حوکمی دادگایی

مەلەفی تایبەت

09/03/2024‌ 934 جار خوێندراوه‌ته‌وه


مەبەستمان لە حوکمی دادگایی، پێچەوانەی حوکمی دیموکراسییە. لە کاتێکدا لە دیموکراسیدا خەڵک دەبێت حوکم بکەن، دیارە لە میانەی پرۆسەی نوێنەرایەتیدا، بەڵام دادگا، دادوەر، لە سەر بنەمای یاسا، هێز، لە گەڵ دەستور حوکم دەکەن، بەم پێیە دادوەر و دادگا دانراو و دەستنیشانکراون، نەک هەڵبژێردراو یان بڕوا پێبەخشراو.
لەم ماوەی دواییەدا دادگای باڵای فیدراڵی بوە بە جێگای پیادەکردنی حوکم لە عێراقدا. ئەم دیاردەیە نوێیە، بەو پێیە دادگاکە هەرچەندە سەرەتای دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ٢٠٠٥ بەڵام زۆربەی تەمەنی لە کار خراوبوو. وەک فایەق زەیدان دەڵێت، لە دایکبونێکی سەختی هەبوو. لە هەمانکاتدا دەرئەنجامی خواستێکی هەنوکەیی سیاسییە، لە پێناو فەراهەمکردنی هەڵبژاردنی ساڵی ٢٠٢١. ئەم ( ولادة عسيرة) وەک فایەق زەیدان دەڵێت، بۆ هەمیشە مایەی گومان و لاوازیی و سیاسی بونی دەزگاکە دەبێت، بۆیە دەبێت چارەسەریی بکات. کارابونی دەزگا، ئاماژەیە بۆ پەککەوتنی ناوەند و دەزگاکانی تر. ئەوەی جێگای سەرنجە، دادگای فیدڕالی لە ئەمڕۆی عێراقدا بە غرورێکی زۆرەوە ڕوبەڕوی هەموو دەزگاکانی تری وەک پەرلەمان و سەرۆکایەتی دەبێتەوە. ئەمە لە کاتێکدا کە دادگاکە کێشەی دەستوری و شەرعی و تێگەیشتنی ڕۆڵ کرداری زۆرە. بەڵام لە ئێستادا بە ئەمری واقیع، کاراترین و کاریگەرترین دەزگای حوکمداریی وڵاتە. 
سەرەتای پاشخانێکی فیکریی بۆ دەزگاکە دەخەمە ڕوو، پاشان سەرنج دەخەمە سەر ئەم بڕیارانەی دوایی. بیرۆکە و پلانی دادگای فیدڕاڵی دەگەڕێتەوە بۆ پۆل برێمەر. برێمەر پلانڕێژی بە لیبرالکردنی عێراق بوو. دەستوری عێراقی کە لیبرالترین دەستوری ناوچەکەیە دەرئەنجامی ئەمەیە. بۆیە پاشخانی ئەمریکایی بونی دەزگاکە گرنگە.
خەسڵەتی دەسەڵاتی لیبرال وەهایە؛ هەوڵ دەدات کە دەسەڵات بە گشتی و بە زۆری لای هیچ کەس و ناوەندێک کۆنەبێتەوە، چونکە کۆبونەوەی دەسەڵات، دەبێتە مایەی خراپبونی یان خراپ بەکارهێنانی. بۆیە جیاکاریی دەسەڵاتەکان، بە خەسڵەتی سەرەکی لیبرال دەناسرێتەوە. بیری جیاکاری لیبرال لە جۆن لۆکەوە دەستپێدەکات، مۆنتسکیو دادگەریی بۆ زیاد دەکات و پاشان لە سەردەستی باوانی دامەزرێنەری ئەمریکا بەرجەستە دەبێت.
 لە هەمانکاتدا فیدڕاڵ خۆی وەک بونیادێک و شێوازێک لە دابەشکردنی دەسەڵات، لە هەناو کەلتوری دەسەڵاتی لیبرالەوە هاتوە. ئەگەر جیاکاریی دەسەڵاتەکان جیاکارییەکی ئاسۆیی بێت، ئەوا فیدڕاڵ و هەموو شێوەکانی لامەرکەزی جیکاریی ستونییە. بەڵام نەبونی تێگەیشتن و  لاوازیی کەلتوری لیبرال لە هەناو کەلتوری سیاسی و ئاگایی گشتی عێراقدا، فیدراڵی کردوەتە مەترسی و مۆتەکە، بە جۆرێک ناوهێنانی وەک تابویەک و بڤەیەکی لێهاتوە. بۆ نمونە، وەک جۆرێک لە پەراوێزخستن و شاردنەوە، وشەی اتحادی عەرەبی کە لە بڕی فیدراڵ بەکاردێت، ژە بە هیچ جۆرێک مانای فیدرال نادات، بەڵکو مانای یونیەن دەدات، کە لەو پاشخانەوە هاتوە، کە اتحاد، بە پێچەوانەی فیدراڵ، جەخت لە یەکبون دەکاتەوە نەک جودایی. بەڵام مەبەستی سەرەکی لە نەوتنی وشەکە نکوڵیکردنیەتی.
دادگای فیدڕاڵی لە ئەمریکاش خۆی مایەی مشتومڕە. یەکێک لە باوانی دامەزرێنەری ئەمریکا کە ئەلکسەندەر هاملتنە، وەها باسی دەکات کە دەزگایەکە نە گیرفانی هەیە، نە شمشێر، بە زمانی ئەو کاتەی ئەمریکا یانی نە سەرچاوەی پارە و دارایی هەیە، نە چەک و هێز. نەبونی ئەم دوانەش وەها بینراوە کە مایەی لاوازی بێت. وەها دیارە ئەو سەردەمەی ئەمریکا وەک ئەمڕۆی عێراق وەهابوە کە چەک و دراو بنەمای دەسەڵات بوون.
ئەم دەزگا یاساییە، وەک ڕۆبەرت دال ناوی دەبات، مایەی مشتومڕ بوە لە ئەمریکا. ڕەنگە توێژینەوە کورتەکەی بیرمەندی سیاسی گەورە ڕۆبەرت دال کە لە ساڵی ١٩٥٧ نوسراوە، یەکێک بێت لە هەرە توێژینەوە دیارەکان دەربارەی ئەم دەزگایە. 
لە ئاستی ئایدیالدا، دادگا بۆ ئەوە دامەزراوە، هەتا نا سیاسیانە، مشتومڕی نێوان ناوەندە جیاوازەکانی دەسەڵات لە وڵاتدا یەکلایی بکاتەوە. چونکە وەک دەزانرێت هەردوو دەسەڵاتی یاسادانان و دەسەڵاتی جێبەجێکردن لە لایەن حیزبەکانەوە دیاری دەکرێن و هەمیشە دەبنە مایەی سیاسیی بوون لە ناو کایەی دیموکراسیدا. ئەم ڕۆڵی ناسیاسی بوونە لەگەڵ، کۆتابون و نەبونی توانای تانە لێداندا دەردەکەوێت، چونکە دادوەریی وەها دەبینرێت کە دەبێت یەکلاکەرەوە و کۆتایی پێهێنەربێت.
بەڵام لە بەر نەبونی گیرفان و شمشێر، دەسەڵاتی دادگای باڵا هەمیشە بە دەست جێبەجێکردنی ناتەواو و پشتگۆخستنەوە دەناڵێنێت. دیارە ڕای گشتیش ڕۆڵ دەبینێت، بە گشتی کاتێک بڕیاری دادگا لە لایەن خەڵکەوە پشتگیریی بکرێت ئەوا چانسی جێبەجێکردنی زیاترە، لەوەی لە لایەن خەڵکەوە نەیارێتی بکرێت.
دادگای فیدڕاڵی عێراقی کۆمەڵێک کێشەی زۆری هەیە. یەکەم، بێلایەنی لە عێراقدا، بە مانای ئەوە دێت کە هەموان تیایدا بەشدارن، بە تایبەتی هەموو حیزبەکان، ئەمەش بە هیچ شێوەیەک بێلایەنی نیە و نابێتە مایەی بێلایەنی. دیارە ئەمە تەنها لە دادگانیە بەڵکو لە هەموو دەزگاکانی تردا بونی هەیە. ئەم جۆرە تێگەیشتنە لە بێلایەنی دژ بە سروشتی بێلایەنیە. وەک کۆمیدیاکاری ناسراو ئەحمەد البشیر ئاماژەی پێدەدا، هەمیشە لە گەڵ ناوهێنانی بێلانی لە عێراق، دەبێت زیاتر پێبکەنین.
دووەم، کێشە زاڵبونی کەسی سەرۆکە بە سەر دادگاکەدا. وەک لە زۆر ناوەندی تردا دەبینرێت. ئەم دادوەرەش لە هێزێکی سیاسی تایبەتەوە نزیکە کە چەند هەفتەیەک لەمەوپێش کوڕەکەیان بۆ پارێزگاری دیالە هەڵبژارد بەڵام لە بەر بچوکی تەمەن ڕێگریی لێکرا. 
سێیەم، نەبونی کەلتور و تێگەیشتنی فیدڕاڵ لە هەناو کەلتوری یاسایی و خوێندنی عێراقدا، هەروەها لاوازبون یان نەبونی کەلتوری لیبرال یان تەنانەت دژایەتیکردنی زۆری لە لایەن نوخبەی سیاسی ئەمڕۆی عێراق و کوردستانەوە. دیارە ئەم کێشانە تەنها کێشەی دادگای فیدڕاڵی نین، بەڵکو هەموو دادگاکان بە دادگاکانی کوردستانیشەوە، بە دەست ئەم کێشانەوە دەناڵێنن. پاش ئەم پاشخانە کورتە: دەمەوێت بە کورتی باس لە دواین بڕیاری دادگا بکەم دەربارەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم.
 بڕیاری پێدانی موچە لە لایەن حکومەتی ناوەندەوە، دەکرێت خوێندنەوەی باش و هەروەها نێگەتیفیشی بۆ بکرێت. ئەگەر حکومەتی ناوەند بەبێ هیچ ڕێگرییەک موچەی خەڵکی کوردستان بدات، ئەوا نەک تەنها بە سودی ئابوری، بەڵکو بە سودی زۆری دیموکراسی کوردستان دەشکێتەوە، چونکە ڕەنگە بۆ یەکەمجار ببێتە مایەی دروستبونی چینی ناوەند لە وڵاتدا. چینی ناوەند ئەو چینەیە کە ئەگەر داهاتی مسۆگەر بکرێت ڕەنگە بایەخ بە جۆری خوێندن و ئازادی و ماف بدات. 
هەرچەندە توێژی فەرمانبەرانی کوردستان و عێراق کە دێتە سەر کەلتور و ڕۆشنبیریی و ماف و ئاگایی مایەی گریانن. چونکە ئەوان لە هەناو کەلتوری کرێخۆریدا بوون بە بەشێک لە سیستەمەکە، کە لە ئەنجامدا عەقڵەیەتی کرێخۆرێتی دروستکردوە. بیرمەندی میسری حازم ببلاوی کاری باشی لە سەر ڕەهەندی عەقڵی ئەم بوارە کردوە. لە ساڵانی ڕابوردودا کە موجە کێشەی نەبوو، بە پلان و بە خواست، هەموو بوارەکانی وەک ماف و ئازادی و دەزگا و چۆنێتی دەسەڵاتەکان پشتگوێخران. ئەوەی موچەخۆران دەبێت بیزانن ئەوەیە کە بۆ مسۆگەرکردنی موچە دەبێت شەر بۆ زیاتر لە موچە بکەیت. لە هەناو سیستەمێکدا کە ماف و ئازادی و دیموکراسی هەبێت موچەش مسۆگەرە، بەڵام پێچەوانەکەی وەهانیە.
دادگای فیدڕاڵی لە سەروی هەمویەوە ئاماژەیە بۆ سەردەمێکی نوێ لە ڕێکخستنی هێز لە عێراق و ناوچەکە. کورد، پارتی و یەکێتی بە تایبەتی، لە سی ساڵی ڕابوردودا بە ئاستێکی وەها لە ناوە و دەرەوە دۆخەکەیان خراپ کردوە، کە باشکردنی مەحاڵە. هەرێم چیدی بواری هەڵە و سەرکێشی نیە، چونکە ئێستا وەک کەلەبچەکراوێک وەهایە هەتا زیاتر بجوڵێت کەلەبچەکەی توندتر دەبێت لە مەچەکیدا. 
هەرێم نەک نەیتوانی سیستەمەکی وەها تۆکمە دروست بکات کە بەرگەی ئەم فشارانە بگرێت، بەڵکو هێندە لاوازی هەیە، بە هەبونی هەر هێزێک و نیەتێک لە بەغداوە دژی بە ئاسانی لاواز دەبێت. کۆی سیستەمی حوکمڕانی هەرێم لە سەر پارە بونیادنراوبوو، لە بەرامبەر پەکخستنی دەزگاکان، کە بە پەکخستنی پەرلەمان دەستی پێکرد، ئێستا کە پارە لە دەستی هەرێمدا نەمێنێت، کۆی سیستەمەکە لە بەر مەترسی نەماندایە. مەترسییە گەورەکەش ئەوەیە، ئەوەی خۆی بە نەیار و جیاواز دادەنێت زۆر زیاتر پولەکییە لە دەسەڵاتدارانی هەرێم خۆی. 
دادگا ئەگەر سەربەخۆ و بێلان بێت لە هەموو دەزگایەک زیاتر پێویستە بۆ حوکمرانی، بەڵام بە پێچەوانەوە زۆر زیان بەخشە. بەڵام کوردستان ئەگەر بیەوێت ڕەخنە لە دادگای ناوەند بگرێت دەبێت بە نمونە بوون ڕەخنەی لێبگرێت، بەو مانایە سەرەتا دادگای خۆت بێلان و سەربەخۆ بکە، پاشان ڕەخنە بگرە.