شارپرێس:
بومەلەرزەیەکی بەهێز بەگوڕی 8.8 پلە بەپێوەری ڕێختەر، نیمچە دورگەی کامچاتکای لەڕۆژهەڵاتی دوری ڕوسیا هەژاند کە بوە هۆی دروستبونی شەپۆلی زۆر گەورەی تسونامی بەبەرزی نزیکەی پێنج مەترو وایلێکرد فەرمانی چۆڵکردنی بەرفراوان لەناوچە جیاوازەکانی زەریای هێمن، بەتایبەتی ویلایەتی هاوایی ئەمریکاو ژاپۆن، دەربکرێت.
بومەلەرزەکە لەقوڵایی 19.3 کیلۆمەتر نزیک شاری پترۆپاڤلۆڤسک-کامچاتسکی ڕویدا کە نزیکەی 165 هەزار کەس تێیدا نیشتەجێن.
بهگوێرهى قسەی دەسەڵاتدارانی ڕوسیا، بومەلەرزەکە زیانی مادی بەچەندین بینا گەیاندوەو بوەته هۆی برینداربونی ژمارەیەک کەس، جگە لەداپۆشینی چەند ناوچەیەک بەشەپۆلی دەریاو ژێرئاوکەوتنی بەشێک لەبەندەرێکو کارگەیەکی ماسی لەشارۆچکەی سیڤێرۆ کوریلسک.
پارێزگاری کامچاتکا بومەلەرزەکەی بەبەهێزترین بومەلەرز لەناوچەکەدا لەساڵی 1952وە وەسفکرد.
لەهاوای، دەسەڵاتداران هۆشدارییان لەشەپۆلی وێرانکەرداو داوایان لەدانیشتوان کرد بچنە ناوچە بەرزەکان، هەروەک گەشتە ئاسمانییەکانی دورگەی ماوی هەڵوەشێندرانەوە، شەپۆلەکان بەبەرزی 1.7 مەتر لەدورگەکان تۆمارکران.
لەژاپۆن، زەنگەکانی ئاگادارکردنەوە لەناوچە کەنارییەکان لێدرانو دەسەڵاتداران فەرمانیان بەچۆڵکردنی دەیان هەزار دانیشتوو کرد، هەروەک وێستگەی ئەتۆمی فۆکوشیما چۆڵکراو کۆمپانیای نیسانیش ڕایگەیاند، کارکردنی لەهەندێک لەکارگەکانی ڕاگرتوە بۆ پاراستنی سەلامەتی کارمەندان.
جگەلەوەی سێ شەپۆلی تسونامی تۆمارکران، کە گەورەترینیان بەرزییەکەی 1.3 مەتر بوو، چۆڵکردنەکەش بوە هۆی گیانلەدەستدانی ژنێک.
کامچاتکاو ڕۆژهەڵاتی دوری ڕوسیا لەسەر ئەڵقەی ئاگری زەریای هێمن هەڵکەوتون کە ناوچەیەکی چالاکە لەڕوی جیۆلۆجییەوەو ئەگەری توشبونیان بەبومەلەرزەی گەورەو تەقینەوەی گڕکانەکان هەیە.
