حەوت ملیۆن منداڵ لە عێراق و هەرێم دەکوترێن

کوردستان

13/04/2024‌ 175 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس

وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی عێراق رایگەیاند، لە سبەینێوە هەڵمەتێکی تەندروستی دژ بە نەخۆشی سورێژە دەستپێدەکات و ڤاکسین بۆ منداڵانی باخچەی ساوایان و خوێندنگە سەرەتاییەکان دابین دەکرێت و لە عێراق و هەرێم حەوت ملیۆن منداڵ دەکوترێن.

لە راگەیەنراوێکدا، سەیف بەدر، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی عێراق بڵاویکردەوە، وەزارەتی تەندروستی ئامادەکاری بۆ راگەیاندنی هەڵمەتێک دژ نە نەخۆشی سورێژە دەکات و داوا لە هاوڵاتیانی عێراق دەکەن لەگەڵ تیمەکانی ڤاکسین هەماهەنگ بن.

وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی عێراق ئاماژەی بەوەشکردوە، هەڵەمەتەکە زیاتر لە حەوت ملیۆن منداڵ دەگرێتەوە، لە منداڵانی باخچەی ساوایانەوە تا منداڵانی خوێندنگە سەرەتاییەکان لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق بە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستانیشەوە.

دەشڵێت: هەڵمەتەکە لە سبەی یەکشەممەوە دەستپێدەکات و بۆ ماوەی 10 رۆژ بەردەوام دەبێت، هەروەها زیاتر لە نۆ هەزار تیمی ڤاکسین بەشداری تێدا دەکەن و لە 23 هەزار خوێندنگەی سەرەتایی ئەنجام دەدرێت.

لە بارەی ڤاکسینەکانەوە وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی دەڵێت: سەرجەم ڤاکسینەکان لەلایەن وەزارەتی تەندروستی عێراق و دامەزراوە تەندروستییە جیهانییەکانەوە باوەڕپێکراو و سەلامەتە.

بەپەلە