چاوپێکەوتنى: ئەحمەد عەبدولحەکیمی
سارا ئەحمەدزادە لەساڵی 1998 لەشاری بانە لەڕۆژھەڵاتی کوردستان لەدایکبوە، پلەکانی خوێندنی سەرەتایی، ناوەندیو دواناوەندیی هەر لەشاری بانە تەواوکردوەو ساڵی 2016 لەزانکۆی کوردستانی شاری سنەو لەبەشی زمانو وێژەی کوردی درێژەی بەخوێندن داوە.
کاتێک کە تێرمی سێی زانکۆ بوە، لەگەڵ فێرگەی زمانی کوردی نۆژین لەشاری سنە پهیوەندیی دەگرێتو لەوێ بۆ ماوەیەک خەریکی فێرکاریی زمانی کوردی دەبێت، پاش تەواوبونی خوێندنی لەزانکۆ، لەگەڵ نیروان ڕەزایی ئاشنا دەبێتو هاوکارییان لەسەر فێرکاریی منداڵان دەستپێدەکات کە ئاکامی ئەم هاوکارییە دەبێت بەبڵاوبونەوی پاكێجى «یەکەم هاوڕێکان» کە سەبارەت بەفێرکاریی زمانی کوردی بۆ منداڵانە.
سارا ئەحمەدزادە ئێستا چەند ساڵێکە لەشاری بانەو لەفێرگەیەکی منداڵان کاری فێرکاریی زمانی کوردی دەکات، هەروەها بۆ گەورەساڵانیش بەشێوازی سەرهێڵ پۆلی فێرکاریی زمانی کوردی بەڕێوەدەبات، جگە لەمانەش چەندین ساڵە بەفەرمی خەریکی کاری وەرگێڕانی زمانی کوردییە، ئێستا لەم وتووێژەدا خۆی زیاتر باسی کارو چالاکییەکانی دەکات.
شارپرێس: سەرەتا چۆن بوو کە بڕیارتدا لەبەشی زمانو وێژەی کوردی درێژە بەخوێندن بدەی؟
سارا: لەڕاستیدا من سەرەتا ئامانجم ئەم بەشە نەبوو؛ لەبەرئەوەی زانیارییەکی ئەووتۆم لەسەری نەبوو، تەنها مامۆستایەکی قوتابخانەمان یەکجار وتی، هەرکات بەشی زانکۆتان هەڵبژارد، بەشێکی تازەش لەزانکۆی کوردستان هاتوە کە بەشی زمانو وێژەی کوردییەو دەتوانن ئەوەش هەڵبژێرن، منیش هەر ئەوەندەم لێدەزانی، لەکاتی هەڵبژاردنی بەشی خوێندندا، زمانو ئەدەبی کوردیم لەڕیزی چواردا دانابوو و کاتێک کە دڵنیابوم ئەوسێ بەشەی ترم نەهێناوەو بۆ زمانو ئەدەبی کوردی قبوڵبوم، لەگەڵ کچێک کە خوێندکاری ئەم بەشە بوو لەزانکۆی کوردستان پهیوەندیمکردو ئەویش زۆر وهسفى ئەم بەشەی کرد کە وانەکانمان جیاوازنو زانکۆکەمان ئاوا خۆشەو شاخی وایەو باڵی وایە، ئیتر منیش حەزم بۆی چوو کە بڕۆمو ئەم بەشە بخوێنم.
بنەماڵەكهشم سەرەتا بۆ خوێندنی من لەم بەشە ڕازینەبون، لەبەرئەوەی زانیارییەکی ئەووتۆیان لەسەری نەبوو و حەزیان لێنەبوو کە لەماڵ دوربکەومەوە، بەڵام بەهەوڵو تێکۆشانی خۆمو بەیارمەتی ئەو هاوڕێیە، بەیەک شەو ڕازیبون کە من ئەم بەشە بخوێنم.
شارپرێس: کاری فێرکاریی زمانی کوردی لە چ قۆناغێکی ژیانی تۆوە دەستیپێکرد؟
سارا: من لەتێرمی سێ، ئەوکاتەی کە لەزانکۆی کوردستان بوم، لەگەڵ لقی ئەنجومەنی نۆژین لەشاری سنە پهیوەندیمگرتو لەوێ سەرەتا پۆلی پێش ئەندامیم تێپەڕاندو دواتر هاوینی ئەوساڵە کە گەڕامەوە بۆ بانە، لەفێرگەی نۆژینی بانە وانەم دەوتهوه بەمنداڵان.
پاشان خۆم بەشێوەی سەرهێڵ (ئۆنلاین) کارەکەم درێژە پێداو تائێستاش بۆ گەورەساڵ بەشێوەی ئۆنلاینو بۆ منداڵانیش بەشێوەی ئامادهیى ناو پۆل کتێبی «یەکەم هاوڕێکان» دەڵێمەوە.
شارپرێس: سەرەتا چۆن لەگەڵ نیروان ڕەزایی ئاشنا بویو چۆن بڕیارتاندا پڕۆژەی «یەکەم هاوڕێکان» دەستپێبکەن؟
سارا: کاتێک کە من ساڵی کۆتایی زانکۆ بومو بەدوای کاردا دەگەڕام، ستۆرییەکی کاک نێروانم بینی کە وەکو ڕاگەیاندنێک بوو سەبارەت بەکاری تایپو هەڵەچنیو ئەو جۆرە شتانە؛ من پێشئەوەش کاری تایپو هەڵەچنیم دەکردو لەیەک دوو ساڵی کۆتایی زانکۆش کاری وەرگێڕانم دەستپێکردبوو.
بۆیە منیش بۆ کاری تایپو وەرگێڕان نامەم نارد بۆ کاک نیروان، سەرەتا پێموابوو کە هاوکاریم لەگەڵ کاک نیروان تەنها بۆ کاری تایپو وەرگێڕانو ئەوانەیە، بەڵام وا نەبوو و پاشئەوەی من لەنێوان 10 کەسدا وەرگیرامو دواتر پڕۆژەی «یەکەم هاوڕێکان»مان دەستپێکرد.
شارپرێس: لەسەر پڕۆژەی «یەکەم هاوڕێکان» زیاتر قسەمان بۆ بکە، بزانین چییەو لەچى پێكهاتوه؟
سارا: پاكێجى «یەکەم هاوڕێکان» سێ کتێبی فێرکاریی زمانی کوردییە بۆ منداڵان کە هەر کامیان فایلی دەنگیی خۆی لەگەڵدایە.
کتێبەکان دوو بەشن: یەکەم بەشی وانەکانە کە لە10 بەش پێکهاتوەو بەشی دوەم ڕاهێنانی ئەو وانانەیە. کاری ناوەڕۆکو گرافیکو وێنەکانی نێو کتێبەکە هەموی سەرلەنوێ بهگوێرهى فەرهەنگی خۆمان داڕێژراونەوە.
ئەم پاکێجە بۆ منداڵانی تەمەن سێ تا حەوت ساڵەو لەسەر ستانداردی پاكێجى (First Friend)ی زانکۆی ئۆکسفۆرد دروستکراوە، ئامانجی ئەم کتێبانە ئەوەبوە کە منداڵ پێشئەوەی بڕواتە قوتابخانەو بخرێتە بەر فێرکاریی زمانێکی تر، بەزمانی دایکی خۆی ڕابێتو پەروەردەبێت.
شارپرێس: تائێستا پێشوازیی خەڵک لەسەر ئەم پاكێجه چۆن بوە؟
سارا: لەڕاستیدا پێشوازیی خەڵک لاواز بوەو ئەو جۆرەی کە ئێمە چاوەڕوانبوین نەبوو، بۆ پاکێجێکی فێرکاری منداڵ کە تائەو ئاستە کار لەسەر پەروەردەو فێرکاریی منداڵ بکات، چاوەڕوانیی پێشوازییەکی زیاترمان هەبوو و پێمانوابوو کە خەڵک زیاتر بەدەم پڕۆژەکەوەبێن.
پێشوازیی خەڵک بەگشتیی خراپ نەبوو، بەڵام باشیش نەبوو، پاکێجەکە باش ناسێندراوەو زۆربەی خەڵک دەیناسێت، بەڵام کەمتر بۆ منداڵانیان دەکڕنو دێن بۆ پۆلەکان.
شارپرێس: لەلاپەڕەکەتدا کتێبو فیلم بەزمانی کوردی بەخەڵک دەناسێنێ، پێوەری تۆ بۆ هەڵبژاردنی ئەم دوو کەرەستە بۆ ڕاگەیاندن چی بوە؟
سارا: من هەر لەئەزەلەوە حەزم لەکتێبو فیلم بوەو حەزم لێیە کە کتێبێکم خوێندەوە یان فیلمێکم بینی، پاشان بیناسێنم بەخەڵک کە خەڵکیش بیخوێنێتەوەو بیبینێتو ئەو چێژەی کە من لەو کتێبو فیلمانەم وەرگرتوە، ئەوانیش لێی وەربگرن.
پێموایە کە خەڵک تامەزرۆی ئەوەیە کتێب بخوێنێتەوە، بەڵام کەس نییە بەتەواوی بیانناسێنێت، بۆیە منیش هەوڵمدا ئەوکارە بکەمو بتوانم بەشێوازێکی باش ئەو ئیشە ڕاپەڕێنم، بۆ کتێبەکان زیاتر ڕۆمانم ناساندوە، لەبەرئەوەی ڕۆمان ژانرێکی یەکجار خۆشو نوێیەو هەموو بابەتێک لەخۆدەگرێتو مرۆڤ لەگەڵ بابەتگەلێک وەکو دەرونناسی، فەلسەفە، مێژوو و زۆر بابەتی تر ڕوبەڕوو دەکاتەوەو هەروەها بابەتی سەختترو پسپۆڕانەتر بۆ چوارچێوەو پلەتفۆڕِمی ئینیستاگرام ئەگەری هەیە بەباشی وەڵامدەرنەبێت، چونکە بەردەنگی تایبەت بەخۆیان هەیە، بەڵام ژانری چیرۆکو ڕۆمانو بیرەوەری زۆر بەئاسانی بەردەنگ دەتوانێ پەیوەندییان پێوە بگرێو لەڕێگهی ئەو ژانرانەوە تێکەڵ بەخوێندنەوە بن.
شارپرێس: لەو کتێبو فیلمانەی کە تائێستا لەلاپەڕەکەتدا داتناوە، کامەیان کتێبو فیلمی دڵخوازی تۆن؟
سارا: لەفیلمەکان فیلمی سایکۆ (Psycho) لەدەرهێنانی ئەلفرێد هیچکاک، زۆر لەلام تایبەتە، چونکە یەک دونیا بابەتی گرینگی تێدایەو لەبواری دەرونناسییەوە زۆر بەهێزە، بۆ کتێبیش هەڵبژاردنی یەکێکیان سەختە، چونکە دوو کتێبی زۆر خۆشەویستم تێدا ناساندوە.
یەکێکیان کتێبی «چاوشینەکەی دەرسیم»و ئەوی دی ڕۆمانی «شاماران»ه، کتێبی «چاوشینەکانی دەرسیم» زۆر جوان توانیویە بتباتە شۆڕشەکەی شێخ ڕەزای دەرسیمو ئەو ئازارانەوە هەروەها پیاسەیەکی زۆر جوانیشت پێدەکات لەنێو شەقامەکانی دەرسیمو باکوردا، نەبەز گۆران یەکێک لەو نوسەرە بەهێزانەی سەردەمە کە مێژوو و کەسایەتییە گرنگەکان لەچوارچێوەی ڕۆماندا جارێکی دیکە بۆمان دەنوێنێتەوە.
ڕۆمانی «شاماران»یش لەبەرئەوەی بەچەندین زاراوەی کوردی نوسراوەو چوارچێوەیەکی تایبەتی هەیەو ئوستورەیەکی ناوازەی کوردەواری لەقاڵبی ڕۆمانێکدا داڕشتوە.
شارپرێس: لەڕۆژی زمانی كوردى پەیامی تۆ وەکو مامۆستایەکی ئەم زمانە بۆ کوردزمانان چییە؟
سارا: پەیامی من ئەوەیە کە گرنگیدان بەزمانی کوردی تەنها لەم ڕۆژەدا نەبێت، بەڵکو هەموو ڕۆژێک لەلایان ڕۆژی زمانی کوردی بێت.
بەداخەوە زۆربەی خەڵک بەشێوەیەکی هەڵەو سەقەت ستۆری پیرۆزبایی ئەم ڕۆژە دادەنێت، بۆ نمونە دێن بەزمانێکی بیانی وەکو فارسی یان بە ڕێنوسی فارسی پیرۆزبایی ڕۆژی زمانی کوردی دەکەن، ئەمجۆرە کارانە زیاتر وەکو ڕەوتێکی چاولێکەری سەیر دەکرێت.
ئەمە حاشاهەڵنەگرە کە دەبێت هەمومان دەست لەنێو دەستی یەک بۆ گەشانەوەی زمانی دایکی کە ئامانجێکی پیرۆزە هەوڵبدەین، لەبەرئەوەی تاکە چەکو خاڵی گرنگی مانەوەی ئێمە لەئێستادا تەنها زمانە.
پێویستە هەوڵی ئێمەش تەنها لەبواری ڕێنوسو ڕێزمانو ئەدەبیاتو ئەمانەوە نەبێت، بەڵکو ئەبێ لەبواری زانستیشەوە چالاک بین، لەم سەردەمەدا زانست قسەی یەکەم دەکاتو زۆر گرنگە؛ ڕێنوسو ئەوانە لەجێگهی خۆیان گرنگن، بەڵام گرنگ ئەوەیە کە تۆ زمان بهێنیتە نێو زانستەوە.
شارپرێس: تۆ ئهوهت كردوه؟
سارا: من وەکو مامۆستایەکی زمانی کوردی چاوەڕێی ئەوە دەکەم کە خەڵک بەتایبەت گەورەساڵان منداڵەکانیان زۆر هانبدەن کە زیاترو زیاتر بەرەو زمانی دایکو زمانى كوردى خۆیان هانبدرێنو دایکو باوکەکان بتوانن منداڵەکانیان بەشێوازێکی ڕێکو پێک لەسەر بنەمای زمانی دایکی پەروەردە بکەن.