شارپرێس:
ڕاپرسییەک کە لەلایەن پلاتفۆرمی پاریسیی تایبەت بە
کاروباری ئەوروپا، "لو گران کۆنتینێنت" (Le
Grand Continent) ئەنجامدراوە و 9 وڵاتی ئەوروپای گرتووەتەوە،
دەریخستووە کە 48%ی دانیشتووانی ئەو 9 وڵاتە بە ئاشکرا ترەمپ بە دوژمن دەزانن.
ئەم ڕێژەیە لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی تر جیاوازە، بەجۆرێک
کە لە بەلجیکا دەگاتە 62%، لە فەڕەنسا 57%، لە کڕۆاتیا 37%، و لە پۆڵەندا کەمترینە
بە 19%. سەرەڕای ئەم تێڕوانینە، ئەوروپییەکان هێشتا پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ویلایەتە
یەکگرتووەکان بە گرنگییەکی ستراتیژی دەبینن؛ کاتێک پرسیاریان لێکرا سەبارەت بە هەڵوێستی
یەکێتیی ئەوروپا بەرامبەر حکومەتی ئەمریکا، باوترین بژاردە بریتی بوو لە سازان ولێکتێگەیشتن،
بە ڕێژەی 48%.
هەروەک، ڕاپرسییەکە کە لە فەڕەنسا، ئیتاڵیا، ئیسپانیا، ئەڵمانیا،
پۆڵەندا، پورتوگال، کڕۆاتیا، بەلجیکا و هۆڵەندا ئەنجامدراوە، ئەوەی دەرخستووە کە زۆرینەیەکی
ڕێژەیی (51%) پێیان وایە کە مەترسیی هەڵگیرسانی جەنگی کراوە لەگەڵ ڕووسیا لە ساڵانی
داهاتوودا زۆرە، و بەپێی بۆچوونی 18%ی بەشداربووان، ئەم مەترسییە زۆر زۆرە.
لە سەرنجێکدا، لەسەر
ئەنجامەکانی ڕاپرسییەکە، ژان ئیڤ دورماگن، پڕۆفیسۆری زانستە سیاسییەکان و دامەزرێنەری
ئاژانسی ڕاپرسی "کلاستەر17"، ڕایگەیاند: "ئەوروپا نەک تەنها ڕووبەڕووی
مەترسییەکی زیاتر بۆتەوە، بەڵکوو گۆڕانکاری بەسەر ژینگەی مێژوویی و جیۆپۆلەتیکییەکەیدا
دێت. وێنە گشتییەکەی لێکۆڵینەوەکە نیشانی دەدات کە ئەوروپا نیگەرانە، بەتەواوی
ئاگاداری لاوازییەکانیەتی و هەوڵدەدات تێڕوانینێکی ئەرێنی بۆ داهاتوو بپارێزێت."
دورماگن ڕوونیشیکردۆتەوە کە ئەنجامێکی لەم جۆرە "چەند
ساڵێک لەمەوبەر بە مێشکدا نەدەهات"، و ئاماژە بە گۆڕانکارییەک دەکات لە ڕای
گشتیی ئەوروپیدا بەرەو سیستەمێکی جیۆپۆلەتیکی نوێ، کە تێیدا ئەگەری ڕوودانی ململانێیەکی
ڕاستەوخۆ لە کیشوەرەکەدا بە فراوانی پەسەندکراوە.
ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی