به‌غدا مه‌رجێك بۆ حكومه‌تى هه‌رێم داده‌نێت‌و هۆشداریى له‌كشانه‌وه‌ له‌ڕێكه‌وتن ده‌دات

کوردستان

12 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 36713 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

په‌رله‌مانتارێكى خولى پێشوى عێراق ئاشكرایده‌كات، له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و نه‌وته‌ى بڕیاره‌ بدرێته‌وه‌ به‌هه‌رێمى كوردستان، به‌غدا مه‌رجێكى هه‌یه‌و داوایكردوه‌، هاوشێوه‌ى شاره‌كانى دیكه‌ى ناوه‌ڕاست‌و خواروى عێراق، به‌نزین نرخه‌كه‌ى 450 دینار بێت، ده‌شڵێت:"به‌غدا جه‌ختیكردوه‌ته‌وه‌، ئه‌گه‌ر پاڵپشتى سوته‌مه‌نى نه‌كرێت له‌هه‌رێم، ئه‌وا 16 دۆلار به‌كۆمپانیاكانى وه‌به‌رهێنى نه‌وت نادات".

 
د.غالب محەمەد، ئەندامی خولی پێشوی پەرلەمانی عێراق، بە شارپرێسی ڕایگەیاند، ئەو دەسەڵاتەی پارتی و یەكێتی كەبەناوی هەرێمی كوردستانەوە قسەدەكەن و حوكم دەكەن هەر ڕۆژە و بەڵایەك بەسەر ئەم هەرێمەدا دەهێنن و دەڵێت،" دەبێت لەوە تێبگەن کەگرنکە ڕێکبکەون لەگەڵ عێراق لەپێناو خۆشگوزەرانی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان و پێدانی موچەکانیان،".

لەبارەی مەرجی حكومەتی عێراقی بۆ هەرێم جەختی كردەوە، ئەوەش ڕونە کەعێراق داوای ٪٥٠ داهاتی ناوخۆ لەگەڵ نزیکەی ٣٠٠ هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە دەکات، بەڵام هەرێم وتویەتی من ١١٥ هەزار بەرمیل نەوت بەکاردەهێنم بۆ ناوخۆو زیاتر ڕونیكردەوەو وتی،" لەبەرامبەردا لیژنەی عێراق پێی ڕاگەیاندون کەئەو ڕێژە نەوتە بەکاردەهێنن بۆ ناوخۆ دەبێت بەنزین بکرێتە نرخی حکومی واتە بەنزین بکرێتە ٤٥٠ دینارو پاڵپشتی بکرێت، بەڵام هەرێم وتویەتی ئێمە بەبازرگانی دەیفرۆشین، لەبەرامبەردا پێی ڕاگەیاندون ئەگەر پاڵپشتی بەنزین و سوتەمەنی نەکرێت بۆ ناوخۆ ئەوا ١٦ دۆلار نادەین بۆ هەر بەرمیلێک لەو نەوتە".

ئەوەشی خستەروو، داواکارییەکەی دیکەی حکومەتی عێراق ئەوەبوو، کەدەبێت موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کودستان (تەوگین) بکرێت، ئەویش بەپێدانی (UPN ە iban)، بەڵام بەرپرسانی یەکێتی و پارتی لەبارەی (تەوگین) کردنی موچەی فەرمانبەران بە لیژنەکەی عێراق یان ڕاگەیاندوە، بۆ ئەو بابەتە کاتمان پێبدەن و فشاری زۆرمان لێمەکەن".

د.غالب محەمەد دوپاتیشی كردەوە، گرنگە دۆخی هاوڵاتیان باشبکرێت کەچەندین ساڵە دەچەوسێنرێنەوە لەسەردەمی داعشەوە، هەر لەبڕین و پاشەکەوت و پێنەدانی موچەو نەمانی کەسابەت و خراپی بازاڕ تائەوەی گیرفانیان بڕاوە، ئەمڕۆ ڕێککەوتن بکرێت لەگەڵ عێراق لەسبەینێ گرنگترە بۆ هاوڵاتیان و موچەخۆران و بازاڕ.