غەززە رادەستی ناتۆ دەكرێت

جیهان

19/04/2024‌ 941 جار خوێندراوه‌ته‌وه



كەناڵی 12ی ئیسرائیل ئاشكرایكردووە، لە ئێستادا ئیدارەی جۆ بایدن، سەرۆكی ئەمریكا و وڵاتانی عەرەبی تاوتوێی پێشنیازێك دەكەن بۆ دانانی كەرتی غەززە لە ژێر كۆنترۆڵی ڕێكخراوی پەیمانی باكوری ئەتڵەسی (ناتۆ) دوای كۆتایی هاتنی شەڕی كەرتی غەززە.

 لە ڕاپۆرتێكدا كەناڵەكە ئاماژەی بەوەدا، پێشنیازەكە پێویستی دەستەبەركردنی دانپێدانانی نێودەوڵەتی بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی فەلەستینی دیاریكردووە، دواتر كەرتی غەززە لە دوای كۆتایی هاتنی شەڕی ئیسرائیل لەژێر كۆنترۆڵی هێزەكانی ناتۆدا دەبێت.

بەگوێرەی كەناڵەكە، پلانەكە بەردەوامیی حوكمڕانی بزووتنەوەی حەماس لە كەرتی غەززە و گەڕانەوەی دەسەڵاتی فەلەستین بۆ بەڕێوەبردنی كاروبارەكانی ئەوێ ڕەتدەكاتەوە، ئاماژە بەوە دەكات كە لە پێشنیازەكەدا هاتووە ناتۆ سەرپەرشتی پرۆسەی ئاوەدانكردنەوەی كەرتی غەززە و ئیدارەی كاروباری ژیانی خەڵكی غەززە بكات.

لە ڕاپۆرتەكەدا ئاماژە بەوە كراوە، بەپێی ئەو پێشنیازە، هێزەكانی ناتۆ بۆ ماوەی پێنج ساڵ لە كەرتی غەززە دەمێننەوە، دوای ئەوە هەڵبژاردن ئەنجامدەدرێت و حكومەتێكی خۆجێی پێكدەهێنرێت.

ئەوەش هاتووە، ئەگەر ئەو پێشنیازە لە كەرتی غەززە سەركەوتوو بێت، دواتر لە كەرتی ڕۆژئاوا جێبەجێ دەكرێت.

تامیر هایمان، بەرپرسی پێشووی بەشی هەواڵگری سەربازی ئیسرائیل و بەڕێوەبەری سەنتەری توێژینەوەی ئاسایشی نیشتمانی لە زانكۆی تەلئەبیب دەڵێت “ئەوەی یەحیا سینوار بەرپرسی بزووتنەوەی حەماس لە كەرتی غەززە زۆرتر لێی دەترسێت ئەوەیە كە حوكمێكی بەدیل بۆ بزووتنەوەكەی دروستبێت”.