ئەندامانی خێزانەكانی داعشە سورییەكان داوای نیشتەجێكردنیان لە رۆژئاوای كوردستان دەكەن

کوردستان

21/02/2024‌ 409 جار خوێندراوه‌ته‌وه

 

 شارپرێس:

هەزاران كەس لە ئەندامانی خێزانەكانی داعش كە خەڵكی ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی ڕژێمی سوریان ناتوانن بگەڕێنەوە زێدی خۆیان و داوا دەكەن لە ناوچەكانی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لە رۆژئاوای كوردستان نیشتەجێبكرێن.

بەپێی ئاماری ئیدارەی ئۆردوگای هۆڵ، ژمارەی ئەو سوریاییانەی لە كەمپەكەدا ماونەتەوە 16 هەزار و 684 كەسە، كە خەڵكی ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی ڕژێمی سوریا و ئۆپۆزیسیۆنن.

بەپێی بەڕێوەبەرایەتیی كەمپەكە، خێزانە سوریاییەكانی ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی ڕژێمی سوریا وەك حەلەب و حەما زۆر توندوتیژ و توندڕەون.

بەپێی راپۆرتی دەنگی ئەمریكا، خانەوادەكانی داعشە سوریاییەكان كە لە بەشی 5ی كەمپەكە دەمێننەوە، لە ترسی دەستگیركردن و كوشتن ڕەتیدەكەنەوە بگەڕێنەوە بۆ ناوچەكانی خۆیان و هیوادارن ئیدارەی خۆسەر لە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی خۆیدا نیشتەجێیان بكات.

ئیدارەی خۆسەر لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا زۆربەی ئەندامانی خێزانەكانی داعش كە خەڵكی ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتییەكەن لە كامپی هۆڵەوە گواستوونەتەوە بۆ ناوچەكانی خۆیان، دواجاریش لە ساڵی 2023دا 578 كەسی دیكە كە خەڵكی مەنبەج و ڕەققە بوون كەمپەكەیان بەجێهیشت و گواسترانەوە بۆ زێدی خۆیان.

ئیدارەی خۆسەر دەڵێت، گەڕانەوەی ئەو كەسانە بۆ ناوچەكانی خۆیان پەیوەستە بە چارەسەرێكی سیاسییەوە، بۆیە هیچ بڕیارێك نییە بۆ نیشتەجێكردنی ئەو خێزانانە لە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی خۆی.

بەپەلە