سودانى: ناوچەکە بەرگەی پێکدادانی ئیسرائیل‌و ئێران ناگرێت

عیراق

17/04/2024‌ 129 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، رێگەنادەن هیچ گروپ‌و لایەنێک کرداری شەڕخوازانە دژی بنکەکانی ئەمریکا لەعێراق ئەنجامبدەن، دەشڵێت، "داوکاریی کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان داواکارییەکەی عێراقییە نەوەک ئێرانی"، ده‌شڵێت:"ناوچەکە بەرگەی پێکدادانی ئیسرائیل‌و ئێران ناگرێت".


لەسەردانەکەیدا بۆ ئەمریکا؛ محەممەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق چەندین دۆسیەی هەستیارو هەنوکەیی پەیوەست بەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست‌و عێراقی لەگەڵ جۆ بایدن‌و ئیدارەکەی خستە بەرباس.

سەرۆک وەزیرانی عێراق لەچاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تۆڕِی هەواڵی سی ئێن ئێنی ئەمریکی؛ بەشێک لەو دۆسیەو بابەتانەی ئاشکراکردوە کە لەکۆشکی سپی لەگەڵ جۆ بایدن گفتوگۆی لەبارەوە کراوە.

لەچاوپێکەوتنەکەیدا لەگەڵ سی ئێن ئێن؛ سوودانی سەبارەت بەهێرشی گروپە چەکدارەکان بۆسەر بنکەکانی ئەمریکا ڕایگەیاند، "ڕێگەنادەین هیچ گروپێکی چەکدار کرداری شەڕخوازانە دژی بنکەکانی ئەمریکا لەعێراق ئەنجامبدەن، گروپەکان‌و کەسایەتییەکان ناڕەزایەتی سەبارەت بەسیاسەتەکانی ئەمریکا بەرامبەر هاوکاریکردنی ئیسرائیل دەردەبڕن، بەڵام قبوڵناکەن هیچ گروپێک عێراق ڕاکێشێتە شەڕێکی ناوچەییەوە".

سودانی لەچاوپێکەوتنکەدا وتی، "لەگەڵ ئەمریکییەکان ڕێککەوتین لەسەر ڕێگریکردن لەفراوانبونی گرژییەکان، لەناوخۆو دەرەوە ڕێکاری خۆپارێزیمان گرتوەتەبەر بۆ پاراستنی یاسا لەعێراقدا".

سەبارەت بەسەردانەکەی بۆ ئەمریکا سودانى وتى:"سەردانەکەی لەکاتێکی زۆر هەستیارو یەکلاکەرەوەدابوو، چونکە ناوچەکە بەرگەی پێکدادانی ئیسرائیل‌و ئێران ناگرێت، سەبارەت بەغەززەو بەشێک لەپرسەکانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست جیاوازی گەورەیان لەگەڵ ئەمریکا هەیە".

ئەوەی پەیوەستە بەئەگەری تێوەگلانی عێراق لەهێرشەکانی ئێران بۆسەر ئیسرائیل؛ سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕەتیدەکاتەوە، هیچ موشەکێک لەخاکی عێراقەوە ئاڕاستەی ئیسرائیل کرابێت.

هاوکات، سەبارەت بەکشانەوەی هاوپەیمانان سودانی جەختی لەوەکردەوە، داواکاری دەرچونی هاوپەیمانان لەعێراق داواکارییەکی عێراقییە نەک ئێرانی، "چونکە داعش چیتر هەڕەشە نییە بۆ سەر سەقامگیریی عێراق‌و پێویست ناکا 86 دەوڵەت لەعێراق بمێننەوە، بەڵام عێراق دەیەوێت پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەمریکا لەسەربازییەوە بۆ پەیوەندی فراوانی دووقۆڵی بگۆڕێت".