وه‌زاره‌تى دارایی له‌باره‌ى دابه‌شكردنى موچه‌ ڕونكردنه‌وه‌ ده‌دات

لە میدیاکانەوە

08/04/2024‌ 4199 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بەرپرسێکی باڵاى وەزارەتی دارایی حكومەتی هەرێم سه‌باره‌ت به‌دابەشکردنی موچە ڕونکردنەوە دەدات‌و ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "ئەمڕۆ موچەی هەموو وه‌زاره‌ت‌و ده‌سته‌و چین‌و توێژه‌كان دابەشدەکرێت"، ده‌شڵێت:"دوای دەوامی فەرمیش بانکەکان بۆ تەواوکردنی موچە لەئەرکدا دەبن".


مه‌ولود سابیر به‌ڕێوەبه‌ری گشتیی بانكه‌ بازرگانییه‌كان لەوەزارەتی دارایی حكومەتی هەرێم به‌میدیاكانى نزیك له‌پارتى وتوه‌، "ئەمڕۆ دوشەممە تاوەکو درەنگانێک موچەی مانگی سێی زۆرترین وەزارەت‌و فەرمانگەكان دابەشدەکرێت‌و دوای دەوامی فەرمیش، بانکەکان بۆ تەواوکردنی موچە لەئەرکدا دەبن، ئەمڕۆ موچە تەواو دەکەین، بۆ ئەوەی هەموو فەرمانبەران‌و موچەخۆران بۆ جەژن موچەی خۆیان وەربگرن".

به‌گوێره‌ى زانیاریه‌كان، ئەمڕۆ دوشەممە، موچەی 27 وەزارەت‌و دامودەزگا دەدرێت، هاوکات موچەی مانگی یەکی وانەبێژانیش دەدرێت، وه‌كو به‌رپرسه‌ باڵاكه‌ى وه‌زاره‌تى دارایی وتى:"فەرمانبەرانی بانک لەو ماوەیەدا شەوو ڕۆژیان بۆ خزمەتی موچەخۆران خستوەتەسەریەک".

دوێنێ یەكشەممە وەزارەتی دارایی حكومه‌تى هەرێم ئاشكرایكرد، بڕى 820 ملیار دیناری دیكه‌ى تەواوكارى تەمویلی موچەی مانگی سێ، لەلایەن وەزارەتی دارایی فیدراڵ نێردراوە.

ئێستا له‌بانكه‌كانى سنورى پارێزگاى سلێمانى، لەکاتی دابەشکردنی موچەدا، ڕۆژانە دوو شەفت دەوامدەکرێت‌و فەرمانبەران دەمێننەوەو موچە دابەشدەكه‌ن‌و ته‌نانه‌ت چه‌ند لق‌و نوسینگەیه‌كى بانكه‌كان تاوەکو درەنگانى شەو موچە دابەشدەکەن، بەتایبەت موچەی هێزەکانی 70و 80ی پێشمەرگە، هه‌روه‌ك وه‌زاره‌تى داراییش به‌ڵێنیداوه‌، "کەس بێ موچە ناچێتەوەو موچەی هەموان دەدرێت".

شارپرێس له‌زارى سه‌رچاوه‌یه‌كه‌وه‌ زانیویه‌تى، تاوه‌كو کاتژمێر 11:20 خولەکى پێشنیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ، موچە لەبەشێک لەبەڕێوەبەرایەتییەکان بەهۆی نەبونی چەکی بانکیه‌وه‌ دابەشنەکراوە.