جێگرەکەی پۆتن گاڵتە بەترەمپ دەکات و ترەمپيش وەڵامێکی توندی دەداتەوە

جیهان

31/07/2025‌ 2829 جار خوێندراوه‌ته‌وه


شارپرێس:

دمیتری مێدڤێدێڤ، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی ئاسایشی روسیا و سەرۆکی پێشوی ئەو وڵاتە، وەڵامی هۆشدارییەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی  ئەمریکای دایەوە و داوای لێکرد لەکاتی قسەکاندا وشەکانی هەڵبژێرێت و نەچێتە ناوچەی مەترسیدارەوە.

مێدڤیدێڤ لە پلاتفۆرمی تێلێگرام جەختی لەوەکردۆتەوە کە لێدوانە توڕەییەکەی پشتڕاستی دەکاتەوە کە ڕوسیا لەسەر حەقە  و لەسەر ڕێگای ڕاستە.

لەبەشێکی پۆستەکەیدا دەڵێت: سەبارەت بەو هەڕەشانەی کە ترەمپ لە ڕێگەی پلاتفۆرمی "تروس سۆشیاڵ" ئاراستەی کرد، ئەگەر قسەکانی سەرۆکی پێشوی ڕوسیا کاردانەوەی ئەوەندە توڕەیی لەلای سەرۆکی بەهێزی ئەمریکا دروست کردبێت، ئەوە مانای ئەوەیە کە ڕوسیا ڕاست دەکات و لەسەر ئەو ڕێگا ڕاستەیە کە بۆ خۆی هەڵیبژاردووە.

هەروەک دەڵێت:" سەبارەت بە ئابوری پیاوە مردووەکان لە ڕوسیاو هیندستان، و نزیکبونەوەی من لە خاکە ترسناکەکە، با ترەمپ فیلمە دڵخوازە زۆمبییەکانی بەبیر بێنێتەوە کە  چۆن دەستی پیاوی مردوو دەتوانێ ترسناک بێت".

لەبەرامبەردا ترەمپ لە تۆڕی کۆمەڵایەتی خۆی نوسیبووی: "بە مێدڤێدێڤ بڵێ سەرۆکی پێشوی شکستخواردووی ڕوسیا کە پێی وایە هێشتا سەرۆکە، ئاگاداری قسەکانی بێت. ئەو دەچێتە ناوچەیەکی زۆر مەترسیدار!'


سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند، پێویستە سەرۆکی پێشوی روسیا ئاگاداری گوتەکانی بێت لەبەر ئەوەی ئەو چیدیکە سەرۆک نییە و دەچێتە ناوچەی مەترسیدار.

هەروەها ئەمڕۆ پێنجشەممە 31ـی تەموز، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا هۆشدارییەکی ئاڕاستەی دیمیتری مێدڤێدێڤ سەرۆکی پێشوی ڕوسیا و جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی ئاسایشی ڕوسیا کرد و داوای کرد "ئاگاداری قسەکانی بێت".

ترەمپ لە پلاتفۆرمی "تروس سۆشیاڵ" نووسیویەتی: "بە مێدڤێدێڤ سەرۆکی پێشوی شکستخواردووی ڕوسیا، کە پێی وایە هێشتا سەرۆکە بڵێن با ئاگاداری قسەکانی بێت؛ ئەو دەچێتە ناوچەیەکی زۆر مەترسیدار".

لە چەند رۆژی رابردووشدا دیمیتری مێدڤێدێڤ رەخنەی توندی لە سیاسەتی ترەمپ گرت و وتی: "ترەمپ نازانێ لەگەڵ کێ مامەڵە دەکات، ئێمە ئێران نین لەژێر هەڕەشەدا شەڕ رابگرین".

سەرۆکی پێشوی روسیا ئەم گوتانەی لەسەر بڕیارەکەی ترەمپ بوو کە سەرەتا ماوەی 50 رۆژی مۆڵەت دابوو بە روسیا بۆ راگرتنی شەڕ لەگەڵ ئۆکرانیا و دواتر ماوەکەی کورت کردەوە بۆ 10 رۆژ.

دیمیتری مێدڤێدێڤ وتبووی، با ترەمپ ئەوەی جوان لە بیر بێت، روسیا نە ئێرانە و نە ئیسرائیلە، بەکارهێنانی هێز لەگەڵ روسیا بێ ئەنجامە، ئەوەی ترەمپ دەیکات راگەیاندنی جەنگە.

سەرۆکی پێشوی روسیا سەبارەت بە سەپاندنی باجی گومرکی بەسەر وڵاتەکەیدا ڕەخنەی لە ترەمپ گرت و  لێدوانەکانی ترەمپی بە "نمایش" وەسف کرد و وتی ڕوسیا گرنگییان پێ نادات.