شارپرێس:
فەرماندەی گشتی هێزەچەكدارەكانی ئێران ڕایگەیاند، "هێرشەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا لەکاتێکدا بون، کە شاندی ئێران لەگەڵ ئەمریکا لەدانوستانی ناڕاستەوخۆ بون، هەربۆیە گومانمان لەئیسرائیل هەیە پابەندی ئاگربەست بێت".
ئاژانسی هەواڵی تەسنیم بڵاویكردەوە، عەبدولڕەحیم مەوسەوی سوپاسالارو فەرماندەی گشتيی هێزە چەکدارەکانی ئێران بەتەلەفۆن قسەی لەگەڵ خالید بن سەلمان وەزیری بەرگریی سعودیە کردوەو جەنگی 12 ڕۆژەی ئێران بەرامبەر بەئیسرائیل و ئەمریکاو دۆخی ناوچەکەیان، تاووتوێکردوە.
بەپێی بڵاوکراوەکەی تەسنیم، سوپاسالاری ئێران بەوەزیری بەرگریی سعودییەی ڕاگەیاندوە، "وڵاتەکەی دەستپێکەری جەنگەکە نەبوە، بەڵام بەهەموو تواناو هێزێکەوە بەرپەرچی هێرش و دەستدرێژییەکانی ئیسرائیلی داوەتەوە، هێرشەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا لەکاتێکدا بون کە شاندی ئێران لەگەڵ ئەمریکا لە دانوستانی ناڕاستەوخۆ بون، هەربۆیە گومانی لەئیسرائیل هەیە پابەندی ئاگربەست بێت".
ئاماژە بەوەشکراوە، وەزیری بەرگریی سعودییەش سەرەخۆشیی کوژرانی ژمارەیەک فەرماندەی باڵای سوپای پاسداران و هێزەکانی دیکەی ئێران لەعەبدولڕەحیم مەوسەوی کردوەو ڕایگەیاندوە، "سعودییە سەرکۆنەی دەستدرێژییەکانی سەر ئێرانی کردوەو بۆ ڕاگرتنی جەنگەکەش هەوڵێکی زۆریداوە.
هەروەها جەختی لەفراوانکردنی پەیوەندییە دولایەنەی ڕیازو تاران کردوەتەوە لەسەقامگیريی و ئاسایشی ناوچەکەو ئاماژەی داوە، تاران و ڕیاز ڕۆڵێکی کاراو کاریگەرییان دەبێت.
ئەوە لەكاتێكدایە، لەدوای جەنگێكی 12 ڕۆژە، لە 24ی ئە مانگەدا دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا ئاگربەستی نێوان ئێران و ئیسرائیلی ڕاگەیاند.
ش.ح