بنیامین ناتانیاهۆ خەریکی چیە؟

جیهان

09/03/2024‌ 1198 جار خوێندراوه‌ته‌وه

ئامادەکردنی : میهرەبان مەلا رەئوف 
ناتانیاهۆ ئیستا بە یەکیک لە سەرکردە گرنگەکانی ی جیهان دادەنرێت کە لە توانایدایە چارەنوسی هەزران فەلەستینی لە کەرتی غەزە و کەناری رۆژئاوای فەلەستین و پاشەرۆژی نزیکی رۆژهەلاتی ناوەراست دیاریبکات . ناتانیاهۆ بۆ پینج سال سەرباز و ئەفسەر بوە لەناو هێزی تایبەتی ئیسرائیل لە ١٩٦٧ – ١٩٧٢ ، دەرچوی زانکۆی   MIT ئینستوتی تەکنەلۆژى ماساچوستس لە ئەمەریکا و لە هەشتاکاندا سەفیری ئیسرائیل بووە لە واشنتۆن و لە سەرەتای دووهەزارەکاندا وەزیری دارایی ئیسرائیل بوو. ناتانیاهو کە گرنگترین کەسایەتیە لە جەنگی حەماس و ئیسرائیل ، سێ جار سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بوە: ١٩٩٦ – ١٩٩٩ ؛ ٢٠٠٩ – ٢٠٢١ ، ٢٠٢٢ هەتا ئیستا کە خاوەن بریاری یەکلاکەرەوەی جەنگی غەزەیە . 
سەرۆک وەزیرانی ئێستای ئیسرائیل لە ووتارێکیدا بە بێ دوودڵی ووتی کە ئیسرائیل سێ ئامانجی نەگۆڕی هەیە لە جەنگی دژی حەماس :
١. لەڕەگەوەهەڵکەندن و لەناوبردنی تەواوەتی حەماس 
٢. گێرانەوەی بارمتە ئیسرائیلیەکان بە سەلامەتی
٣. دلنیابوون لەوەی کە غەزە هەرگیز نابێتەوە بە هەرەشە لەسەر ئیسرائیل . 
هەلوێستی پتەوی ناتانیاهو بەلگەیە لەسەر پابەندبونی بەردەوامی بە بەها بنەرەتیەکانیەوە کە بریتیە لە پاراستنی دەوڵەتەکەی و گەلەکەی و پاشان هەوڵدان بۆ بەدەستهینانی ئاشتی و دڵنیابوون لە مانەوەی ئیسرائیل  وەکو دەوڵەتێکی خاوەن سەروەری . هەروەها وەبیرهێنانەوەیە بۆ ئەو خۆراگری و ئیرادەیەی کە دەولەتی ئیسرائیل لە سەرەتای دامەزراندنیەوە پێناسەی کردوە . 
ناتانیاهۆ و جەنگ  
لە دیسەمبەری ٢٠١٦ ناتانیاهۆ لە کنیسەت دەرکەوت کە کتێبێکی جۆن لویس بەدەستەوە بوو . ناونیشانی کتێبەکە " جگە لەسەرکەوتن بڕبەنی لێیەی کەمی نیە : جەنگە چارەنوسسازەکان و وانەکانی مێژوو ". . 
 
ناتانیاهو لە کنێست لە ٢١ی دیسەمبە¬¬ری ٢٠١٦ کە کتێبەکەی جۆن لویسی بەدەستەوەیە : ئەو وێنەیە وەرگیراوە لە ئۆلیڤەر فیتۆسی هارێتز Olivier Fitoussi Haaretz
کتیبەکەی جۆن لویس شاکارێکە لە پێکەوەگرێدانی جەوهەری مێژوو و فەلسەفە ، جەختکردنەوەیە لەسەر گرنگی ئەخلاق وەکو سەنتەر لە جەنگدا . جۆن لویس باسی یەقینیی ئەخلاقی لەدۆزی مرۆڤایەتیدا دەکات لەگەل گرنگیدان بە ڕوخاندن و لەناوبردنی وورە و ئیرادەی دوژمن هەتا نەتوانن بەردەوامبن لە شەڕکردن . 
لێکۆلینەوەکەی جۆن لویس  لەسەر شەش جەنگی گەورەیە ، چواریان لەسەر جەنگی کۆن : جەنگی یۆنان و فارس ؛ جەنگی تیبان و جەنگی پونیکی دوەم و هەلمەتەکانی ئیمبراتۆریەتی رۆم بۆ ئۆریلیان و جەنگی ناوخۆی ئەمەریکا و دوو بابەتیشی بۆ جەنگی جیهانی دووەم تەرخان کردوە . جۆن لویس باسی چۆنیەتی شکستی ئیرادەی فارسەکان ئەکات لەلایەن یۆنانیەکانەوە ؛ چۆن تیبانەکان سەرابی سپارتایان تێکشکاند ، چۆن رۆمەکان بە خێرایی جەنگێکی دووورودریژیان کۆتایی پێهێنا لە ڕێی هێرشەوە بۆ سەر سەنتەری دوژمن ؛ چۆن ئۆریلیانەکان جەنگان دژی دوژمنەکانیان لە چەندین بەرەوە بۆ دووبارە یەکخستنەوەی رۆم ؛  چۆن کاروانی سوپای جەنەراڵ وولیەم شێرمان بە باشوری ئەمەریکادا تێپەڕی و ئیرادەی کۆنفیدراڵیەکانی بۆ شەڕکردن لەناوبرد بۆ هەتا هەتایە ؛ هەروەها  چۆن ئەمەریکا سەرکەوتنێکی هەمیشەیی بەسەر ژاپۆندا بەدەستهینا. جۆن لویس لە گێڕانەوی رووداوە گەورە مێژووییەکاندا چەندین وانەی گرنگی باس کردوە . جەوهەری بابەتەکەی جۆن لویس دەڵێت : جەنگی نیوەناچل ڕێگرە لە گەیشتن بە ئاشتی درێژخایەن ، بۆیە سەرکەوتنی تەواوەتی پێویستە بۆ گەیشتن بە ئاشتی درێژخایەن ، سەرکەوتنێک کە ئیرادەی دوژمن بەشێوەیەك بىشكێت کە لەتوانایدا نەبێت جارێکی تر بیر لە دوژمنایەتی بکاتەوە . جۆن لویس لەو شەش جەنگەدا هەوڵئەدات ئەوە بسەلمێنێت کە لە هەر یەکێک لەو جەنگانە یەکلاکەرەوە بوون لە پێناوی ئاشتی درێژخایەندا ؛  لایەنێک لە شەڕکەرەکان سەرکەوتنی تەواوەتی بەدەست هێناوە ، سەرکەوتنێک کە ئیرادەی دوژمنەکەی شکاندوە بەشێوەیەک لەتوانایانا نەماوە جارێکی تر بیر لە شەڕكردن بکەنەوە . 
ووتەیەک لە کتێبەکەی جۆن لویس : 
"سەرچاوەی هەموو جەنگیک بوونی ئێمەیە وەک مرۆڤ . توانای ئیمەی مرۆڤە کتومت بۆ بیرکردنەوە و پێشبینیکردن و داهێنان ؛ توانای ئیمەی مرۆڤە بۆ تێگەیشتنێک  کە بوارمان دەداتێ ئامانجی سیاسی دەولەت هەڵبژێرین و ئامانجی ئەخلاقی [یان نائەخلاقی ] بۆ خێر و شەڕ دیاریبکەین ؛ بۆ هەڵبژاردنی هاوپەیمان و دوژمن ؛ بۆ بریاردان لە جەنگ ؛ بۆ پیشەسازی چەک و تەقەمەنی و تەکنۆلۆجی ؛ بۆ داڕشتنی ستراتیج و تاکتیکی پیویست بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکانمان و هێشتنەوەیان بە زیندوویی ؛ هەروەها بۆ هاندانی هەموو گەل بۆ خوێنڕشتن ، یان بۆ جوداخوازی و یاخیبوون . جەنگ و ئاشتی هەردوکیان بەرهەمی بیرکردنەوەی مرۆڤن – بە تایبەت فکری ئەخلاقی کە لە توانایدایە پاڵ بە هەموو میللەتەوە بنێت بۆ خوێنڕشتن بە وەکالەتی ئیمپراتۆرێک ، سەرۆک خێڵێک ، خواوەندێک ، یان کەسێکی رۆحانی ؛ یان بۆ هاندانی هەموو میللەت بۆ ژیانێکی ئاشتیخوازانە لەژێر حوکمی دەسەڵاتێکدا کە پارێزگاری لە ماف و ئازادی خەڵکەکەی دەکات ". 
جۆن لویس ' ئەخلاق ' وەکو سەنتەر گرێئەدات  بە هەموو ئەو جەنگانەوە کە باسیکردوون . بۆ نمونە باسی ئایدۆلۆجی پاشای فارس ئەکات کە هیرشی کرد بۆ داگیرکردنی یۆنان . جۆن ئەڵێت : لە پێناوی ئامانجی فراوانکردنی مەملەکەتەکەی لە سەرانسەری جیهاندا ،  پاشای فارس ئەخلاقی گرێدابوو بە شکۆمەندی خواوەندەوە ، بۆیە ئیدیعای ئەوەی دەکرد کە هەموو گەل پێویستە ملکەچبکەن بۆ پاراستنی خواوەند و شکۆمەندیەکەی . بە هەمانشێوە ، ئەوەی کە هاندەری ئیمپراتۆری یابان بوو بۆ فراوانکردنی ئیمپراتۆرەکەی لەریگای داگیرکاریەوە ، ئایدۆلۆجیەک بوو کە هەلگری قوربانیدان بوو لە پێناوی شکۆمەندی باڵاتردا بۆ ئیمپراتۆر وەکو بەرزترین فکری ئەخلاقی .  لویس هەروەها نیشانی دەدات کە بۆ ئەوەی نەتەوەیەکی زوڵملیکراو بەرگری لە خۆی بکات و سەرکەوتن بەدەست بهینیت بەسەر لایەنە هیرشبەرەکەدا ، پێویستە ئەو  هۆکارە ئەخلاقیەی یان ئایدۆلۆجیەی کە پالنەربوە بۆ هێرشكردن لەڕەگوڕیشەوە هەڵبکەنرێت و لەناوببرێت . لەو حالەتەدا جۆن لویس دەڵێت لە جەنگی ئیمپراتۆری یابان دژی ئەمەریکا ، سەرکەوتن بۆ ئەمەریکا بریتی بوو لە پەشیمانکردنەوەی یابانیەکان لە بریاڕەکانیان بەشێوەیەک لە خۆتەرخانکردن بۆ شەڕ پاشگەزببنەوە ، بۆیە بڕیاری سەرکردایەتی گەل و سوپای ئەمەریکا بە گشتی بریتی بوو لە ڕەتکردنەوەی ئەو هۆکارە ئەخلاقیە یان ئایدۆلۆجیەی کە لە پشت ئیمپراتۆری یابانەوە بوو بۆ شەڕکردن . 
ناتانیاهۆ و جۆن لویس : 
ناتانیاهۆ بە مەبەست ئەو کتێبەی پیشنادا لە ناو کنێسیت بۆ ئەوەی بە هەموو جیهان بڵێت کە قەناعەتی بێئەندازەی هەیە بە بەهای رۆشنبیری مەوزوعی ئەو پرەنسیپە ڕوون و ئاشکرایانەی جۆن لویس باسیکردوە . پاشان لەساڵی ٢٠٢٢ دا ناتانیاهۆ کتێبێکی خۆی بڵاو کردەوە بەناوی  Bibi My Story.   ناتانیاهۆ لە کتیبەکەیدا ئەڵێت : هێز ، ئاشتی بەرهەم ئەهێنێت ، هەروەها سەرسامی و باوەڕی خۆی بە کتیبەکەی جۆن لویس نیشان ئەدات کە ئەڵێت : جگە لە سەرکەوتنی سەربازی ، هیچ رێگایەکی تر نیە بۆ ئاشتی هەمیشەیی.
 ناتانیاهۆ و ڕێكەوتنی ئۆسلۆ : . 
بیڵ کلینتۆن ، سەرۆکی ئەمەریکا کارێکی ناوازەیکرد کە سەرۆکەکانی پێشتر بۆیان نەکرابوو . کلینتۆن توانی یاسرعەرەفات و ئیسحاق رابین لە کۆشکی سپی کۆبکاتەوە و تەوقەبکەن و بەلگەنامەیەک ئیمزا بکەن ، کە بوو بە سەرەتا بۆ ڕێکەوتننامەی ئاشتی لە ئۆسلۆی پایتەختی نەرویج . پرۆسەی ئاشتی دەستیپێکرد و رێکەوتن کرا کە ئیسرائیل بنیاتنانی شوێنی نیشتەجیبونی نوێ رابگرێت و ئامادەکاری بکرێت بۆ دامەزراندنی دەولەتی فەلەستین و نەتەوە یەکگرتوەکان بڕیاری ژمارە ١٨١ ی دەرکرد بۆ زیندووکردنەوەی رێکەوتننامەی ساڵی ١٩٤٧ کە ئەو خاکە دابەشبکریت بۆ دوو دەولەتی فەلەستین و ئیسرائیل . 
 
بەڵام هەروەکو ئەوەی کە ئەتوانیت ئەسپێک ڕاکێشیت بۆ سەرجۆگەئاوێک بەلام ناتوانیت بەزۆر ئاوی پێبخۆیتەوە ، کلینتۆن توانی ئەو دوو سەرکردیە بەیەکەوە کۆبکاتەوە ، بەلام نەیتوانی وایان لێبکات بەتەواوەتی یەکترقبوڵبکەن . هەر لەو دیدارەدا کە عەرەفات دەستی درێژکرد بۆتەوقەکردن ، ئیسحاق رابین دوودڵی پێوەدیار بوو . 
ئەو کاتە بنیامین ناتانیاهۆ وەکو سەرۆکی ئۆپۆسزیۆن دژی رێکەوتنەکە بوو . هەر لەو کاتەدا  کەسێکی توندرەوی جولەکە بەناوی ئیگال ئەمیر لە کۆبونەوەیەکی پشتیوانیکردن بۆ ریکەوتنەکە لە نۆڤەمبەری ١٩٩٥ بە دەمانچەیەک سێ گولەی دا لە پشتی رابین و کوشتی . کوشتنی رابین دەرفەتی  بۆ ئاشتی نێوان ئیسرائیل و فەلەستین لەبار برد . ئیگال باوەڕی وابوو کە رێکەوتنی ئۆسلۆ بریتیە لە نوسینەوەی کۆتایی جیهانێک  کە خودا بەخشیویەتی بە جولەکە . 
دوای ئەو روداوە تیرۆریستیە ،  ژنەکەی رابین کە ناوی ' لیا ' بوو ،  ناتانیاهۆ و حیزبی لیکۆدی تۆمەتبارکرد بەهۆکاری تیرۆرکردنی رابین ی مێردی . هەرچەندە ناتانیاهۆ لەوکاتەدا بەڕواڵەت بانگەوازی بۆ ئاشتەوایی کرد ،بەلام لیا ووتی " تازە کارلەکار ترازاوە ، ئەوەی رویدا رەشەبایەک نەبوو لە ئاسمانەوە ، بەلکو لە خاکێکی زۆر تایبەتەوە هەڵیکردبوو " . رۆژنامەی ئیسرائیلی هارێتز ئیشارەتی بۆ گروپی ناتانیاهۆ و حیزبی لیکۆد کرد وەکو ئەو خاکەی کە لیا باسی ئەکرد . لەبەر ڕۆشنایی ئەو ڕووداوانەدا ، ناتانیاهۆ هۆکار بوو بۆ ئەوەی زایۆنستێکی  توندڕەو ببێت بە کەسایەتیەکی پاڵەوان ، لەکاتیکدا هەزاران کەس بە دەنگی بەرز و لە قوڵایی دڵیانەوە  بە تیرۆریست ناساندیان . 
پاشان لە ١٩٩٦ وە ناتانیاهۆ وەکو سەرۆک وەزیران ە بەیارمەتی توندرەوەکان بەردەوام بوو لە فراوانکردنی شارەکانیان لە کەرتی رۆژئاوا ،  چونکە باوەڕیان وابوو کە خودا ئەو پارچە خاکە پیرۆزەی پێبەخشیون ، لەکاتێکدا یاسای نیودەولەتی ئەو فراوانخوازیانەی بە نایاسایی لەقەلەم ئەدا .  
تاکتیکی ناتانیاهۆ : 
مانگێک پێش شەڕی حەماس و ئیسرائیل ، لە سیپتەمبەری ٢٠٢٣ لەناو هۆڵی کۆبونەوەی نەتەوە یەکگرتوەکان ، ناتانیاهۆی سەرۆک وەزیران  تاکتیکی خۆی ئاشکرا کرد بۆ احتوا کردنی حەماس و کۆتاییهێنان بە ململانێی نیوان ئیسرائیل و فەلەستین . بەشێک لە ووتارەکەی ناتانیاهۆ لە نەتەوە یەکگرتوەکان :   
" زیاتر لە سێ هەزار ساڵ لەمەوپێش سەرکردەو گەورەمان موسا بەو ئیسرائیلیانەی ووت کە خەریکبوو ئەچوونە ناو خاکی پیرۆزەوە : لەوێ دوو چیای بەرامبەر یەک ئەبینن :  چیای گەریزم ئەو شوێنەی کە نیعمەتێکی گەورەی لەسەر رادەگەیەنرێت  ، و چیای عیبال کە جێگای نەفرەتێکی گەورەیە . موسا بە خەڵکەکەی ووت : لەو شوێنەدا چارەنوسی خەڵک بۆ نیعمەت یان نەفرەت هەڵدەبژێردرێت .
ئەو هەڵبژاردنی نیعمەت و نەفرەتە رەنگدانەوەی هەبوە نەک تەنها بۆ جولەکە ، بەلکو بۆ هەموو گەلان و مرۆڤایەتی بە درێژایی میژوو . ئیمە ئەمرۆ لەنیوان هەمان هەلبژارندایین ، لەنیوان ئەوەی کە چێژ لە هەمان نیعمەتی میژوویی ببینین و خۆشگوزەرانی و هیوای هەتاهەتایی بەدەستبهێنین ، یان نەفرەتی شەڕێکی ترسناک هەڵبژێریین  کە بریتی بێت لە تیرۆر و نائومێدی . 
پێنج ساڵ لەمەو پێش ئاگادارم کردنەوە لە هەڕەشەی ئیران ، ووتم ئەوان نەفرەتن  بۆ خەڵکەکەی خۆیان و بۆ هەرێمەکە [رۆژهەڵاتی ناوەراست ] و بۆ هەموو جیهان . بەلام ئیستا باسی ئەو نیعمەتە ئەکەم کە لە ئاسۆوە دیارە . ئەمرۆ ئەڵیم کە هەرەشەی ئیران بووەتە هۆی نزیکبونەوەی  ئیسرائیل و زۆربەری دەوڵەتانی عەرەبی ، نزیکبونەوەیەک کە بە دریژایی مێژوو ڕووینەداوە . دەڵێم ئیستا ئیسرائیل گەیشتوەتە ئاستێک کە لە توانایدایە ئاشتیەکەی فراوان بکات بۆ دراوسێ عەرەبەکانی پشتەوەی میسر و ئەردەن . من لەگەڵ ئاشتیدام لەگەل فەلەستینیەکان ، بەلام نابێت ئەو هەقە بدەین بە فەلەستینیەکان کە ڤیتۆیان هەبێت لەسەر دەوڵەتە عەرەبیەکانی تر . من ئەڵیم ئاشتی لەگەڵ دەوڵەتە عەرەبیەکانی تردا  ئاسۆی ئاشتی لە نێوان ئیسرائیل و فەلەستینیەکان ڕووناکتر ئەکاتەوە . سەیرکەن : هەرچەندە فەلەستینیەکان لەسەدا دووی جیهانی عەرەبیین ، بەڵام باوەڕیان وایە کە پێویستە لەسەر لەسەدا ٩٨کەی تر وەکو دەوڵەت نابێت ئاشتی بکەن لەگەل ئیسرائیل بەبێ رەزامەندی فەلەستینیەکان ، بەڵکو ئەبێت هەمیشە لە ئامادەباشیدا بن بۆ خنکاندن و وێرانکردن و هەڵوەشاندنەوەی دەوڵەتی  ئیسرائیل . 

ئیمە چۆن مێزەکەمان قڵپ کردەوە بەسەریاندا ؟ ئێمە ووتمان نەخێر، ئەتوانین سەرەتا لەگەڵ زۆرینە پێکبێیین و دەستمان پێکرد و کردیشمان . چونکە چآوەڕێی ئاشتی لەگەل فەلەستینیەکان بکەین ، ئەبێت هەر چاوەڕێ بیین . کاتێک فەلەستینیەکان ئەبینن زۆربەی جیهانی عەرەبی لەگەل ئیسرائیل ئاشتدەبێتەوە ، ئیتر ئەوانیش لەوانەیە واز لە فەنتازیای وێرانکردنی ئیسرائیل بهێنن و لەکۆتاییدا ڕێگەی ئاشتی بگرنەبەر .  بۆیە لەو بڕوایەدام کە پێویستە ئەو مافە نەدەین بە فەلەستینیەکان کە ڤیتۆیان هەبیت بەسەرهەر ڕێکەوتنێکی ئاشتی نێوان ئیسرائیل و دەولەتە عەرەبیەکانەوە . 

چەندین ساڵە رێبازی من بۆ ئاشتی لەلایەن شارەزایان و لێکۆڵەرانەوە رەتدەکرێتەوە ، بەلام ئەوان هەڵەبوون ، چونکە بە پێی رێبازەکەی ئەوان چارەکە سەدەیەکە یەک پەیمانی ئاشتی سەرینەگرتوە ، بەلام ئێمە بەکارکردن لەگەل ئەمەریکا ، ئێستا لەگەل چوار دەولەتی عەرەبی ئاشتبوینەتەوە : ئیمارات ، بەحرەین ، سودان و مەغریب . هەروەها لە سەرەتای پێشکەوتنێکی دراماتیکیداین بۆ ئیمزاکردنی ئاشتیەکی مێژوویی لەگەڵ سعودیە ....... کە دەبێتە هاندەرێک بۆ ئاشتەوایی بەرفراوانتر لە نیوان ئاینی جولەکە و ئیسلامدا ، لە نیوان قودس و مەککەدا ، لەنیوان نەوەکانی ئیسحاق و ئیسماعیلدا . هەموو ئەمانە نیعمەتی گەورەن . ئیستا سەیرکەن [ پەنجە بۆ وێنەکە درێژ ئەکات ] کاتێک ئاشتی لەگەل سعودیە دەکەین ، دیوارەکانی دوژمنایەتی دەڕوخێت و ئەگەری ئاشتی لە نیوان ئیسرائیل و دراوسێکانی تردا زیاتر ئەبێت و ناوچەکە ئەبێت بە رۆژهەڵاتی ناوەراستی نوێ . 
 
هەووەکو دەڵین لەپشت هەر دوکەڵێکەوە ئاگرێک هەیە ، ووتەکانی ناتانیاهۆش باکگراوندێکی تایبەتی خۆی هەبوو . 
نزیکەی ساڵێک پێشتر، لە دیسەمبەری ٢٠٢٢ ناتانیاهۆ چاوپیکەوتنێکی کرد لەگەل فەیلەسوفی کەنەدی جۆردەن پیتەرسۆن کە باسی تێڕوانینی خۆی بۆ ئاشتی نێوان عەرەب ئیسرائیل دەکرد بە ئیشارەتدان بە دوا کتێبی خۆی لەسەر ستراتیج و تاکتیک بۆ پەیوەندی نیوان جیهانی عەرەبی و ئیسرائیل .  

ناتانیاهۆ باسی میژوی ئیسرائیل و عەرەب دەکات و ئەڵێت : ئیمە خاوەنی ئەو خاکەین کە پێی دەڵین ئیسرائیل و فەلەستین . ئێمە لە ٣٥٠٠ سال لەمەوپیشەوە لێرە دەژیایین هەتا سەدەی حەوتەم کە عەرەب لە نیمچەدورگەی عەرەبیەوە هاتن و داگیریان کرد و ئێمەی جولەکەیان دەرکرد و بۆ چەندین ساڵ ئاوارەی ئەم جیهانە بووین . ئەوان خاکەکەی ئێمەیان هەر بە وێرانی هێشتەوە . ئیتر لەو کاتەوە جولەکە ئەیانووت ساڵی داهاتوو ئەگەرێینەوە ، ساڵی داهاتوو ئەگەڕێینەوە ، ساڵی داهاتوو ئەگەڕێینەوە ؛ هەتا لە ناوەراستی سەدەی رابوردوو گەڕاینەوە . لەوکاتەدا بە عەرەبەکانمان ووت با بەیەکەوە لێرە بژین  بەلام ئەمە خاکی ئێمەیە و هەر وەکو خاکی ئێمە ئەمینێتەوە . ئەوان ووتیان نا : ئێوە داگیرکەرن و ئەبێ لەناوبچن و مافی مانەوەتان نیە لێرە . بەڵام ئێمە بڕیارمان دابوو بێهیوا نەبین چونکە جولەکە و ئەو خاکە دوانەیەکی گرێدراوون . بە عەرەبەکانمان ووت ئێمە بەریتانیەکان نین لە هندستان، یا بەلجیکیەکان لە ئەندەنوسیا ، بەڵکو ئێمە خەڵکی رەسەنی ئێرەیین . پاشان پێنج دەولەتی عەرەبی هێرشیان کردە سەرمان و بوون بە هۆکار بۆ ئاوارەبوونی سەدان هەزار عەرەب و لە هەمانکاتدا بە جولەکەکانی لای خۆیان دەرکرد و ئەوانیش هاتنەوە بۆ ماڵی خۆیان ؛ لەهەمان کاتدا ئەوان بە ئاوارە عەرەبەکانیان ووت سەبرکەن ماوەیەکی کەمەو دەگەرێنەوە  ، بەڵام هەتا ئێستاش نەیانتوانیوە بگەرێنەوە وهەرگیز ڕێگەیان نادەین بەو شیوەیەی ئەوان ئەیانەوێت بگەرێنەوە .  

هۆکاری هەموو ئەو جەنگ و ئاوارەبوونە بریتیی بوو لە توڕەیی عەرەب و رەتکردنەوەی کیانی سەهیۆنی . بەلام ئیستا تێگەیشتوون کە بوونی دەولەتی ئیسرائیل راستیە و بەهێزە و هەمیشەییە و ئەوان توانای لەناوبردنیان نیە ، بۆیە هەندێکیان لەگەڵمان ئاشتبوونەوە . 
ناتانیاهۆ باوەری بەخۆی و بە زۆرینەی ئیسرائیلیەکان هیناوە کە بەردەوام ئەبن لە فراوانکردنی خاکەکەیان.  
چۆن ئیسرائیل بەهێزتر بوو ؟

کتێبەکەی ناتانیاهۆ ناوی  Bibi My Story   کە باسی ستراتیج و تاکتیکی خۆی ئەکات بۆ بەهێزکرنی ئیسرائیل لەپاڵ جۆنیەتی پرۆسەی ئاشتبونەوە لەگەل جیهانی عەرەبی . هەروەکو جۆن لویس ، ناتانیاهۆ ئەڵێت "هێز ، ئاشتی بەرهەمدەهێنێت " . ناتانیاهۆ دەڵیت هێزی دەوڵەت تەنها عەسکەری نیە ، بەلکو چەند کۆڵەکەیەی هەیە : ئابوری ، سەربازی ، دپلۆماسی ، بە یارمەتی زانیاری . 
لەڕووی ئابوریەوە ناتانیاهۆ ئەڵێت : 
بۆ بەهێزکردنی توانای عەسکەری ، پیویستمان بە کڕینی هێزی ئاسمانی و دەریایی و ووشکانی و دژە ئاسمانی هەیە . ئەوەش پارەی پێویستە ، بۆیە پیویستە ئابوریەکەمان بەهێز بێت . ئابوری باش پیویستی بە تەکنۆلۆجیا و بازاری ئازاد و سەرمایە هەیە . بەگرێدانی ئەم سێ ئامرازە بەیەکەوە ، ئیسرائیلێکی بەهێزتر ئامادە ئەکەین . پاشان کە جیهانی عەرەبی بەهێزیی ئیسرائیلی بینی ، ئیتر تێئەگەن کە لەتوانایانا نیە ئیسرائیل لەناوبەرن . ئەمەش ئەو تاکتیکەیە کە من ئەڵێم با لە پشت میسر و ئەردەننەوە دەست پێبکەین . ئێستا زۆربەیان وازیان هێناوە لە خنکاندنی ئیسرائیل .

ناتانیاهۆ ئەڵێت : کە یەکەمجار بووم بە سەرۆک وەزیران، حکومەت لەسەرەوە زۆر قەلەو بوو ، بەڵام  لەخوارەوە لاواز . ئەو حکومەت بە کەرتی گشتی دائەنێت و خوارەوە بە کەرتی تایبەت . ئەو دەڵیت کەرتی گشتی قەلەو ، لەسەر کۆڵی کەرتی تایبەتی لاواز . من وەکو سەرۆک وەزیران پێویست بوو ڕێجیم بە قەلەوەکە بکەم بۆ سووککردنی باری سەرشانی لاوازەکە ، واتە پیدانی ئۆکسجین بە سییەکانی لاوازەکە ، کە بریتیی بوو لە سێ شت : کەمکردنەوەی باج ، کەمکردنەوەی باج ، کەمکردنەوەی باج . لابردنی بەربەست لەبەردەمی کەرتی تایبەت و بازاری ئازاد و سەرمایە  گەشەی ئابوری خێرائەکات . ئیتر کەرتی تایبەت هەموویان ڕایانکرد بۆ ئیشکردن ، بۆ پێشبرکێی زیادکردنی بەرهەم و باشکردنی کوالیتی  . قەڵەوەکان لەسەرەوە زۆر ڕقیان لێم بوو، بۆیە خەریکبوو لەرووی سیاسیەوە کۆتاییم پیبهێنن ، بەلام کاتێک هەموو ئیسرائیلیەکان ئەنجامی چاکسازیەکانیان بینیم ، دەرفەتێکی تریان پێدام و منیان لە مردنی سیاسی رزگارکرد . ئێستا داهاتی تاک لە ئیسرائیل زۆرترە لە بەریتانیا و فەرەنسا . 

لەڕووی دیپلۆماسیەوە ناتانیاهۆ ئەڵێت : 
بۆ تەجنید کردنی رای سیاسی ، پێویسەتە باسی بەرژەوەندی بکەیت ، بۆ رای خەلک پێویستە باسی دادپەروەری و مافی مرۆڤ بکەیت .  ئۆباما لە ٢٠١٥ دەیووت " ئاشتی ، هێز بەرهەم ئەهێنێت " .ئەو خاوەنی تێڕوانینی خۆی بوو ، مەبەستی تایبەتی خۆشی هەبوو،  بۆیە ریکەوتنی لەگەل ئێران کرد . بەلام من باوەرم وایە کە " هێز ، ئاشتی بەرهەم ئەهێنیت ". ئەمە دوو تێڕوانینی پێچەوانەیە لە نێوان ئیسرائیل و دۆستە هەمیشەییەکەی ، ئەمەریکا کە سەرۆکەکەی بەهێزترینی جیهانە . ئەو دوو تێڕوانینە ئالینگاریەکی گەورە بوو بۆ من [ ناتانیاهۆ ] لەگەڵ ئۆباما . بەلام هەڵبژاردنی دۆناڵد ترەمپ بە سەرۆکی ئەمەریکا دەرگایەکی گەورەی کردوە بۆ تێڕوانینە گەورەکەی من. 

ناتانیاهۆ ئەڵێت دەرکەوتنی ئیسرائیلێکی بەهێز بوو بە هۆی تێگەشتنی عەرەبەکان کە لە توانایاندا نیە ئیسرائیل گەمارۆ بدەن و بیخنکێنن و لەناوی بەرن ، بۆیە هەندێکیان بڕیارە راستەکەیاندا . ئێستا دوای ئەو رێکەوتنانە دەیان هەزار عەرەب و ئیسرائیلی هاتوچۆ ئەکەن لەنیوان ووڵاتەکانیانا ، بەیەکەوە لەسەر جادەکان ئاهەنگ ئەگێڕن ، ئاڵوگۆڕی ئابوری و کەلتوری و گفتوگۆ لەنێوانیاندا لەگەشەسەندندایە 
.  
سەرچاوەی بیرکردنەوەی ناتانیاهۆ " هێز ، ئاشتی بەرهەم ئەهێنیت " لە فەلسەفەی جۆن لویس ئەچێت کە دەڵێت : سەرکەوتنی مەزن ئاشتی درێژخایەن بەرهەم دەهێنێت . پێش جۆن لویس، ئیدوارد لوتواک خاوەنی فەلسەفەی "چانسێک بیەن بە جەنگ " دەڵێت: جەنگ ، ئاشتی راستەقینە دێنێتە ئاراوە ". 

ئیستا جەنگەی نێوان حەماس و ئیسرائیل ئەو دەرفەتەیە کە بنیامین ناتانیاهۆ و جۆن لویس و ئیدوارد لوتواک باسی ئەکەن.