بەرپرسێکی عێراقیی: 100 دۆلار دەبێتە 100 هەزار دینار

ئابوری

26/03/2024‌ 910 جار خوێندراوه‌ته‌وه


سەفوان قوسەی، ڕاوێژکاری بانکە تایبەتییەکانی عێراق پێشبینی دەکات، بەهای 100 دۆلار بۆ 100 هەزار دینار دابەزێت، هاوکات ڕێگەچارەی بەرزبوونەوەی بەهای دۆلاریش ئاشکرادەکات.

سەفوان قوسەی لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفیزیۆنیدا ئەمڕۆ سێشەممە ڕایگەیاند، "سیاسەتەکانی بانکی ناوەندیی عێراق نزیکبووەتەوە لە جێبەجێکردنی خواستەکانی بانکی فیدراڵیی ئەمریکا لەبارەی دۆلارەوە، ئەوەش هۆکارە بۆ دابەزینی بەهای دۆلار بەرامبەر دیناری عێراقیی".

سەفوان قوسەی لەبارەی بەرزبوونەوەی بەهای دینار وتی "بانکی ناوەندیی پشتی پشتی بە توانای وەزارەتی دارایی عێراق بەستووە بۆ دانەوەی قەرزەکانی، چونکە عێراق 45 ملیار دۆلار قەرزاری ناوخۆییە، واتا قەرزاری بانکی ناوەندیی عێراقە".

جەختی لەوەشکردەوە، ئەگەر وەزارەتی دارایی عێراق ئەو قەرزە بگەڕێنێتەوە، یان هەندێک لە موڵکەکانی ڕادەستی بانکی ناوەندیی بکاتەوە، ئەوکاتە بانکی ناوەندییش چاو بە بەهای دیناردا دەخشێنێتەوە و ڕەنگە بەهای یەك دۆلار بەرامبەر بێت بە یەك هەزار دینار.