لەبارەی جینۆسایدی ئەرمەنەوە

توێژینەوە و شیکاریی

8 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 109 جار خوێندراوه‌ته‌وه

هێشتا تورکیا سەرکۆنەی داننانی وڵاتانی خۆرئاوا بە "جینۆسایدی ئەرمەن"ـدا دەکات، و ساڵانە بڕە پارەیەکی زەبەلاح و سوپایەکی لۆبی‌کردن دەخاتە گەڕ بۆ ڕێگرتن لە بە جینۆساید ناساندنی قڕکردنی ئەرمەن لە "خۆرهەڵاتی ئەنەدۆڵ" لە لایەن دەوڵەتی عوسمانی و حوکوومەتی کۆمەڵەی (ئیتتیحاد و تەرەققی)ـەوە لە پەراوێزی جەنگی جیهانیی یەکەمدا (١٩١٥-١٩١٦). هەر بۆیە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکایش بە "جینۆساید" ناساندنی قڕکردنی ئەرمەن بەسراوەتەوە بە نێوانی خۆش و ناخۆشی ئەو دەوڵەتە و شێوازی پەیوەندیەکانی لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا. پەستانی تورکیا شوێنەواری لەسەر ڕەوتی مشت‌ومڕەکانی ناو کۆنگرێسیش لەسەر ئەو بابەتە هەیە بەڵکوو ئەو مشت‌ومڕانەی پەک‌خستووە لەوەی بگەنە ئەنجامی کۆتایی. پێشتر بایدن لە ماوەی خۆیدا بە "جینۆساید" ناوی برد، بەڵام ترامپ لەم سەرۆکایەتیەی دووەمیشیدا ئامادە نەبوو بە "جینۆساید" ناوی بهێنێت، چونکە کاری بە تورکیا هەیە بۆ کاروباری ئۆکرانیا و سووریا.

بیانوو و پاساوی دەوڵەتی تورکیا (ئەو دەوڵەتەی لەسەر نیشتمانی کۆنی گریک و ئەرمەن و کورد دروست‌بووە)؛ ئەوەیە گوایە ئەوەی ڕووی داوە بەشەڕهاتنی دوو لایەنە: لایەنە عوسمانیەکە، و لایەنە ڕووسی-ئەرمەنیەکە، و گوایە هەردوولا کوژراوی زۆریان هەبوون، و لەم بارەیەوە سەرچاوە عوسمانی و تورکیە نوێیەکان ئاماژە بۆ نزیکەی ٥٠٠ هەزار کوژراوی موسوڵمان (تورک و کورد) لە ساڵانی جەنگی جیهانیی یەکەم دەکەن. لە کاتێکدا بەشێکی کەمی ئەم ژمارەیە لەسەر دەستی گرووپە ئەرمەنیەکان کوژراوە (کە بە زۆرترین خەمڵاندن دەگاتە ٤٠ هەزار یان ٥٠ هەزار)، ئەوەی تری لەسەر دەستی هێزە ڕووسیەکان بووە یان هێزی هاوبەش بووە کە خۆبەخشی ئەرمەن خۆیان لە هێزە ڕووسیەکاندا ڕێکخستووە. بەشێکیشی تیاچووی دەستی برسێتی و قات‌وقڕی و نەخۆشی و کێشەی ترە لەو ساڵانەی جەنگی جیهانیی یەکەم و دواتردا (١٩١٥-١٩٢٢). ئیتر هەرچی لەو ماوەیەدا لە خەڵکی موسوڵمان تیاچووە؛ هەموویان پێکەوە ژماردووە. لەگەڵ شاردنەوە و نکووولی‌کردن لە کورژراوی مەسیحیی ئەرمەنی و ئاسووری.

بەم شێوەیە ئیتر خوێنی میلیۆن و نیوێک قڕکراوی ئەرمەنی (تەنها لە ساڵانی جەنگی جیهانیی یەکەمدا، جگە لە چەند سەد هەزارێکی قەسابخانەکانی پێشتریش: قەسابخانەکانی سوارەی حەمیدی ١٨٩٤-١٨٩٦، و قەسابخانەکەی ئەدەنە ١٩٠٩، کە ئەمانە بەرکوڵ و ڕاهێنان بوون بۆ جینۆسایدەکەی ١٩١٥) بە خوێنی چەند سەد هەزارێکی موسوڵمانی عوسمانی پاساودەدەن، و وا خەڵک تێدەگەیەنن هەردوو لا وەکوو یەک قوربانییان هەبووە. لەگەڵ ئەوەش کە ئەوەی عوسمانیەکان کردوویانە بەزۆری قەسابخانەی ڕێکخراو و دەستپێشخەرانە بووە و بۆ سەرکوتکردن و بڕاندنەوە بووە (لەسەر دەستی سوڵتان عەبدولحەمیدی خوێنڕێژ و خاوەنی پرۆژەی نەتەوەی ئیسلامی-تورکی و سەرکردە سەربازیەکانی، و سوارەی حەمیدی کە ـ بە شێوەیەکی سەرەکی ـ لە خێڵ و ئاغا کوردە جاشە عوسمانیەکان بوون، سەرباری خێڵ و ئاغای تری تورک و تورکمان و چەرکەس و عەرەب)، و ئەوەی گرووپە ئەرمەنیەکان کردوویانە؛ هەرچەند کوشتاری وەحشیانەی مەدەنییشی تێدا بووبێت؛ بەزۆری هەڵمەتی تۆڵەکردنەوەی قەسابخانە وەحشیەکان بووە کە بەرامبەریان کراوە. تێکڕای کوژراوی هەردوولایش جێی بەراورد نین.

بیانوو و پاساوێکی تریشیان ئەوەیە قەتڵ‌وعامی ئەرمەن ڕێک بە شێوەی هۆلۆکۆستی جوولەکەی ئاڵەمانیا نیە و گوایە "جینۆساید"ێکی نموونەیی نیە، بەو واتایەی ڕێ‌وشوێن و پرۆسەیەکی ڕەسمیی دەوڵەت بێت و لەناو دام‌ودەزگای دەوڵەتدا بکرێت، وەکوو ئەوەی ئاڵەمانیای نازی هێنای بەسەر جووەکانی ئاڵەمانیادا. قسەکەری تورک لەم باسەدا پشت بەوە دەبەستێت قەتڵ‌وعامی ئەرمەن (ئەوەی ساڵی ١٩١٥ و دواتر) بە شێوەیەکی سیستەماتیکی دەوڵەتی و بەر چاو نەبووە، بەڵکوو لە پرۆسەیەکی گواستنەوە و کۆچ‌وڕەوی زۆرەملێدا بووە کە کراوە بە ئەرمەنی "خۆرهەڵاتی ئەنەدۆڵ" بەرەو سووریای ئێستە و حەلەب، کە لەو ڕێگایەدا دزێوترین کارەساتی مرۆیی قەوماوە، لەسەر دەستی کەسانێک کە کراون بە پاسەوان و چاودێری پرۆسەکە، کە هەندێکیان تاوانکاری نەخۆشی حوکمدراو بوون و بۆ ئەو مەبەستە بەرەڵڵا کراون.

لە کۆتاییدا ئەرمەنی "خۆرهەڵاتی ئەنەدۆڵ" (نزیکەی دوو میلیۆن تا دوو میلیۆن و نیو) لەم ناوچەیەدا (ئەرمەنستانی خۆرئاوا) ـ کە بەشێکی گرنگە لە نیشتمانی کۆنی خۆیان ـ   قڕ کران (و و ئاوارە و دەربەدەر کران یان بێناسنامە کران). دوای جینۆساید و ڕاگواستنی زۆرە ملێ (١٩١٥)؛ ٢٠٠ هەزار مانەوە، ئەوانیش بەشێکیان هەر خێرا موسوڵمانبوونی خۆیان ڕاگەیاندووە بۆ ئەوەی نەبڕێنەوە. ئێستەش لە خۆرهەڵاتی تورکیای ئێستە دەگمەن نەبێت بنەماڵەگەلی ئەرمەنی بە ئاشکرا نین، ئەوەی هەیە شارراوەیە، یان بە ڕواڵەت و بە ناچاری موسوڵمان بووە و بەپێی دەوروبەرەکەی بووەتە تورک یان کورد (ڕێک وەکوو ئەو بارودۆخەی بەسەر موسوڵمانان و جووانی ئیسپانیادا هات، لەژێر سایەی "دادگاکانی پشکنین"ی کاتۆلیکیدا)، و ئەو ژمارە ـ تا ڕادەیەک ـ زۆرەی ئەرمەن کە لە تورکیا هەن و ئاشکران (٥٠-٧٠ هەزار کەسێک دەبن)؛ لە ئیستەنبوول چڕ بوونەتەوە (وەکوو چۆن ژمارەیەکی زۆری کوردیشی لێیە). لە کاتێکدا ئەرمەنیی شارراوە و گۆڕاو بۆ موسوڵمانی تورک یان کورد لە ناوچەکەدا؛ ڕەنگە بگەنە ٢٠٠ هەزار، و دەوڵەتی تورکیا نکوولی لە هەبوونیان دەکات.

ئەمە هەمووی جگە لە قوربانیانی ئاشکرای جەنگی تورکیای کەمالی و ئەرمەنستان بۆ سەندنەوەی هەندێک ناوچەی سەرسنوور و دیاریکردنی سنوور (١٩٢٠) کە بە نزیکەی ١٠٠ هەزار بەپێی هەندێک سەرچاوە و ٢٠٠-٢٥٠ هەزار بەپێی هەندێک سەرچاوەی تر لە کوژراوی مەدەنی لە ئەرمەن خەمڵێنراون.

ئەرمەن بە جۆرێک لەو ناوچەیەدا ڕیشەکێش کراون کە ئێستە خەڵک (و زۆر ـ بە ناو ـ خوێنەواری کوردیش) هەر بیری نەماوە بەشێکی زۆری ئەو ناوچانە (لە دیاربەکر و ـ بەتایبەتی ـ وانەوە بۆ سەرووتر، و هەندێک ناوچەی تری ئەنەدۆڵ) نیشتمان و شوێنی نیشتەجێ‌بوونی ئەرمەن و شوێنی زمان و کولتووری ئەرمەنی بوون. بەم شێوەیە ڕیشەکێشکردن بەردەوامە و یادەوەریی مێژووییش دەگرێتەوە.

خوێنەواری کورد لەم بابەتەدا؛ چەندە پێویستە بەوریاییەوە مامەڵە لەگەڵ سەرچاوە ڕووسی و سۆڤیێتیەکان (و بەگشتی؛ خۆرئاواییەکان) بکات چونکە ئەوانیش بەپێی بەرژەوەندیی خۆیان ڕاپۆرتیان داوە؛ ئەوەندە و زیاتریش پێویستە بەوریاییەوە مامەڵە لەگەڵ سەرچاوە تورکی و عوسمانیەکان (و بەگشتی؛ ئیسلامیەکان) بکات. بێ گومانین ـ و چاوەڕوانکراویشە ـ لایەنە تورکیەکە زیاتر درۆ دەکات و زیاتر ڕاستی دەشارێتەوە (هەموو قەسابخانەکان بە "کپ‌کردنەوەی یاخیبوونێکی چەکدار" ڕاپۆرتیان لێ دراوە لە سەرچاوە عوسمانیەکاندا). بۆچی؟ چونکە هەر وایە: هەمیشە تاوانکار  زیاتر ڕاستیەکان دەشارێتەوە و پەنجە بۆ کەسانی تر درێژ دەکات بۆ هەڵگرتنی تاوان لەسەر خۆی. تاوانباری سەرەکییش، یان تاوانکاری زیاتر، لەو بابەتەدا؛ عوسمانیەکان و حوکوومەتی ئیتتیحاد و تەرەققیە.

جوان نیە بۆ ڕۆشنبیری کورد "عوسمانیانە" باسی ئەم بابەتە بکات، وەکوو چۆن جوان نیە "سۆڤیێتیانە"یش باسی بکات. مامەڵەی خوێنەواری کورد لەگەڵ مەسەلەی ئەرمەن؛ زۆری دەوێت. زۆر شتی تر هەن باس بکرێن لە دەرفەتی تردا.

سەروەر پێنجوێنی