شارپرێس:
مامۆستا عەلی باپیر سەرۆکی کۆمەڵی دادگەریی بەنیازە لەکۆنگرەی پێنجەمی حزبەکەیدا لەسەرۆکایەتی کۆمەڵی دادگەریی بکشێتەوەو خۆی بۆ سەرۆکایەتی حزبەکەی کاندید نەکاتەوە، شارپرێس زانیویەتی ئەگەرچی ئەو بابەتە لەنێو ئۆرگانەکانی کۆمەڵدا بابەتێکی گەرمو زۆر جێگهى گفتوگۆیە بەڵام تائێستا هیچ کەس خۆی وەک جێگرەوەی نەناساندوەو کەس ڕاینەگەیاندوە بەتهمای سەرۆکایەتی بێت.
بهگوێرهى ئەو زانیاریانەی لەسەرچاوەی تایبەتەوە دەست شارپرێس کەوتون، مامۆستا عەلی باپیر ئەمیری کۆمەڵی دادگەریی بەنیازە لەکۆنگرەی پێنجەمی حزبەکەیدا خۆی بۆ سەرۆکایەتی کاندید نەکاتەوەو ئەگەر داواشی لێبکرێت جارێکی تر ببێتەوە بەسەرۆکی حزبەکەی، ئەوا داواکە ڕەتبکاتەوەو وەک خۆی وتویەتی، "دەیەوێت ئەو ژیانەی ماویەتی بۆ بواری کۆمەڵایەتیو نوسینو بابەتە شەرعییەکانی تەرخانبکات".
سەرچاوەیەکی باڵا لەسەرکردایەتی کۆمەڵی دادگەرییەوە بەشارپرێسی وت:"ئەو بابەتە لەنێو بەشێک لەئۆرگانەکانی حزبەکەیدا باسدەکرێتو مامۆستا عەلی باپیر لەچەند بۆنەیەکو لای چەند کەسێک ئەو نیازەی خستوهتەڕوو، بەڵام تائێستا بەفەرمی هیچ بابەتێك لەکۆبونەوەکان باسنەکراوەو هیچ کەسیش تائێستا ئامادەیی دەرنەبڕیوە بۆ جێگرتنەوەی سەرۆکی ئێستای کۆمەڵ".
بەوتەی سەرچاوەکەی شارپرێس، مامۆستا عەلی باپیر کە ماوەیەکی زۆرە لەچاوی کامێراکان دورکەوتوهتەوەو بەشێکی زۆری دەسەڵاتەکانیشی بەئۆرگانەکانی حزبەکەی بەخشیوە، پێیوایە، ئیدی دەبێت بچێتە دواوەو کەسێکی تر سەرۆکایەتی کۆمەڵ بکات.
زانیاریەکانی شارپرێس باس لەوەدەکەن، مامۆستا عەلی باپیر لەگەڵ چەند کەسێک گفتوگۆی لەسەر ئەم بابەتە کردوەو وتویەتی، "ئەگەر زۆریش تهکلیف بکرێم، ڕەتیدەکەمەوە سەرۆکایەتی بکەمو پێمباشە لەم قۆناغەدا ئەگەر لەدوریشەوەبێت پشتیوانی کۆمەڵ بکەم نەک سەرۆکایەتی ڕاستەوخۆی ئۆرگانەکانی حزب".
بڕیارە کۆمەڵی دادگەریی لەمانگی تەمموزی ئەمساڵ کۆنگرەی پێنجەمی خۆی ببەستێتو هەموو ئامادەکارییەکان تەواوکراونو ئەندامانی کۆنگرە دیاریکراونو کۆنفرانسە ناوخۆییەکان بەڕێوەدەچن وەک هەنگاوی یەکەمی کۆنگرە، لەسەرەتای دامەزراندنیەوە تائێستا مامۆستا عەلی باپیر سەرۆکو ئەمیری کۆمەڵی دادگەرییە.
پێشتر ناوی حزبەکە کۆمەڵی ئیسلامی کوردستانی عێراق بوو، لەکۆنگرەی چوارەم ناوەکەی گۆدردا بەکۆمەڵی دادگەرییو ئەمەش ناڕەزایی بەشێکی زۆر لەڕەوتە سەلەفیەکەی نێو کۆمەڵی بەدواداهاتو تائێستاش ئەو ڕەوتە لەهەوڵدان بۆ ئەوەی جارێکی تر پاشگری ئیسلامی بۆ حزبەکەیان بگێڕنەوەو وەک سەرچاوەکانی شارپرێس ئاماژەیان پێکرد، "کۆمەڵ بگێرنەوە بۆ سەر ڕێڕەوە ئیسلامییە ڕەسەنەکەی خۆی".
هـ ـ ع