەرچاو دەکەوێت کە ئاوێتەی فۆتۆ بێ ئەندازە جوانەکانی ڕەزای فۆتۆگرافەر بوونە و گەشتێکی سیحراوی پڕخەیاڵ و جوانی بەها بەرزەکانی مرۆڤایەتی دەکەیت بە نێو گوتەکانی کۆمەڵێک لە گەورە شاعیر و نوسەر و ناوداران لە سەدە جیاوازەکاندا هۆنیویانەتەوە و وەک مروارین بە گەردنی مێژووەوە و تاجە گوڵینەن بۆ ڕێزگرتن لەم کۆمەڵە گەورە ناودارانە و وانەیەکی دەوڵەمەند و نەمریشن تا هەتایە بۆ پەند لێوەرگرتنیان.

‎ئەمانەی خوارەوە مشتێکی خەرواری گوتە و دەربڕینەکانن  کە لەگەڵ وێنە جوانەکانی ڕەزادا تەواوکەری یەکدین و بە هەردووک تابلۆکانیان ڕازاندۆتەوە: 

‎* کاتێک پیرە پیاوێک دەمرێت، کتێبخانەیەک دەسوتێت (ئامادو هامپاتێ با)
‎* مرۆ وەک ژن لە دایک نابێت ، دەبێ بە ژن (سیمۆن دو بوڤوار)

‎* شاعیران دەمانگوێزنەوە بۆ جیهانێک کە یان گەورەتر و زۆر جوانترە، یان زۆر بە جۆشتر و شیرینترە (مارگرێت یورسەنار)

‎* ئێمە کتێب دەنوسین تەنها بۆ ئەوەی پاش مردن بمێنێتەوە بۆ خەڵکی (ستێفان زڤایگ)

‎* من ڕێبواری نیوەشەوم، دەمێکە ماوە و مرۆڤم جێهێشتووە، جیهانی نیشتەجێ/ئاوەدانی ، وڵاتی وێران و بێدەنگی و تەنیاییم بڕیوە (سەید بەهائودینی مەجروح) 

‎* هەوڵبدە خودی پرسیارت خۆشبوێت، وەک ژووری داخراو و وەک کتێب گەلێکی کە تازە بە زمانێکی بیانی زۆر نامۆ نووسرابن ( راینار ماریا ریلکە)

‎* تا شێر مێژوونووسی خۆی نەبێت ، مێژووی شکار هەمیشە هەر بە شانوباڵی ڕاوچیدا هەڵدەدات (چینوا ئاچەبێ))

‎* ئەستێرەکان تەنها ئەرکێکیان هەبوو ، فێریان کردم چۆن بخوێنمەوە (مەحمود دەرویش)

‎* هەمیشە بە خەیاڵمدا دەهات کە بەهەشت دەبێ جۆرێک بێت لە کتێبخانە (خۆرگێ لویس بۆرخێس)

‎* ئەو کەسەی دار دەڕوێنێ دەزانێت هەرگیز لە ژێر سێبەرەکەی دانانیشێ ، بەلایەنی  کەمەوە دەست پێدەکات کە تێبگات مانای ژیان چییە ( تاغور)

‎* من تیرم، من کەوانم ، من پیرم، من لاوم ، هەردووک جیهان لە ناو مندان ( نەسیمی)

‎* زانین میراتی سروشتی و مافی جێگیرمانە (ویلیام وردسورز)

‎* خواژن، کچی زەیوس، لە کوێوە پێتخۆشە دەستپێبکە ، مێژوومان بۆ بگێڕەوە (هۆمێر)

‎* لە ڕێگای گۆرانیەوە ڕێگای خۆم دەکەمەوە بە زمانێک کە هی من نییە (ئانتیە "ئانکی” کروگ)

‎* بێدەنگی ڕاستەقینە لە کۆتایی وشەکاندا دێت، بەڵام وشە ڕاستەکان لە ناوەندی بێدەنگیدا لە دایک دەبن ( فرانسوا  چێنگ)

‎* ئەگەر شار کەوت و تەنها کەسێکی تێدا بە زیندوویی مایەوە ئەو کەسە دەبێ شارەکە لە نێوخۆیدا لەسەر ڕێگای ئاوارەیی هەڵبگرێت و ببێتە شارەکەی (زبیگنیو هێربێرت)

‎* ئەگەر مرۆڤێک فێربکەی ئەوا تەنها کەسێک فێر دەکەی، بەڵام ئەگەر ژنێک فێر بکەی ئەوا نەتەوەیەک فێر دەکەی (ئامیناتا سۆو فاڵ)

‎* کوا دانایی کە لە زانیندا ونمان کردووە؟ کوا زانین کە لە زانیاریدا ( ئەنفۆرماسیۆندا) ونمان کردووە؟ (تێ سێ ئیلیۆت)

‎* ئەگەر هەر ڕۆژێک بکەوێتە ناو هەر شەوێکەوە. ئەو شوێنە بیرێک بێت کەواتە رۆشنایی بەند دەکرێت (پابلۆ نیرودا)

‎* زانست گوڵە لە باخی رۆحدا چرۆ دەکات (حافیز)

‎* هەڵسە لە خەو پەپولە ، چەندین میلمان لەبەرە پێکەوە بیبڕین (ماتسوا باشۆ)

‎* هەڵمبژارد کە لە نێو خەونەکانمدا لە هەمبێزت گرم، چونکە دەنێو خەونەکانمدا کۆتاییت نییە (رومی)

‎* ⁠کات هەموو شتێک دەسڕێتەوە ، سەدە ماڵیکراوەکان تێدەپەڕن، بەڵام نوسینەکان لە چارەنوس هەڵدێن (ئۆڤید)

‎لە نێو تابلۆکاندا ڕەزا وێنەی کچێکی کوردی شاخاوی داناوە لەگەڵ گوتەیەکی هۆمێرۆسی یۆنانی

‎(ڕەزا دیقەتی) لەدایک بووی ساڵی ١٩٥٢ ی شاری تەورێزی ئازەربایجانی ئێرانە ، مرۆڤێکی کورد دۆست و ئینسان دۆستە و هاوسۆز و هاوڕێی میللەتان و ئینسانی ستەمدیدەیە. ئەفغانستان و ئێران و کوردستان و ڕۆژهەڵات بە گشتی جێگەیەکی تایبەتیان هەیە لە خولیا و کار و پێشانگاو بڵاوکراوەکانیدا . هەر بۆیش ئەم پێشانگایەی ناو ناوە داستانەکانی ڕۆژهەڵات.

‎نەهامەتیەکانی کوردی لە ڕۆژهەڵاتەوە کرد بە بەڵگە. بە هاوکاری بەندە کتێبێکی فۆتۆگرافی کە ژێر نوسەکانیم بۆ نوسیوە و لەگەڵ پێشەکیەکی خانمی میتەران و بە زمانەکانی فەرەنسی و ئەڵمانی لە نەوەدەکاندا بڵاوکردەوە.  وێنەکانی زۆربەی بەشەکانی کوردستان دەگرێتەوە و بەتایبەتش کوردستانی ڕۆژهەڵات و نەهامەتی و جینایەتەکانی ئەو سەردەمەی جیهاد دژ بە کورد و ڕەشەکوژی و تیربارانەکانی لاوانی کورد لە شار و دێ و مەیدان و گۆڕەپان و شەقامەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات کە لەو سەروبەندەدا ڕەزا وێنەکانی بە دزییوە گرتبوون دەیناردنە دەرەوە و لە تەواوی میدیا و ئاژانسە جیهانیەکان بڵاو بوونەوە و کەسیش ئەو دەمە نەیدەزانی فۆتۆگرافەری ئەم وێنانە کێیە . خۆشبەختانە یەکترمان ناسی و ئاشنای یەکتربووین و وێنەکانمان کرد بە پرۆژەیەک و هاوکاریم لە مێدیکۆ ئینتەرناسیۆناڵی پارتی سەوزەکانی ئەڵمانی بۆ وەرگرت و چاپ و بڵاو کرایەوە.

‎ڕەزا پاش هێرشەکانی داعش بۆ سەر کوردستانی باشور و  قەتڵ و عام و ژێنوسید کردنی کوردانی ئێزدی پەیوەندی پێوەکردم و ویستی بچێتە نێو کامپەکانی ئاوارەکانی شەنگاڵ و دەڤەرەکە بەڵام نەیدەویست بە دەستی خاڵی بڕوات گوتی من کامێراکەم هەیە و هەوڵدەدەم پارە کۆبکەمەوە کۆمەڵێک کامێرا لەگەڵ خۆم دەبەم بۆ ناو کامپەکان و  مناڵانی کوردی نێو کامپەکان فێرە وێنەگرتن دەکەم بۆ ئەوەی ژیانی خۆیان بکەنە بەڵگە فۆتۆ. ئەم کارە مرۆڤانە بەرزەی ئەنجامدا و پاشانیش چەندین جار لە وڵات و شاری جیاوازی ئەوروپا و شوێنی دیکە وێنەی ئەو ئاوارە کوردە ئێزدیانە و تەنانەت ئاوارەکانی کوردانی ڕۆژئاواشی لە چەند شار و وڵاتدا نمایشکرد، هەڵبەتە ڕەزای جوامێر  و کورد دۆست دەرفەت نییە وێنەی نەهامەتی و  ستەمدیدەیی کورد و جوانی کوردستان و مرۆڤی کورد پیشان نەدا.
‎دەسخۆشی و سپاسگوزاری لە ڕەزای هاوڕێم دەکەم بۆ ئەم پێشانگا زۆر واتادارەی،  هەروەک هەمیشە ڕایهێناوین، گشت کارەکانی شاکار و سەرسوڕهێنەر و دڵخۆشکەرن و لە ترۆپکی ئێستیتیکدان. ڕەزا  بە بەردەوامی لە زۆر بۆنەدا بەکارەکانی کورد و کوردستان بەسەردەکاتەوە. ئێمەش دەسخۆشی و پیرۆزبایی و پێزانین و خۆشەویستیمان بۆ فۆتۆگرافەری مەزن ڕەزا دوپاتدەکەینەوە. هیوادارین کە وەزارەتی ڕۆشنبیری کوردستان و دەزگا فەرهەنگیەکانی وڵاتەکەمان کورد ئاشنا بکەن بە کارەکانی ڕەزا . پیشانگای فۆتۆگرافی بۆ ڕەزا لە کوردستاندا بکەنەوە.

‎خۆزیا کوردیش وەک فەرەنسی و ئیتاڵی و خەڵکانی دی ماوزێلێومێکی شیاوی بۆ ناوداران و گەورە پیاوانی خۆی بونیاد دەنا وەک سمبۆلێکی بەربەچاو و شایستە بۆ قەدر بڵندی ڕاگرتن و رێزلێنانی نەتەوەی کورد لە سەرکردەو هونەرمەندان و نوسەران و روناکبیرانی و لە گەورە پیاوان و ژنانی نیشتمانەکەی و بۆ ئەوەی بە هەمیشە بە نەمری پیشانی کورد و نەوەکانی داهاتوو  و سەردانیکەرانی کوردستان بدرێن.

‎چەند وێنەیەکی پانتەیۆنی پاریس کە جێگەیەکیشی بۆ شاعیری گەورەی کورد، شێرکۆ بێکەسی تێدا دانراوە..