نوێترین زانیارى له‌باره‌ى وه‌ڵامى ئیسرائیل بۆ ئێران ئاشكراده‌كرێت

جیهان

17/04/2024‌ 1502 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

میدیای ئەمریکی ئاشكرایكردوه‌، پێدەچێت ئیسرائیل لەدەرەوەی خاکی ئێران، تۆڵە لەتاران بکاتەوە له‌به‌رامبه‌ر هێرشه‌كه‌ى چه‌ند ڕۆژى ڕابردویدا.


بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی تۆڕی NBC Newsی ئەمریکی، کە پشتی بەلێدوانی چوار بەرپرسی ئاگاداری ئەمریکی بەستوە، پێدەچێت وەڵامی گریمانکراوی ئیسرائیل بۆسەر ئێران لەسنورێکی دیاریکراودابێت‌و لەدژى هێزەکانی ئێران یان بریکارەکانی ئێران لەدەرەوەی سنورەکانی ئەو وڵاتە ئەنجامبدرێت.

ئەو سەرچاوانە باسیان لەوەکردوە، پێش هێرشەکەی ئێران بۆسەر ئیسرائیل، بەرپرسانی تەلئەبیب چەند بژاردەیەکی وەڵامدانەوەیان خستۆتە بەردەم ئەمریکییەکان، بەڵام دوای هێرشەکە پێدەچێت بژاردەکان گۆڕانکارییان بەسەردا هاتبێت، بەتایبەت کە ویلایەتە یەکگرتوەکان‌و هاوپەیمانە ئەوروپاییەکان هانی ئیسرائیلیانداوە کار لەسەر گرژکردنی دۆخەکە نەکات.

باس لەوەشکراوە کە هێشتا دیارنییە ئیسرائیل کەی وەڵامی ئێران دەداتەوە، بەڵام ئەگەری هەیە لەهەر کاتێکدابێت ڕوبدات.

ئەوەش لەکاتێکدایە کە جۆ بایدنی سەرۆکی ئەمریکا دوای هێرشە موشەکیی‌و درۆنیەکەی ئێران، داوای دان بەخۆداگرتنی لەئیسرائیلییەکان کردوە.

سەبارەت بەسیناریۆکانی وەڵامدانەوەی ئیسرائیل، بەرپرسانی ئیسرائیل باسیان لەوەکردوە، دەکرێت یەکێک لەبژاردە کەم دوژمنکارییەکان لەخۆبگرێت، واتە ئەنجامدانی تۆڵەکردنەوەکە لەدەرەوەی سنورەکانی ئێران، بەوپێیەی هێرشەکەی ئێران هیچ کوژراوێکی لێنەکەوتۆتەوەو وێرانکارییەکی گەورەی دروستنەکردوە.

سێ بەرپرسی ئەمریکی ڕایانگەیاندوە، ڕەنگە بژاردەکانی ئیسرائیل بریتیبن لەئاراستەکردنی هێرش لەناوخۆی سوریا، پێشبینیشیانکردوە ئیسرائیل هێرشبکاتەسەر ئەو بارانە یان دامەزراوەی عەمبارکردن کە پێکهاتەی پێشکەوتوی موشەکی، چەک، یان ئەو پێکهاتانەی تێدایە کە لەئێرانەوە دەنێردرێت بۆ حزبوڵڵای لوبنان، لەبری بەئامانجگرتنی بەرپرسانی دیاری ئێرانی.