یەکەم مامۆستای ئاینی لەسەر خۆپیشاندان و بایکۆتی مامۆستایان و فەرمانبەران سزادرا

کوردستان

23/02/2024‌ 455 جار خوێندراوه‌ته‌وه


شارپرێس ـ هەردی حەسەن

دوای ئەوەی مامۆستایەکی ئاینی قەزای حاجیاوا لە سنورى ئیدارەى ڕاپەڕین، چەند جارێک بەشداری کرد لە خۆپیشاندانی مامۆستان لەبەردەم پەروەردەی ڕانیە، ئەمڕۆ ئاگادارکراوەتەوە کە نابێت وتاری ڕۆژی هەینی لە مزگەوتەکەی بخوێنتەوە.

مامۆستا مەلا کاوە شفیع تاهر، وتاربێژ و پێشنوێژخوێن لە مزگەوتی حاجی ئەرسەلان لە قەزای حاجیاوا بە شارپرێسی ڕاگەیاند، دوای ئەوەی بۆ چەند جارێک شانبەشانی چەند مامۆستایەکی ئاینی بەشداربوون لە گردبوونەوە خۆپیشاندانی مامۆستایان و فەرمانبەران لە بەردەم پەروەردەی ڕانیە، ئەمڕۆ ئاگادارکراینەوە کە نابێت وتاری ڕۆژی هەینی پێشکەش بکەین لە مزگەوتەکەمان.

ئەو مامۆستا ئاینییە وتیشى: ئەوە لەکاتێکدایە بەشداری ئێمە هەروەک مامۆستایەکی تر قسەی حەق و بەجێمان کردووە، لە قسەکانماندا باسی بەش مەینەتی میللەت و گوێنەدانی بەرپرسان بەداوا و خواستی مامۆستایان بووە.


مامۆستا مەلا کاوە سزادانەکەى بەسیاسی ناودەبات و دەڵێت: ئەوە سزای سیاسی و له هه ر شوێنێک ستەم هەبێت ئێمە دژی دەوەستینەوە پشت به خوا.

سزادانی ئەو مامۆستا ئاینییە لەکاتێکدایە ماوەی 5 مانگەبوو مامۆستانی سنوری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەکانی گەرمیان و ڕاپەڕین و قەزای کۆیە بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندنیان کرد، بۆ داوا خواستەکانیان چەندین جار گردبوونەوە خۆپیشاندانیان ئەنجام دا لەگەڵ مامۆستایان  بەشێک لە فەرمانبەران و مامۆستایانی ئاینیش بەشدار دەبوون.