ئێران پێشنیازى سه‌رنجڕاكێشى هه‌یه‌و كوردیش وه‌ڵامی ناداته‌وه‌

کوردستان

5 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 19116 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەکاتێکدا تەپڵی شەڕ لەناوچەکەدا بەتوندی لێدەدرێت، کۆماری ئیسلامیی ئێران لەهەنگاوێکی کتوپڕدا، دەرگای سازش‌و ئیمتیازاتی بێ پێشینەی بۆ لایەنە کوردییەکانی ڕۆژهەڵات خستوەتە سەرپشت، به‌گوێره‌ى سەرچاوە میدیاییەکان، تاران پێشنیازی هەناسەدانێکی سیاسیی داوەتە کورد، بەڵام ئەوەی تاران‌و ناوەندە دیپلۆماسییەکانی نیگەرانکردوە، بێدەنگییە کوشندەکەی سەرکردایەتیی کوردە.


زانیارییەکان ئاماژە بەوەدەکەن، ئێران ئامادەیە لەچەند بوارێکی هەستیاردا پاشەکشەبکات، بۆ نمونه‌، کەمکردنەوەی فشاری ئەمنیی لەسەر شارەکانی ڕۆژهەڵات، پێدانی هەندێک مافی کولتوریی‌و ئیداری کە پێشتر وەک هێڵی سور دەبینران، ڕاگرتنی فشاری سەربازیی بۆ سەر بنکەو بارەگاکانیان لەهەرێمی کوردستان.

شارەزایانی سیاسی پێیانوایە، ئەو بێدەنگییەی کورد تاکتیکییەو لەچەند ڕەهەندێکەوە سەرچاوە دەگرێت له‌وانه‌ش، گرەوکردن لەسەر کات، کورد دەزانێت تاران لەژێر فشاری توندی ئیسرائیل‌و ئەمریکادایە، بۆیە هەر وەڵامێکی خێرا دەبێتە کەشتیی ڕزگاریی بۆ ڕژێم، نەک بۆ دۆزی کورد، تەڵەی مێژویی، بۆ ئه‌مه‌ش ئەزمونی دەیان ساڵەی کورد لەگەڵ تاران، ئەوەی سەلماندوە کە سازشەکان کاتین‌و تەنها بۆ تێپەڕاندنی قەیرانەکانن، هه‌روه‌ك باسى فاکتەری نێودەوڵەتیش ده‌كرێت، له‌و ڕوه‌شه‌وه‌ باس له‌وه‌ده‌كرێت، هێزە کوردییەکان نایانەوێت ببنە بەشێک لەیاریی تاران‌و خۆیان لەهاوپەیمانییە نێودەوڵەتییەکان داببڕێنن.

ئەو بێدەنگییەی سەرکردە کوردەکان تاران دەخاتە بەردەم دوو بژاردەی یەکجار قورس، یاخود پێدانی ئیمتیازی زیاتر بۆ ڕازیکردنی کورد، یان گۆڕینی ستراتیژەکە بۆ سەرکوتکردنی توندتر وەک تۆڵەیەک بۆ هاوکارینەکردنیان.