شارپرێس:
بەرپرسێکی ئیدارەی خۆسەری ڕۆژئاوای کوردستان ڕایگەیاند، بڕی گەنمی وەرگیراو تا 27ی حوزەیران نزیکەی 254 هەزار تۆن بوە، دهشڵێت، "هیچ مەترسییەک لەسەر ئاسایشی خۆراک لەناوچەکەدا نییە".
پێشتر سەرچاوەیەک لەئیدارەی خۆسەر بەپێگەی نۆرس پرێسی نزیک لەئیدارەی خۆسەری ڕاگەیاندبوو، پێشبینییەکان ئاماژە بەوەدەکەن، بەرهەمی گەنم لەناوچەی جزیرە ئەمساڵ دەگاتە نزیکەی 150 هەزار تۆن.
لای خۆیەوە جوان حەسەن هاوسەرۆکی لیژنەی سایلۆو ئاشەکانی ئیدارەی خۆسەر ڕایگهیاندوه، بڕی ئەو گەنمەی وەرگیراوە، جگە لەو کۆگایەی کە لەساڵانی پێشودا ماوەتەوە، بەسە بۆ دابینکردنی پێداویستی گەنمی ڕۆژئاوای کوردستان بۆ ماوەی دوو ساڵ.
جەختیشیکردەوە، ئاسایشی خۆراک لەناوچەکە جێگیرەو مەترسی لەسەر نییە.
حەسەن هەروەک وتویەتی، "پلانی ستراتیژیی لیژنەکە فۆکەس دەخاتەسەر پاڵپشتیکردنی جوتیاران لەڕێگەی هەموو توانا بەردەستەکانەوە، بەدابینکردنی سوتەمەنی گازۆیل بهگوێرهى پلانی کشتوکاڵی پەسەندکراو، جگە لەدەستەبەرکردنی تۆوی گەنمو پەینی ئۆرگانی بۆ بەروبومی ئاودێریی، هەروەها دابینکردنی بەروبومی بەراو کە لەلیژنەکانی کشتوکاڵدا تۆمارکراون بەتۆو و پەین بەنیوەی نرخی بازاڕ.
