گوڵەخانە

مەلەفی تایبەت

04/04/2024‌ 10530 جار خوێندراوه‌ته‌وه

كەمال چۆمانی

لێکۆڵینەوەکانی ئاشتی و ململانێ لە پرسی ئاشتیدا، ئاشتی دابەشدەکەنە سەر دو جۆر؛ ئاشتیی نێگەتیڤ و ئاشتیی پۆزەتیڤ.
ئاشتیی نێگەتیڤ ئەو دۆخە کۆمەڵایەتی و سیاسییەیە کە پێکدادان و ململانێ لەنێوان هێز و نەیارەکان بە فیزیکی وەستاوە، واتا تەنها ئەوەیە کە پێکدانادەن. دۆخێکە دامەزراوەکانی حوکمڕانی و بەجێگەیاندنی عەدالەتی کۆمەڵایەتی و دروستکردنی هارمۆنی لە جڤاکدا کار ناکەن، یان زۆر بەخراپی کاردەکەن. هەر بۆیە وڵات لە دۆخێکی زۆر ناسک دایە و هەرساتێک دەکرێ روداوێکی بچوک ببێتە هۆی پێکدادانی گەورە چونکە بنەڕەتەکانی ململانێ و شەڕ وجودیان هەیە.

ئاشتی پۆزەتیڤ، بە پێچەوانەی ئاشتی نێگەتیڤ، دۆخێکە ئاشتی چەسپاوە، دەزگاکانی حکومڕانی دەتوانن پێکەوەژیانی کۆمەڵایەتی و عەدالەتی ئابوری و کۆمەڵایەتی پێشبخەن. هێز و لایەنەکان لە چوارچێوەی گرێبەستێکی کۆمەڵایەتیدا گوێڕایەڵی قانونەکان دەکەن. قانونەکان لە خزمەتی جڤاک و خەڵک دان.

ئەوەی لە کوردستان هەیە، درێژکراوەی شەڕی ناوخۆیە، ئاشتی نێگەتیڤە و هەرگیز ئاشتی پۆزەتیڤمان نەبوە. کوردستان هێشتا لەژێر حکومڕانیی رۆژانی رێککەوتننامەی واشنتن دایە. پێشتر ئەمریکا بە هێزی زۆرترەوە لێرە بو و دۆلارەکانی و گرنگپێدانەکانی زیاتر بو، سەرچاوەکانی سروشتی و دارایی بەشیان دەکرد، ئێستا سەرچاوەکان و بەشبەشێنەی دەستەڵات کەم بونە، بەشی ئەوە ناکا لایەنە گەندەڵ و میلیشیاکان و پیاوانی شەڕ لە یەک نزیک بکاتەوە، بەڵکو کەمیی سەرچاوەکان لێکیان دوردەخاتەوە.

پێکدادانی گوڵەخانە نەک جێی شۆک نییە، بەڵکو زۆریش دواکەوتوە لە رودانی.