شارپرێس:
ئەگەرچی بەردەوام باس لە کەمبوونەوەی توانای داعش لە سووریا دەکرێت، بەڵام ڕاپۆرتێك ئاماژە بەوەدهكات، ئەو ڕێکخراوە هێشتا خاوەنی توانایەکە کە مەترسی لەسەر سورییەکان دروستدەکات، بەتایبەتی داعش سودی لەمەیلی جیهادی ئیدارەی نوێو بونی گروپە توندڕەوەکان لەناوەندە سەرەکییەکانی دەوڵەتو سوپاو ئاسایش وەرگرتوە، ژینگەیەکی لەبارى ههیه بۆ گەشەکردنی بیری داعشیو بەکارهێنانی زیاتری گەنجان.
ڕاپۆرتێكى نوێی سەنتەری ئەوروپی بۆ لێکۆڵینەوەی دژە تیرۆرو هەواڵگریی ئاماژەی بەوەکردوە، داعش دوو ههزارو 500 بۆ سێ ههزار چەکداری هەیە، لەگروپی بچوکی کەمتر لە 10 کەس چالاکن، جگە لەهەزاران لایەنگر لەناو تۆڕە خێڵەکییەکان یان کەمپەکانی پەنابەران.
باسی لەوەشکردوە، چالاکییەکانی داعش لەنێوان حوزەیرانو تشرینی یەکەمی 2025 بەشێوەیەکی بەرچاو زیادیکردوە، بەتایبەتی لەدەوروبەری دێرەزۆر.
ئهوهش ڕونكراوهتهوه، بونی داعش تەنها لەشێوەی شانە نادیارەکان نییە، بەڵکو بەئاشکرا لەشارو گەڕەکو بازاڕەکان دەردەکەون، بەوەی چەکدارەکانیان بەجلی ناسراوی خۆیانەوە دەسوڕێنەوەو بانگەشە بۆ بیری جیهادی دەکەن، بەڕادەیەک لەبازاڕەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی کاتیی سوریا، هێماو ئاڵاکانی داعش بەئاشکرا دەفرۆشرێنو لەناو دوکانەکاندا گۆرانیو وتاری جیهادی بڵاودەکرێتەوە.
ئەوەش هاتوە، لەدیاردەیەکی مەترسیداردا، داعش لەناو قوتابخانەکاندا دەستیکردوە بەبڵاوکردنەوەی بیری توندڕەوییو فێرکردنی دروشمی ئایینی توندڕەو بەقوتابیان.
سەرچاوەکان باس لەوەدەکەن، چەکدارانی داعش کۆنتڕۆڵی شێوازی ژیانی سورییەکان دەکەن، بەسەپاندنی فێرکارییو جلوبەرگی دیاریکراو بەسەر ژنو پیاواندا.
توێژینەوەکە ئاماژە بەوەدەکات، مەترسیدارترین دیاردە بریتییە لەبونی گروپە توندڕەوەکان لەناو یەکە سەربازییو ئەمنییەکانی سوریا، کە بوەتە هۆی تێکهەڵچونی چەکدارانی داعش لەگەڵیاندا، ئەمەش لەڕوداوەکانی ناوچە کەناراوەکانی سوریاو دواتر لەسوەیدا بەدیکرا، کە تێیدا چەکدارانی داعش لەگەڵ سوپاو هێزە ئەمنییەکان بەشداربون لەشەڕو کوشتنی مەیدانی.
لەکۆتاییدا ڕاپۆرتهكهدا دەڵێت، "تێکرای ئەم دۆخە ئاماژەیه بۆ ئهوهى، حکومەتی کاتیی ئەو ناوچانە دەکاتە ژینگەیەکی لەبار بۆ جموجوڵو زیندوبونەوەی داعشو بڵاوکردنەوەی بیری جیهادیی".
