دیدارى: شارپرێس ـ كهنداڵ جودى
سیاسەتمەدارێکی ناسراوو باڵای کورد لەڕۆژئاوای کوردستان هۆشداریدهدات لهبهرامبهر ههوڵهكانى توركیا بۆ تێكدانى ئهو ڕێكهوتنهى لهنێوان مهزڵوم عهبدىو ئهحمهد شهرعدا واژۆكراوه، دهشڵێت:"کورد ئەوەندە بەسەختی خەباتیکردوەو قوربانیداوە، ئێستا کورد بۆتە فاکتەرێکی سەرەکی لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا".
ساڵح موسلیم ئەندامی هاوسەرۆکایەتی پەیەدەو سیاسەتمەداری ناسراوى کورد لهدیدارێكى تایبهتى شارپرێسدا باسى ڕێککەوتن لەگەڵ دیمەشقو بەتایبەتی لهشارى حەلەب هاوكات گەڕانەوەی خەڵکی عەفرینو پرسی یەکڕیزی نەتەوەیی کورد لەڕۆژئاوای کوردستان دهكاتو جهختدهكاتهوه، "پێشتریش وتمان ئێمە بەشێکین لەسوریاو هەرگیز نەمانویستوە جیاببینهوه".
نایشارێتهوه، "تورکیا ئێستا بوهتە هەڕەشەو بەربەست بۆ هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بۆیە تورکیا دەیەوێت زۆرترین ئاستەنگ دروستبکات بۆ ئەوەی ڕێگریی لەڕێککەوتنەکەمان لەگەڵ حکومەتی دیمەشق بکات، بهڵام سهرهنجام پێموایە ئەو ئاستەنگانە ئێستا بێ کاریگەرن".
ئهوهشى ئاشكراكرد، لەچەند ڕۆژی داهاتودا هەموو حزبە کوردییەکان لەڕۆژئاوای کوردستان کۆدەبنەوەو کۆنگرە یان کۆنفرانسێك دەبەستن.
دهقى دیدارهكه:
شارپرێس: ڕێککەوتنی ڕۆژئاوای کوردستانو حکومەتی کاتی دیمەشق چۆن دەڕوات، بەتایبەتی دوای ڕێککەوتنی هەردوو گەڕەکهكه کوردهكهى حەلەب؟
موسلیم: پێشتریش وتمان ئێمە بەشێکین لەسوریاو هەرگیز نەمانویستوە جیاببینهوه، بۆیە لەئەنجامی هەوڵەکانی ئێمەو هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، ژهنراڵ مەزڵوم عەبدی بەناوی کوردو ئیدارەی خۆسەرو بەڕەزامەندی مەسەدە، ڕێککەوتنێکی لەگەڵ سەرۆکی سوریا ئەحمەد شهرع واژۆکرد.
ئەم ڕێککەوتنە لەههشت بڕگە پێکدێتو زۆریش گرنگ بوو، چونکە بۆ یەکەمجار لەمێژوی سوریادا لەساڵی 1946وه گهلى كورد وهك نهتهوهو بەناوی کوردەوە ڕێککەوتنێکی لەگەڵ سەرۆک کۆمار واژۆکردو بەفەرمی وەک هاوبەشی سوریا ناساندى، ئەم ڕێککەوتنە هێواش هێواش جێبەجێدەکرێت.
یەکێک لەدەرئەنجامەکانی ئەم ڕێککەوتنەش ڕێککەوتنی حەلەب بوو، دەکرێت بڵێین ئەو ئۆتۆنۆمییە دیموکراسییەی ئێمە داوایدەکەین، لەگەڕەکە کوردنشینەکانی حەلەبدا بەدیهاتوە، ئێستا گەڕەکە کوردییەکان بونەتە شەریک لەگەڵ ئیدارەی حەلەب، ئەم ڕێککەوتنە لەڕێگەی دیالۆگو ئەو لیژنانەی کە دامەزراون جێبەجێدەکرێت، ئەم ڕێککەوتنە دەرگا بەڕوی سوریایەکی نوێدا دەکاتەوە کە تێیدا بتوانین هاوبەش بین.
شارپرێس: بهڕێز ساڵح موسلیم دهمانهوێت بزانین ئاخۆ کێ بەرپرسیار دەبێت لەپاراستنی دوو گەڕەکه کوردنشینهكهى حەلەب؟
موسلیم: بهگوێرهى ڕێککەوتنەکە، هێزەکانی ئاسایشى سوریا هەردوو گەڕەکەکە دەپارێزنو پابهندى بڕیارهكانى وهزارهتى ناوخۆى سوریا دەبن.
شارپرێس: ئەحمەد شهرع لهئێستادا تاچەند دان بەمافەکانی کورددا دەنێت؟
موسلیم: کەس لەخۆڕا ئەو مافە بەکورد نادات، کورد ئەوەندە بەسەختی خەباتیکردوەو ئەوەندە قوربانیداوە، ئەمڕۆ بۆتە فاکتەرێکی سەرەکی لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، ئیتر کەس ناتوانێ کورد پشتگوێبخات، بەتایبەتی کە ئێستا لەڕۆژئاوای کوردستان ئەمە ڕویداوە.
ڕژێمی سوریا پێی خۆش بێت یان نا، ئێمە بونمان هەیەو بەرگریمان لەخۆمان کردوەو دەستمان بۆ دۆستایەتیو هاوکاریی درێژكردوهو ههرواش دهكهین، بهڵام هەرکەسێک ببێتە ڕژێمی سوریا چیتر ناتوانێت ئینکاری کورد بکات، ڕژێمی پێشوی سوریا نەیتوانیی نکۆڵی لەکورد بکات، هەروەها ڕژێمی ئێستاش کە پێشتر پاڵپشتی جەبهەت نوسرە بوو کە شەڕی کورد دەکرد، بۆیه لەسایەی دەسەڵاتی کوردى ئێستا کورد لەئاستی نێودەوڵەتیدا قبوڵکراوە، هەرکەسێکیش بێتە ئەم وڵاتە دەبێت قبوڵمان بکات.
شارپرێس: دوای شێخ مەقسودو ئەشرەفییە، ئێستا چاوی کورد لەسەر عەفرینو سهریكانیو گرێ سپییە، کورد کەی دەگەڕێتەوە سەر خاکو خاکە داگیرکراوەکانی؟
موسلیم: ئێستاش خەڵکی عەفرین دەتوانن بگەڕێنەوە عەفرین، ئێمە نامانەوێت گەلەکەمان لەژێر هەڕەشەدا بگەڕێتەوە، دەمانەوێت خەڵکی عەفرین بەگەرەنتی بگەڕێتەوە، ئەو کۆچبەرانەی لەناوچەکانی تری سوریاوە هاتونەتە ناو عەفرینەوە بەمەبەستی گۆڕینی دیمۆگرافیا، پێویستە عەفرین بەجێبهێڵنو بگەڕێنەوە سەر ماڵو حاڵی خۆیان، لەئایندەیەکی زۆر نزیکدا گەلەکەمان لەعەفرین دەگەڕێنەوە زێدی خۆیان، لەمبارەیەوە هەوڵمانداوە، هەروەها ڕێکەوتنی شێخ مەقسودو ئەشرەفیە بەئامانجی کردنەوەی ڕێگهی عەفرین بوە، داگیرکاری تورکیا دەبێت لەسهریکانىو گرێ سپی كۆتایی بێتو ئهو وڵاته لهوشارانه بکشێتەوە، ئەرکی گەڕانەوەی خەڵکی عەفرینو سهریکانیو گرێ سپی ئێستا نەک تەنها ئەرکی ئێمەیە، بەڵکو ئەرکی ڕژێمی سوریاشە.
شارپرێس: بهڕێز موسلیم دهمانهوێت ئهوه بزانین ڕۆڵی تورکیا چییە لەڕێککەوتنی نێوان ئێوەو دیمەشق؟ ئایا هەوڵی تێکدانی ئەم ڕێککەوتنە نادات؟
موسلیم: تورکیا ڕێککەوتنی نێوان ئێمەو حکومەتی دیمەشق بەئاستەنگو بارگرانی دەزانێت، بهڵام هێزە نێودەوڵەتییەکان دەیانەوێت لەگەڵ حکومەتی نوێدا ڕێکبکەوین، بۆیە تورکیاش دژایەتیان دەکات، هەوڵەکانی تورکیا بۆ فشارخستنەسەر دیمەشق تەنها ناسەقامگیریی بەدوای خۆیدا دەهێنێت.
فەرەنساو ئەمریکاو زلهێزە نێودەوڵەتییەکان دەیانەوێت تورکیا بێدەنگ بکەن بۆ ئەوەی ئاشتی لەسوریادا زاڵ بێت، تورکیا ئێستا بوهتە هەڕەشەو بەربەست بۆ هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لهبهرئهوه بۆیە تورکیا دەیەوێت زۆرترین ئاستەنگ دروستبکات بۆ ئەوەی ڕێگریی لەڕێککەوتنەکەمان لەگەڵ حکومەتی دیمەشق بکات، من پێموایە ئەو ئاستەنگانە ئێستا بێ کاریگەرن، بەهۆی داواکاری نێودەوڵەتی بۆ ئاشتی لەسوریا، ئەو ئاگربەستەی کە لەئایندەیەکی نزیکدا ڕودەدات سەرکەوتنێکی گەورەیە، چونکە پلانەکانی تورکیا بۆ لەناوبردنی ئیدارەی خۆسەر بەهیچ شێوەیەک سهرناگرێتو پێویست بهزویى لهم ڕاستیه تێبگات".
شارپرێس: دوا پرسیارمان بهڕێز موسلیم ئەوەیە، کورد چاوی لەکۆنگرەی نیشتمانییە، کەی کۆنگرەی نەتەوەیی بەبەشداریی هەمولایەنە کوردییەکان دەبەستن؟
موسلیم: لەچەند ڕۆژی داهاتودا هەموو حزبە کوردییەکانمان لەڕۆژئاوای کوردستان کۆدەبنەوەو کۆنگرە یان کۆنفرانس دەبەستن.
