گەنە هۆکاری بڵاوبونەوەی تای خوێنبەربونە.. چۆن لەماڵەکانماندا لەناوی ببەین؟

هەمەڕەنگ

07/05/2025‌ 742 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بەگوێرەی توێژینەوە زانستییەکان، گەنە یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی بڵاوبونەوەی نەخۆشی تای خوێنبەربون، کە ئەویش جۆرێكی مێروی وردی رەنگ قاوەییە، لەکاتی خەودا بە جەستەی مرۆڤ و ئاژەڵەکانەوە دەدات و لەسەر خواردنی خوێنیان دەژی.

ماڵپەڕی "الوطن" لە بڵاوکراوەیەکیدا ئاماژە بە حەوت رێگەی ئاسان و کاریگەر دەکات، کە پێویستە هەموو کەسێك جێبەجێی بکات بۆ ئەوەی ئەم مێرووە لەناو ببات، یاخود رێگە نەدات لەماڵەکەیدا سەرهەڵبدات، کە ئەوانیش بریتین لەمانە:

١. زو زو هەوای ژوری نوستنەکەت بگۆڕە و بەیانیان دەرگا و پەنجەرە بکەرەوە و سەرچەف و بەرگی سەرینەکان بدە بە خۆر.

٢. ژورەکە رێكبخە و بە بڵاوی مەیهێڵەرەوە، بۆئەوەی نەبێتە شوێنێکی گونجاو بۆ گەشەی مێروەکان.

٣. گسکی کارەبایی بەکاربهێنە بۆ پاککردنەوەی ژوری نوستنەکەت و جێگەی نوستنەکەت بۆ رزگاربون لە گەنە و هێلکەکەی.

٤. با ژوری نوستنەکەت قەرەباڵخ نەبێت.

٥. کۆتایی بە هەر شتێك بهێنە کە دەبێتە هۆی شێدارکردنی ماڵەکەت.

٦. کونی دیوار و درزەکان دابخە.

٧. دژەمێرو بە ماڵەکەتدا بڕژە بەتایبەت ئەو شوێنانەی گومانی لێدەکەیت مێرو تێیدا زیاد بکات.