ئێران بە ئەتۆم هەڕەشەی نوێ لە ئیسرائیل دەکات

جیهان

19/04/2024‌ 1360 جار خوێندراوه‌ته‌وه


لەچوارچێوەی بەردەوامیی گرژییەکانی نێوان تاران و تەلئەبیب، هەڕەشەی نوێ لەلایەن ئێرانەوە کرایە سەر ئیسرائیل، ئەویش  دوای ئەوەی شەممەی رابردوو ئێران بەسەدان دڕۆن ومووشەکی کروز و مووشەکی بالیستی هێرشی کردە سەر تەلئەبیب.

فەرماندەیەکی باڵای سوپای پاسدارانی ئێران، پێش ئەوەی ئاماژە بەوە بکات کە “پێگە ئەتۆمییەکانی ئێران لەژێر سایەی هەڕەشەکانی ئیسرائیل بە تەواوەتیی سەلامەتن" وتی: “ڕەنگە تاران پێداچوونەوە  ئەتۆمی خۆیدا بکاتەوە”.

ئەو فەرماندە باڵایەی ئێران بێ ئەوەی ناوەکەی ئاشکرا بکرێت بە ئاژانسی تەسنیمی ئێرانی وتووە: “ئێران هەموو زانیارییە پێویستەکانی لەبەردەستە و هەموو ئەو ئامانجانە دەستنیشان دەکات کە کەوتوونەتە ناو ناوەندە ئەتۆمییەکانی ئیسرائیلەوە".

هەروەک دەڵێت: ئەگەر ئیسرائیل بیەوێت هەنگاو دژ بە ناوەندە ئەتۆمییەکانی ئێران هەڵبگرێت، ئەوە بەدڵنیایی رووبەڕووی کاردانەوە دەبێتەوە، ئەوکاتە بەچەکی پێشکەوتوو لە ناوەندە ئەتۆمییەکانی ئەو وڵاتە دەدرێتەوە.

ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا وتویەتی: ئێمە ئامادەین بۆ هەڵدانی مووشەکی بەهێز بۆ لەناوبردنی ئامانجە تایبەتەکان لە ئیسرائیل.

ڕۆژی سێشەممەی رابردوو، دانیال هاگاری وتەبێژی سوپای ئیسرائیل لە سەربازگەی جولیس لەکاتی نمایشکردنی پاشماوەی مووشەکێکی ڕێگریکراوی ئێران بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند: ئێمە ناتوانین لە بەرامبەر ئەم جۆرە دەستدرێژیانە، دەستەوەستان بوەستین.

بەرەبەیانی ئەمڕۆش ئیسرائیل گورزێكی لە چەند بنكەیەكی سەربازی وەشاند، بەلام هێرشیی نەكردە سەر بنكە ئەتۆمییەكان.


ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی