شارپرێس:
لەگەڵ پەرەسەندنی
گرژییەکانی نێوان تارانو بەرەی ڕۆژئاوا، جارێکی دیكه پرسی پارتە ئۆپۆزسیۆنەکانی ڕۆژهەڵاتی
کوردستان کەوتوەتە ناو جەرگەی باسوخواسە سیاسییەکان، لەکاتێکدا میدیا جیهانییەکانی
وەک CNNو Axios باس لەپەیوەندیی واشنتۆنو سەرکردایەتیی
کورد دەکەن، پرسیارە جەوهەرییەکە ئەوەیە: ئایا ڕۆژههڵاتى کوردستان دەبێتە دەروازەی
جەنگێکی زەمینی؟
لەگۆڕانکارییەکی
بێوێنەدا، شهش پارتی سەرەکیی ڕۆژهەڵات (حدكا، کۆمەڵەكان، پاک، پژاکو خەبات) لە 22ی
شوباتی 2026دا هاوپەیمانی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێرانیان ڕاگەیاند، ئەو هەنگاوە
وەک پەیامێکی ڕون لێکدەدرێتەوە بۆ تارانو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کە کورد بەیەکدەنگو
یەک ستراتیژەوە ئامادەی گۆڕانکارییەکانە.
ترەمپو کارتی
کورد.. پاڵپشتی یان مانۆڕ؟
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی
ئەمریکا لەلێدوانەکانیدا مەیلی خۆی بۆ هێرشی ئەم پارتانە بۆ سەر سوپای پاسداران نیشان
دهداو ههندێك كاتیش لێى پاشگهزدهبێتهوه، ههندێك كات بە"کارێکی مەزنو
ناوازه" وەسفیکرد، بهڵام دواتر لەبەر ئاڵۆزیی دۆخەکە پاشەکشەی لێکرد، شارەزایانیش
پێیانوایە، واشنتۆن هێشتا بەدوای هێزێکی ڕاهێنراوی سەر زەویدا دەگەڕێت کە بتوانێت
هاوسەنگییەکان بگۆڕێتو پارتە کوردییەکانیش بەهۆی ئەزمونی جەنگی داعشو ناسینی
جوگرافیای ناوچەکە، گونجاوترین بژاردەن.
تۆمەتی جوداخوازی؛
چەکی تاران بۆ سڕینەوەی مافەکان
یەکێک لەکێشە هەرە
گەورەکان، ئەو پڕوپاگەندەیە کە تاران بەکاریدەهێنێت، کۆماری ئیسلامی هەمیشە ئەو
پارتانە بە(جوداخواز) ناودەبات بۆ ئەوەی شەرعیەتی نێودەوڵەتییان لێ بسەنێتەوە، بەڵام
د.کامەران مەتین مامۆستای پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان جەختدەکاتەوە، زۆربەی ئەو پارتانە
داوای سیستمێکی فیدراڵیو دیموکرات دەکەن لەچوارچێوەی ئێرانی ئێستادا، ئەوان نایانەوێت
وڵات پارچە بکەن، بەڵکو دەیانەوێت ناسنامەی نەتەوەییو مافە سیاسییەکانیان بچەسپێنن.
هەرێمی
کوردستان.. قوربانیی یەکەمی گرژییەکان
لەکاتێکدا ئەم
پارتانە لەسەر زەوی دەجوڵێن، هەرێمی کوردستان باجە قورسەکە دەدات، کەمپی ئاوارە سیاسییەکان
لەکۆیەو زڕگوێزو کەرکوکو خهلیفان، بەردەوام لەژێر هەڕەشەی موشەکو درۆنەکانی
سوپای پاسداراندان، تاران دەیەوێت بەم فشارانە، هەرێمی کوردستان ناچاربکات دەستبەرداری
هاوکاریکردنی ئۆپۆزسیۆنی کوردی بێت.
جەنگ یان دیپلۆماسی؟
هێشتا ڕون نییە
ئایا ئەمریکاو ئیسرائیل گڵۆپى سەوز بۆ جەنگی زەمینی کورد بەرەو ناوخۆی ئێران هەڵدەکەن
یان نا، بەڵام ئەوەی ڕونە، پارتە کوردییەکان ئێستا لەهەموو کاتێک ڕێکخراوترنو چیتر
وەک هێزێکی پەراوێزخراو تەماشاناکرێن، بەڵکو کلیلی گۆڕانکارییە گەورەکان لەتاران،
لەچیاکانی کوردستانەوە دەستپێدەکات.
کوردستان لەبەردەم
تاقیکردنەوەیەکی مێژوییدایە، لەنێوان بەرداشی موشەکەکانی تارانو بەڵێنە نادیارەکانی
ڕۆژئاوا، هێزهكانى ڕۆژههڵاتى كوردستان چاوەڕێی ساتەوەختێک دەکهن کە ڕەنگە جارێکی
دیكه مێژوو بەخوێن بنوسێتەوە.
