شارپرێس:
حهیدهر عهبادى داوادهكات كێشه بۆ موچهى فهرمانبهرانى ههرێم دروستنهكرێت، ڕاشیدهگهیهنێت، "پێویستدەکات بەغداو هەولێر پابەندی ڕێککەوتنە داراییەکەی نێوانیان بن".
حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی پێشوتری عێراق لەکۆبونەوەیدا لەگەڵ بەشێک لەچاودێرو ڕۆژنامەنوسان ڕایگهیاند، "ئەگەر قەیرانی موچەی فەرمانبەرانى ههرێم بەشێوەیەکی بنەڕەتی چارەسەرنەکرێت، بەبەردەوامی کێشەی موچە سەرهەڵدەداتەوە، چارەسەر بۆ ئەو بابەتەش پابەندبونی ههولێرو بهغدایه بەڕێککەوتنەکەی نێوانیان".
عەبادی کە بایکۆتی هەڵبژاردنەکەی تشرینی دوەمی ئەمساڵی کردوە، گومانی لەپاکو بێگەردی هەڵبژاردنەکە هەیەو دەڵێت، "هەرچەندە هەڵبژاردنەکە دواناخرێتو لەکاتی خۆیدا دەکرێت، بەڵام دەکرێت یاری بەبەشێک لەئامادەکارییو دەرئەنجامەکانی بکرێت".
ئاشکراشیدەکات، "ڕەوتی سەدر لەکۆتا ساتەکاندا پرسیاری گریمانەیی خۆتۆمارکردنی بۆ هەڵبژاردن لەکۆمسیۆن کردوە، بەڵام ئەوکاتە وادەی خۆتۆمارکردن کۆتاییهاتبوو".
سەبارەت بەدۆسیەی ئاو، عەبادی هۆشداریداوهو وتویهتى، "باوەڕم وایە مەترسی کەمئاوی لەعێراقدا بونى نییە، بەڵام پێویستە بەهەدەردانی کۆنتڕۆڵ بکرێت، چونكه بەگوێرەی توێژینەوە نێودەوڵەتییەکانو بەهۆکاری گۆڕانی کەشوهەواو بەنداوەکانی وڵاتانی دراوسێ، لەدوو دەیەی داهاتودا 88%ی خاکی عێراق دەبێتە بیابان".
بهبۆچونى عهبادى، "مەترسی گەورەی ئەمنیی لەسەر عێراق ههیه، گریمانەی سەرهەڵدانەوەی شەڕ نییە لەنێوان ئێرانو ئیسرائیل، بەڵکو بەرەی سوریا مەترسیدارترینە، ئەویش بەهۆی مەترسییەکان لەبارەی گەڕانەوەی تیرۆر بۆ عێراق لەو بەرەیەوە".
