دوکاندارێک برنجی بایەعی كردووە بە بەجۆرە برنجێكی بەناوبانگ و بەهاوڵاتییانی فرۆشتووە

کوردستان

25/04/2024‌ 469 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس

بەهۆی ساختەكردنی برنجی بایەعی و فرۆشتنەوەی بەجۆرە برنجێكی بەناوبانگ، قایمقامییەتی سلێمانی لەژێر پردەكەی ناوبازاڕى سلێمانى دوكانی (بێ ناو) دادەخەن و خاوەنەكەشی رووبەڕوی رێكاری یاسایی دەكەنەوە.

گۆران قادر، سەرۆكی لیژنەكانی قایمقامیەتى ناوەندى سلێمانى رایگەیاند، لەسەر زانیاری بەڕێوەبەرایەتی ئاسایش و لە ئەنجامی سەردان و پشكنینە بەردەوامەكانی لیژنە هاوبەشەكانی قایمقامیەتی سلێمانی و پشكنین بۆ ئەو كاڵا و شمەك و خواردەمەنییانەی لەلایەن دوكاندار و بازرگانەكانەوە بە هاوڵاتیان دەفرۆشرێت، دەركەوتووە كە خاوەنی دوكانێكی وشكە فرۆش (بێ ناو) هەستاوە بە ساختە كردنی برنج و فرۆشتنەوەی بە جۆرە برنجێكی دیكەی بەناوبانگ بە هاوڵاتیان.

سەرۆكی لیژنەكانی قایمقامیەت وتیشی: بڕی برنجەكە زیاتر لە ٥٠ تۆنە، لەگەڵ تەواوی ئەو ئامێر و پێداویستیانەی لە ساختەكارییەكدا بەكارهێنراوە، دەستی بەسەردا گیراوە.

 روونیكردەوە، بەپێی یاسای وەزارەتی بازرگانی، دەستكاری كردنی لێبڵ و زانیاری سەر كاڵاوشمەكەكان فێڵی بازرگانییە و ئەنجامدەرانی روبەڕوی رێكاری یاسایی دەكرێنەوە، بۆیە بەفەرمانی قایمقامی سلێمانی دوكانەكە دادەخرێت، تەواوی برنجەكە لەناودەبرێت و خاوەنەكەشی روبەڕوی رێكاری یاسایی دەكرێتەوە.