دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە نامەیەکدا بۆ عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامیی ئێران، دوو مانگ مۆڵەتی بە ئێران دا بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی نوێی ئەتۆمیی، هۆشداریشیدا لەوەی ئەگەر ڕێککەوتن نەکرێت، ئەمریکا پەنا بۆ ڕێگەی دیکە دەبات بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان. برایان هیوز وتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانیی دووپاتی کردۆتەوە کە ترەمپ چارەسەری دیپلۆماسیی بە باشتر دەزانێت، بەڵام ئامادەیە ئەگەر پێویست بکات هەنگاوی زیاتر بنێت.
لەو چوارچێوەیەدا وڵاتانی ئەوروپا هۆشدارییان بە ئێران دا کە نەگەیشتن بە ڕێککەوتن تا مانگی حوزەیران یان تەمموز دەبێتە هۆی سەپاندنی سزای توند.
هەڵکشانی گرژییەکان لەلایەن ئەمریکا و ئامادەکارییە سەربازیییەکان
لە چاوپێکەوتنێکدا مارکۆ ڕوبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دووپاتیکردەوە کە سەرۆک ترامپ جدییە لە هەڕەشەکانی بۆ ڕێگریکردن لە ئێران بۆ بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمیی، ڕوونیشیکردەوە، سەرۆک ڕێگای دیپلۆماسیی پێ باشترە بەڵام ئەگەر پێویست بکات درێغی ناکات لە گرتنەبەری ڕێوشوێنی تر.
ڕاپۆرتە نێودەوڵەتیییەکان جەخت لەوە دەکەنەوە کە بەرنامە ئەتۆمیییەکەی ئێران لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردوودا پێشکەوتنی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە و لە هەموو کاتێک زیاتر لە بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمیی نزیک بووەتەوە. ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمیی ئاماژە بەوە دەکات کە ئێران پیتاندنی یۆرانیۆمی بۆ 60% زیاد کردووە، کە بەسە بۆ بەرهەمهێنانی شەش بۆمبی ئەتۆمیی ئەگەر پیتاندنی بگاتە 90%.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەوەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە توانا سەربازیییەکانی ئەمریکا بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئێران، جەختی لەوەکردۆتەوە کە وڵاتەکەی خاوەنی ئامرازی پێویستە بۆ لەناوبردنی پێگە ئەتۆمییەکانی ئێران و تەنانەت هەڕەشە لەخودی ئێرانیش ئەگەر پێویست بکات.
سیناریۆی گریمانکراو: سزا یان لێدانی سەربازیی؟
شرۆڤەکاران پێیان وایە ئیدارەی ترەمپ پشت بە سیاسەتی "زۆرترین فشار" دەبەستێت، لەوانە سەپاندنی سزای زیادە، بەرزکردنەوەی هەڵوێستیی سەربازیی و هەڕەشەی ئاشکرا. هەندێک پێیان وایە کە ڕەنگە ترەمپ بە پشتیوانیی ڕاستەوخۆی ئەمریکا ئازادی بە ئیسرائیل بدات کە دژی بەرنامە ئەتۆمیییەکەی ئێران مامەڵە بکات.
چارڵز دان، بەرپرسی پێشووی کۆشکی سپی و وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، شارەزای ئێستای پەیمانگای عەرەبی لە واشنتۆن و مامۆستای زانکۆی جۆرج واشنتۆن ئاماژە بەوە دەکات کە ترەمپ هێشتا هەوڵی بەکارهێنانی هاندانەکانی وەک سووککردنی سزاکان نەداوە وەک هاندەرێک بۆ دانوستان.
نێد لازارۆس، مامۆستای زانکۆی جۆرج واشنتۆن پێی وایە لێدوانەکانی ترەمپ ناڕوونن و ڕەنگە مەبەست لێی دروستکردنی کەشوهەوای ناسەقامگیر بێت بۆ ئێران و پاڵ بە ئێرانەوە بنێت بەرەو دانوستان. پێدەچێت ترامپ بناغەی بڕیارە گەورەکان لەدژی ئێران دابڕێژێت، کە ئەگەری هەیە سزای توندتر یان تەنانەت هێرشی سەربازییش لەخۆ بگرێت.
لازارۆس هەروەک ئاماژەی بەوەدا کە ترەمپ پێشتر وادەی کۆتایی هاوشێوەی بۆ حەماس داناوە، دواتر هێرشەکانی ئیسرائیلی بۆ سەر غەززە بەدوادا هات، ئەمەش ڕەنگە ئاماژە بێت بۆ ئەوەی هەمان ڕێباز لەگەڵ ئێران پەیڕەو دەکات.
فشاری زیاتر بۆ سەر تاران
ئەسەل عەرەد، شارەزای کاروباری دەرەوەی ئەمریکا لە وتووێژ لەگەڵ کەناڵی جەزیرە دووپاتی کردەوە کە ترەمپ بیر لە چەند بژاردەیەک دەکاتەوە سەبارەت بە ئێران، لەوانە سەپاندنی سزای ئابووریی زیاتر، بە ئامانجگرتنی فرۆشتنی نەوت، یان تەنانەت دەستپێکردنی هێرش بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمیییەکانی ئێران.
عەرەد پێی وایە ئێران ئامادەیی خۆی دەربڕیوە بۆ دانوستان لەسەر بەرنامە ئەتۆمیییەکەی، بەڵام هەڵوەشاندنەوەی تەواوەتی ڕەتدەکاتەوە، چونکە ئەمە مافێکی سەروەرییە بەپێی پەیمانی قەدەغەی بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمیی.
باربارا سلاڤین، شارەزای کاروباری نێودەوڵەتیی لە ئینستیتیوتی ستیمسۆن، نیگەرانی خۆی دەربڕی لەوەی کە ترەمپ بەرەو گرتنەبەری هەنگاوی سەربازیییەوە دەڕوات ئەگەر دانوستانی جیددی بەدی نەیەن و ئاماژەی بەوەدا کە ئێران ڕەنگە پەنا بۆ بەشداریکردنی دیپلۆماسی لە ڕێگەی ئەوروپییەکانەوە ببات بەهۆی فشارە ئابوورییە خنکێنەرەکانەوە.
هێرشەکانی ئەمریکا لە یەمەن: پەیامێکی ناڕاستەوخۆ بۆ ئێران؟
ئیدارەی ترەمپ جگە لە فشارخستنە سەر ئێران، سیاسەتی زۆرترین فشاری گەڕاندەوە و هەڕەشەی ڕاستەوخۆی بۆ تاران دەرکرد، بەتایبەتی دوای بەردەوامی هێرشەکانی حوسییەکانی سەر بە ئێران بۆ سەر کەشتییەکانی دەریای سوور.
لەم چوارچێوەیەدا ئەمریکا هێرشی ئاسمانیی بۆ سەر یەمەن دەستپێکرد و زیاتر لە 50 کەسی کوشت، هەنگاوێک کە هەندێک وەک هۆشدارییەک بۆ تاران سەیری دەکەن.
دەرەنجام: ئایندەی پەیوەندی نێوان واشنتۆن و تاران
لەگەڵ نزیکبوونەوەی وادەی دیاریکراو، هەموو سیناریۆکان بە کراوەیی دەمێننەوە، لەوانە ئەگەری گەیشتن بە ڕێککەوتن لە ڕێگەی زیادکردنی فشارەکان، پەرەسەندنی سزاکان، یان تەنانەت هێرشی سەربازیی سنووردار، سەرەڕای ئەوەی ترامپ جەختی لەوە کردۆتەوە کە لایەنگری چارەسەری دیپلۆماسییە، بەڵام ستراتیژەکەی ئەوەیە کە هەموو بژاردەکان بە کراوەیی بهێڵێتەوە، ئەمەش نادڵنیایی سەبارەت بە داهاتووی پەیوەندییەکانی ئەمریکا و ئێران زیاتر دەکات.
ئامادەکردن: ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی
