ئەمریکا بەکارهێنانی دژەموشەک لەهەولێر کەمدەکاتەوەو زۆنی بەرگریی بەرتەرسکدەکاتەوە

کوردستان

1 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 3863 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەپێشهاتێکی نوێدا، هێزەکانی ئەمریکا لەهەرێمی کوردستان‌و بەتایبەت لەپارێزگای هەولێر، بەکارهێنانی سیستمی بەرگریی‌و دژەموشەک کەمدەکەنەوەو زۆنی تێکشاندنی موشەک‌و درۆنەکان بچوکتر دەکەنەوە، سەرچاوەیەکیش بۆ شارپرێس زانیاریی ورد له‌وباره‌یه‌وه‌ دەخاتەڕوو.


به‌گوێره‌ى ئەو بەدواداچونانەی شارپرێس ئه‌نجامیداوه‌ بۆ ئەو ژمارە درۆن‌و موشەکەی کە لەدوو شەوی ڕابردودا لەناوچە جیاوازەکانی کوردستان بەگشتیی‌و سنوری هەولێر بەتایبەتی کردویەتی کە دەکەونە خوارەوەو بەشێکیان زیانی گەورە بەشوێنی کەوتنە خوارەوەکەیان دەگەیەنن، زانیاری ئەوەی دەستکەوتوە، هێزی بەرگریی ئاسمانیی کونسوڵخانەی ئەمریکاو فرۆکەخانەی هەولێر کە لەلایەن ئەمریکیەکانەوە بەڕێوەدەبرێت، ژمارەی بەکارهێنانی سیستمی بەرگریی‌و سنوری بەکارهێنانی دژەموشەکیان بەرتەسککردوه‌تەوە.

زانیاریه‌كان باس له‌وه‌ده‌كه‌ن، بەجۆرێک به‌ته‌سككراوه‌ته‌وه‌، ئێستا هەر هێرشێک کە دڵنیانەبن ڕاستەوخۆ کونسوڵخانەو هێزەکانی ئەمریکا ئامانجی درۆن‌و موشەکەکانن، سیستمەکە بەکارناخەن‌و موشەک‌و درۆنەکە لەئاسماندا ناتەقێننەوەو دەکەوێتە خوارەوەو ئامانجەکەی دەپێکێت.

لەسەرەتای هێرشەکانی سەر هەرێمی کوردستانەوە لەتەواوی سنوری پارێزگای هەولێرو بگرە تا دەگاتە سنوری قەزای کۆیەش، سیستمی دژەموشەک‌و بەرگریی هێزەکانی ئامریکا بەشێوەیەکی بەربڵاو کارابوو، هەر هێرشێکی درۆنی‌و موشەکی دەکرایەسەر هەولێرو دەوروبەری، لەلایەن ڕادارەکانی سیستمی بەرگریی کونسوڵخانەوە دەتەقێنرانەوەو بێ زیان دەکەوتنە خوارەوەو ئاراستەی کەوتنەکەی دەگۆڕا لەگەڵ ئامانجەکەی خۆی.

بەڵام ئەوەی لەدوو شەوی ڕابردودا لەشاری هەولێرو دەوروبەری بەدیدەکرێت، پێچەوانەی ئەو سەرەتایەیەو ژمارەیەکی زۆر موشەک لەناوچەکانی نزیک بەکونسوڵخانەی ئەمریکاو فرۆکەخانەش دەکەونە خوارەوەو هیچ سیتمێکی بەرگریی‌و دژەموشەکی بۆ بەکارنایەت، بەجۆرێک بەشێک لەهێرشەکان چەند سەد مەترێکیش لەئەمریکیەکانەوە دورن.

دوو ڕۆژ پێش ئێستا کونسوڵخانەی ئیمارات کە چەند سەد مەترێک لەکونسوڵخانەی ئەمریکاوە دورەو لەسەر ڕێگەی پیرمامە، بەدرۆن هێرشیکرایەسەرو سیستمی بەرگریی ئەمریکاش هیچ کاردانەوەیەکی بۆ خستنەخوارەوەی نەبوو، لەلایەکی دیكه‌وه‌ درۆن لەئوتێلێکی نزیک لەناوچەکە کەوتەخوارەوەو جارێکی دیكه‌ دژەموشەکەکان هیچ کاردانەوەیەکیان نەنواند.

شارپرێش بەدواداچونی بۆ ئەم بابەتەکردو سەرچاوەیەکی ئەمنیی ئەوەی پشتڕاستکردەوە، "بەڵێ هەستدەکرێت‌و دەبینرێت کونسوڵخانەو هێزەکانی ئەمریکا بەکارهێنانی سیستمەکەو زۆنی بەرگرییەکەیان کەم‌و بچوککردوه‌تەوەو هەر هێرشێک ڕاستەوخۆ ئامانجی خۆیان نەبن، کاردانەوەیان بۆی نابێت".

سەرچاوە ئەمنییەکە ئەوەی بەشارپرێس وت، "لەهەفتەی یەکەمی هێرشەکاندا زۆنێکی فراوان بەدژەموشەکی ئەمریکی دەپارێزرا بەجۆرێک تەواوی ئاسمانی هەولێرو تا دەگاتە نزیک کۆیەش پارێزراوبوو، هیچ درۆنێک ئامانجی نەدەپێکاو تێکدەشکێنرا، بەڵام ئەوەی لەچەند ڕۆژی ڕابردودا بینیومانە پێچەوانەی ئەوەیەو پێدەچێت ئەمریکا بڕیاریدابێت زۆنی کاراکردنی سیستمەکە بچوکبکاتەوە".

سەرچاوە ئەمنییەکەی شارپرێس ئاماژەی بەوەشکرد، "بچوککردنەوەی زۆنی کارکردنی سیستمەکەو کەمکردنەوەی دژەموشەکەکان ڕەنگە کارێکی ئاسایی بێت بۆ ئەمریکا، چونکە ژمارەی هێرشەکان زۆر بوەو شەڕەکەش بەردەوامە، ئەمریکیەکانیش ژمارەیەکی دیاریکراو دژەموشەکیان لەبەردەستە لەناوچەکەو ناکرێت هەموی لەچەند شەوێکدا کۆتایی پێبهێنن‌و دوای ئەوە بکەونەبەر هێرشی درۆن‌و موشەکەکان‌و دەستەوەتان بمێننەوە".

سەرچاوەکەی شارپرێس باسی لەوەشکرد، "ئەگەر سەرنجبدەین لەسەرەتای هێرشەکانەوە زۆنێکی گەورەی بەرگریی لەشەقامی 120 مەترییەوە تا دەگاتە شەقامی 150 مەتریی‌و شەقامی پیرمام‌و گەزنە هەموی کۆنترۆڵکرابوو هیچ درۆنێک نەگەیشتوه‌تە ئاسمانی ئەو زۆنەو نەخرابێتە خوارەوە، بەجۆرێک هەموو دۆنەکان دەتەقێنرانەوە فڕێدەدران بۆ ئەو دیو سنوری گەزنەو مەلاهۆمەرو مەترسیەکانیان دوردەخرایەوە".

ئه‌وه‌شى وت، "بەڵام ئێستا گەڕەکی زێڕین کە تەنها 150 مەتر لەسیاجی کونسوڵخانەی ئەمریکاوە دورە، بەر هێرشی درۆنەکان کەوتوه‌و هیچ سیستمێک کارانەکرا، چونکە نەچوبوە ئاسمانی کونسوڵخانەکەو ئەو زۆنەی کە ئیستا سیستمەکەی لێ کاراکراوە، ئەمەش دەرخەری ئەوەیە کە بەڵێ هێزەکانی ئەمریکا زۆنی بەرگریان بەرتەسککردوه‌تەوەو ژمارەی دژەموشەکەکانیشیان کەمترکردوه‌تەوە".

بەپەلە