تورکیاو ڕێکخراوە عەرەبییەکان 50 کۆمەڵگەی نیشتەجێبونیان بۆ گۆڕینی دیمۆگرافیای عەفرین دروستکردوە

کوردستان

18/04/2024‌ 1381 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

سەرچاوەکانی ڕۆژئاوای کوردستان ئاماژەیان بەوەکردوە، تورکیا بەردەوامە لەبونیادنانی کۆمەڵگەی نیشتەجێبونی نوێ بەمەبەستی گۆڕینی دیمۆگرافیای هەرێمی عەفرینی ڕۆژئاوای کوردستان، لەو چوارچێوەیەشدا لەماوەی ڕابردودا دەستکراوە بەدروستکردنی شارۆچکەیەکی نوێ لەڕۆژهەڵاتی عەفرین.


بەگوێرەی سەرچاوەکانی تایبەت بەپێگەی نۆرس پڕێسی نزیک لەئیدارەی خۆسەر، ڕێکخراوە تورکی‌و ناوخۆییەکان بەپشتیوانی ڕێکخراوە قەتەری، فەڵەستینی، مالیزی‌و کوەیتییەکان، بەردەوامن لەبونیادنانی کۆمەڵگەی نیشتەجێبونی نوێ لەناوچەی عەفرینی داگیرکراو لەباکوری حەلەب، بەوپێیەی ژمارەی ئەو کۆمەڵگە نیشتەجێبونانەی کە لەدوای داگیرکردنی ناوچەکە لەلایەن تورکیاو گروپە چەکدارییە سورییەکانی بەکرێگیراوی تورکیا، بۆ نزیکەی 50 کۆمەڵگەی نیشتەجێبون بەرزبوەتەوە.

لەو چوارچێوەیەشدا، سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوەکردوە، تورکیا دەستیکردوە بەبونیادنانی شارۆچکەیەکی نوێ لەنزیک لەجەبەل ئەحلام لەباکوری ڕۆژهەڵاتی عەفرین.

ئەوەش هاتوە، ئەم کۆمەڵگە نیشتەجێبونە نوێیە لەنزیکەی 100 شوقەی نیشتەجێبون پێکهاتوە، پێشبینیدەکرێت لەناوەڕاستی ئەمساڵدا دروستکردنەکەی بەتەواوی تەواوبێت‌و ڕادەستی ئاوارەکانی گوندەواری دیمەشق‌و حومس بکرێت.

ئەم کۆمەڵگە نیشتەجێبونە 13هەمین شوێنی نیشتەجێبونە لەجەبەل ئەحلام لەعەفرین بونیاد دەنرێت، لەکاتێکدا زۆرێک لەڕێکخراوەکان بەردەوامن لەکارەکانی بیناسازی لەناوچە جیاوازەکاندا، بەمەش ژمارەی نیشتەجێبونەکان بەلایەنی کەمەوە گەیشتونەتە سەروو 45 کۆمەڵگەی نیشتەجێبون.